ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قەیس محەمەد/ گەڕانەوەی ئێران و دەركەوتنی نیشانەكانی دۆخێكی تازە لەناوچەكە

 

ڕێككەوتنە ‌ئەتۆمییەكەی ئێران لەگەڵ ئەمریكا تەنیا لایەنی تەكنیكی لەخۆنەگرتووە، بەڵكو وادەردەكەوێت لە هەڵسوكەوتی دەوڵەتان، كە ڕێكەوتن هەبێت لەسەر دۆسییە هەڵواسراوەكانی ناوچەكە لەناویاندا، عێراق و سوریاو یەمەن، تاكو هەموو هێزەكان كۆبكرێنەوە بۆ لێدانی داعش، ئەوەی كە ئەم بۆچوونە ڕاستدەكاتەوە گەرمبوونی هەوڵەدیبلۆماسییەكانە لەئێستادا بۆ كۆكردنەوەی بكەرە هەرێمایەتییە ناكۆكەكان لەسەر مێزی دانوستاندن و گەڵاڵەكردنی پرۆژەی پێكهێنانی بەرەیەكی هەرێمی چاڵاك هاوشانی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەكەبێت بۆ لێدان و لەناوبردنی داعش و گروپەتیرۆریستییەكان.

دوای چەند ساڵێك لە پێداگیریكردن لەیەكلایكردنەوەی دۆسیەگەرمەكانی ناوچەكە بەتایبەت سوریا، دواتر یەمەن بەڕێگای جەنگەوە،پێدەچێت تەواوی بكەرە هەرێمی و ناوچەییەكان لەئێستادا گەیشتونەتە‌ ئەو بڕوایەی ڕێكەوتنی سیاسی نێوان لایەنەكان، باشترین ڕێگاچارەیە بۆ بەلاداخستنی ئەو دۆسییانە، چونكە لەنێو ئەو كێشمەكێش و ململانێ گەورانە ئەوەی بەهێزو كاریگەردەبێت هێزو گروپە تیرۆریستی توندرەوەكانن لەگۆڕەپانەكە.

هەوڵەدیبلۆماسییەكان گەرمبوونەوەی تەواویان بەخۆیانەوە بینیوە بۆ ڕێكخستنی نێوان دەوڵەتە ناكۆكەكانی ناوچەكە بەتایبەت وولاتانی كەنداو بەتایبەت سعودیە و سوریا بەڕابەرایەتی ڕوسیاو ئاگاداری و پاڵپشتی ئەمریكا.

تێگەیشتنی ئیدارەی ئەمریكا پێیوایە كاریگەرییەكانی ڕێكەوتن لەگەڵ ئێران دەروازەیەكی گرنگەبێت بۆ ڕۆڵ بینینی ئێران لەبەشداریكردن و سەررێگاخستنی چارەسەری گونجاو،چونكە ئێران لەباشترین حاڵەتدا بەشداری و ڕۆڵی زۆری هەیە لەو ململانێ هەرێمایەتییانەی ئێستا بوونیان هەیە لەناوچەكە،وە توانای كاریگەری دانانی هەیە لەسەر بەشێكی گرنگی لایەنەكانی ئەو ململانێیە،بۆیە ناكرێت ڕۆڵی ئێران نادیدەبگیریت.

ئیدارەی ئۆباما گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی ڕووخانی رژێمەكەی ئەسەد دەبێتە زەمینەیەك بۆ هێزە توندرەوەكان و دەستگرتن بەسەر جوگرافیایەكی فراواندا كە مەترسی دەبێت بۆ ئاسایشی ناوچەكە بۆیە هەوڵەكان لەئێستادا بۆ دەرپەڕاندنی ئەو دەوڵەتانەیە لەریزی كۆمەكارانی گروپەتوندرەوەكانی ناو سوریا، بۆ ئەو مەبەستە دوای توركیا ئێستا هەوڵەكان چڕبوونەتەوە لەسەر سعودیە تاكو ڕازی بكرێت بەوەی وازلەپاڵپشتی ئەو گروپانە بهێنێت،لەبەرامبەردا بەشداری لێدانی تەواوی گروپەتوندرەوەكان بكات، ئەو بۆچوونە لەئێستادا سعودییە وابەستەی دۆسیەی یەمەنی كردوە بەوەی لەبەرامبەر پاڵپشتی نەكردنی گروپەكانی ناوسوریا،ئێران یش واز لەپاڵپشتی كردنی حوسییەكان بهێنێت تاكو رێگە بۆ گەرانەوەی هادی عەبد ڕەبە بكرێتەوە بگەڕێتەوە، سعودییە لە ئێستادا نەرمی نواندوە بەبەڵگەی پێشوازیكردن لەنوێنەرێكی سوریا بۆ گفتوگۆكردن، ئەم هەنگاوە گەرچی سەرەتاییە بەڵام گرنگە، بەواتای ئاڵوگۆردێت لەسیاسەت و ستراتیژی كاربەدەستانی سعودیە، لەمامەڵەكردنی دۆسیەی سوریا.

ئەمڕۆ هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكە لە جموجۆڵێكی فراواندایە بۆ یەكخستنەوەی تواناكان لەدژی بەهێزبوونی داعش و ناسەقامگیری سیاسی لەناو خۆو دەرەوەی دەوڵەتان كە خۆبەخۆ كاریگەری بەسەر هەموو ناوچەكەوە دەبێت.

سەرجەمی ئەو هەوڵانە بەهەماهەنگی نێوان ئەمریكاو ڕوسیا دەرواتە پێشەوە، ئەوەش ئەو هەقیقەتە ئاماژە پێدەكات كە پێگەی هێزە نێودەوڵەتییەكان گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە، ڕوسیا كە تەواوی پێگەی خۆی لەدەستدابوو لە دوای رووخانی یەكێتی سۆڤیەتەوە، هیچ بەشداریی و رۆڵێكی بەرچاوی نەبوو لە داڕشتنەوەی هێز لەناوچەكەو لەئاستی نێودەوڵەتیش بەڵام لەئێستادا بكەرێكی نێودەوڵەتی كارایەو ڕۆڵی لە ڕووداو بەشداری لەپێشهاتەكان هەیە.

هێشتنەوەی رژێمەكەی ئەسەد لەسوریا لەلایەن ڕوسیاو ئێرانەوه، هاوكاتی قەیراناوی بوونی هێزە نەیارەكانە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەكیدا بۆنموونە توركیا،دواتر سعودیە، ئەوحاڵەتە دۆخێكی تازەی هێناوەتە پێشەوە كە هەریەك لەو دەوڵەتانە بەشوێن پێگەی تازەی خۆیانەوەبن لە هاوكێشە سیاسییەهەرێمییەكە، بۆیە لەئێستادا خەریكە بەتەواوی شەڕی ئەسەد خراوەتە لاوەو جەخت لەسەر چارەسەری سیاسی دەكرێتەوە، لەوسەروبەندەشدا ئێران بە پڕۆژەیەكی هەمواركراوی چوارخاڵییەوە دەیەوێت زەمینە بۆ گەڕانەوە بكات بۆ نێوەندە هەرێمایەتییەكە بە شێوازێكی فەرمی بەوپێیەی خواستی چارەسەری هەیە بۆ پرسی سوریا تاكو لەوێوەش ئەو هەنگاوەی ئەمریكا تۆخبكاتەوە كە چیدیكە ئێران نابێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ووڵاتانی كەنداو.

پرۆژەكەی ئێران لەلایەن ڕوسیاو ئەمریكاوە نرخێنراوە چونكە ڕێگە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی سوریادەكات لەئاستی ناوخۆییدا واتە لەنێوان هێزە میانڕەوەكانی ناو سوریاو رژێمەكەی ئەسەد بێ بەشداركردنی گروپی توندرەوەكان، ئەوەی سعودیەی ڕاگرتوە تاكو ئێستا ئەو زانیاریانەیە لەلایەن ئەمریكاو توركیاوە كە رژێمی سوریا توانای خۆڕاگرتنی زۆری نەماوە،گەرنا پێشوازی كوری پاشای سعودیە لەكاربەدەستێكی سوریا و پێشوازیكردنی سەڵتەنەتی عومان لە وەزیری دەرەوەی سوریا ئاماژەی بەهێزە بۆ دەستەبەربوونی ئەو زەمینەیە.

چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو هەوڵە دیبلۆماسییەكان زیاتر گەڵاڵەببێت و دەروازەی گەڕانەوەی سوریا بۆ نێوەندە عەرەبی و هەرێمایەتییەكە باشتربێت .

ئاڵوگۆڕی هاوكێشەكان و نزیكبونەوەی هێزو دەوڵەتە ناكۆكەكان چۆن لەسەر ئاییندەی كێشەی كورد دەكەوێتەوە، ئایا كێشەی كورد لەباشور دەگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی عێراق و هەوڵەكانی بەدەوڵەت بوون وەك خەونێك دەمێنێتەوە؟

ڕێكەوتن و نزیكبوونەوەی بكەرە هەرێمایەتییەكان بەمانای گەڕانەوەی دۆخی ئاسنینە بۆ نەتەوە بێدەوڵەت و كەمایەتییەكان لەناوخۆی ووڵاتەكانیان.

 

  • 1