ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قەیس محەمەد/ كورد وەك زەمینە بۆئەردۆگان لەتوركیا

ئەو تێگەیشتنەی پێیوایە ئەگەر ئەردۆگان بەتایبەتتر ئەكەپە نەگەیشتایەتە كورسی فەرمانڕەوایی لەتوركیا ئەوا بۆهەمیشە كوردبوون تاوان دەبوو، قسەكردن و دەستبردن بۆمافە سیاسی و مەدەنییەكانی كورد لەتوركیا سزایەكی نەبڕاوەی بەدوادا دەهات، ئەوا تێگەیشتنێكی زۆر رووت و دابڕاوە لەئاستی گۆڕانكارییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی ناوخۆی توركیاو هەریمەكە بەگشتی. تێگەیشتنێكە زەمینەی گۆڕانكارییە بابەتییەكان دەخاتە لاوەو تەنیا جەخت لەسەر رۆڵی تاك یان سەرۆك دەكاتەوە.                                                

دوای دەسەڵات گرتنە دەستی ئەتروسكییەكان لەرۆماو بەهێزكردنی ئەو دەوڵەتە بۆماوەی سەدساڵ دواتر حكومەتی پاشایەتی بەرەو كۆتایی چوو، كەتێیدا چینی بەرهەمهێنەر هیچ ماف و دەستكەوتێكیان نەبوو، هەروەها بەتەواوی رۆڵیان پشتگوێخرابوو لەبەشداری سیاسی دروستكردنی بڕیاردا، بەڵام بەهاتنی سەردەمی كۆمارییەكان ئەو چینە بەرهەمهێنەرو بەرفراوانە كەوتنە ململانێ و رووبەڕووبونەوە لەگەڵ چینی ئەرستۆكراتەكان. پاڵنەری چینی بەرهەمهێنەر بۆ شۆڕشكردن تێگەیشتنبوو لەرۆڵی بونیادنەرانەی خۆیان لەئاستی سیاسی و ئابوری رۆما، هۆكاری قبوڵكردنی داواكاری و خواستەكانی ئەو چینە لەلایەن ئەرستۆكراتەكانەوە بۆتێگەیشتنی رۆڵی گرنگ و كاریگەری ئەو چینە پڕبەرهەمە دەگەڕایەوە، نەك كارێك بێت لەنیازباشی و تێگەیشتنی خۆویستانەوە بێت، بۆمافە مەدەنی و سیاسی و ئاینییەكانیان.                      

بەگەڕانەوە بۆمێژووی سیاسی خودی شۆڕشی سیاسی و چەكداری كورد لەزۆربەی قۆناغەكاندا بۆمان دەردەكەوێت تەنیا نیازپاكی كەسێك لەسیاسەتدا ناتوانێت ئاڵوگۆڕی گەورە بكات، لەگواستنەوەی كێشەیەك لەقۆناغێكەوە بۆقۆناغێكی دیكە، بەبێ بوونی هۆكارگەلێكی ناوخۆیی و دەرەكی. شۆڕشی 58 و دانانی ناوی كورد لەدەستوردا پاڵنەری سەرەكی تەنیا نیازباشی عەبدولكەریم قاسم نەبوو، بەڵكو دۆخە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و نیوخۆییەكان بوو وایكرد عەبدولكەریم قاسم بخاتە سەربڕوای هەنگاونان بەو ئاڕاستەیە. كەواتە زۆربەی شۆڕشەكان گەر نەڵێین هەموویان، كاریگەری بەسەر بیری سیاسی و ئالوگۆڕە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانەوە دادەنێت. گەر بڕوانینە رێككەوتنامەی ساڵی 1970 لەنێوان كورد حكومەتی عێراقی، راستی ئەو بۆچوونە دەردەكەوێت، كەحكومەتی عێراقی ئەوكات لەتێگەیشتنییەوە بۆمافەكانی كورد نەهاتە پای دانوستاندن و رێككەوتن لەگەڵ كورد، بەڵكو ئەو بارەی حكومەتە یەك لەدوایی یەكەكانی عێراقی ئەوكات پێیدا تێدەپەڕی لەكودەتاو ململانێی سیاسی یەكتربڕو دەستێوەردانی دەرەكی، حكومەتی ناچاركرد بێتە سەرمێزی دانوستاندن. دیارە كاریگەری شۆڕشی كورد بەسەر رەوتی ئاڵوگۆڕو رووداوەكانەوە، یەكێك بوو لەرەگەزە بەهێزەكانی فشارو چۆكپێدادانی حكومەت لەپاڵ رەگەزەكانی دیكەدا.                  

ئەو دۆخەی لەدوای هاتنە فەرمانرەوایی ئەردۆگان لەتوركیا و ئاوڕدانەوەی لەماف و ئازادییەكانی گەلی كورد هاوكاتبوو لەگەڵ گۆڕانكارییە ناوچەییەكەو رێكخستنەوەی باری ناوخۆیی توركیا . سەرەتا بۆئەوەی بتوانێت زەمینەی مانەوەی دەستەڵاتەكەی دەستەبەربكات، دەبوو مامەڵەیەكی واقیعی دەرهەق بەشۆڕشی چەكداری و سیاسی و مەدەنی كورد لەتوركیادا بكات، تاكو لەوێوە زەمینە بۆگەشەپێدانی ئابوری توركیا بڕەخسێنێت، چونكە ئابوری توركیا دەرئەنجامی شەڕكردنی لەگەڵ پەكەكە زیانی گەورەی پێكەوتبوو. خۆڕاگری و گیانفیدایی شەڕڤانانی پەكەكە توركیایان لەرووی سیاسی و ئابوری و سەربازییەوە تووشی تەنگژە كردبوو، بۆیە هەرهەنگاوێك بۆسەر رێككەوتنەوەی توركیا دەبوو بە سەردابینكردنی مافەكانی كوردو دانوستان لەگەڵ كورددا بڕوات، بۆئەوەی نەیارە سەرسەختەكەش دەستەمۆ بكرێت، كەبریتی بوو لەهێزی سەربازو ژەنەڕاڵەكانو دورخستنەوەیان لەكایەی سیاسی و دەستێوەردان لەدەزگاكانی حكومەت. خەونی ئەردۆگان بۆ زیندووكردنەوەی خەلافەتی عوسمانی و هەنگاونان بۆدەرەوەی توركیا ناچاری هەنگاوی خستنەڕووی رێگەچارەسەریی كرد. لەئاستی دەرەكیدا كێشەی كورد رۆژدوای رۆژزیاتر رەوایەتی سیاسی لەخۆدەگرت، تایبەت دوای رووخاندنی رژێمەكەی سەدام لەعێراق.                                    

لەتوركیادا هیچ هەنگاوێك نانرێت بۆ گەشەپێدان و قوڵكردنەوەی دیموكراسییەت و پێكەوەژیانی نەتەوەكان، ئەگەر كێشەی كورد بەنكوڵیكردن مامەڵە بكرێت. بەوپێیە ئێستای توركیا لەگەشەو پەلكێشانی بۆدەوروبەرو رۆڵگێڕانی بەسەنگ و قوڕسایی زۆرەوە لەهاوكێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان دەگەڕێتەوە بۆئەو هەلەی لەكوردی وەرگرتووە، نەك بەكوردی دابێت. بۆیە گرنگە تاكی كورد ئەوەندە خۆی بەشەرمەزاری ئەو گوتارە ئامانجدارەی ئەردۆگان و دەستەكەی نەزانێت، كەگوایە لەباری نەبوونی ئەودا كورد نەیدەتوانی ئەو مافەی ئێستای هەبێت، لەكاتێكدا ئیرادەو خۆڕاگری كورد توركیای ناچار بەو دۆخە تازەیە كردووە.                          

 

  • 1