ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قەیس محەمەد/ گەمەكانی ئەردۆگان و هەڵبژاردنی پێشوەختە

 

بەرەنجامەكانی (7)حوزەیران ئەردۆگان و پارتەكەی تووشی شۆك كرد، چونكە نەك دەنگی پیویستی نەهێنا بۆ ئەنجامدانی هەمواركردنەوەی دەستورو گۆڕینی سیستەمی سیاسی لەپەڕلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی، بەڵكو نەتوانرا دەنگی تەواو بۆ پێكهێنانی حكومەت یش بهێنێت، ئەو حاڵەتە ڕێگای كردەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی هاوپەیمانی لەنێوان پارتەبراوەكانی پەڕلەمان، بەڵام لەسەرەتاوە ئاكپارتی و ئەردۆگان دەستیان بۆ پڕۆسەیەكی نادروست و پێچەوانە برد تاكو نەرۆنە حكومەتێكی لەوجۆرەوه بۆیە ئەردۆگان دوای مانگێك ئەمجا داود ئۆگلۆی ڕاسپارد بۆ دانوستاندن لەگەڵ پارتی گەلی كۆماری، لەو پرۆسەیەش تەنیائامانج بەفیڕۆدانی كات بوو تاكو ماوە دەستورییەكە تەواوبێت و پارتی دووەم بواری دەستكردنی بە پێكهێنانی حكومەت نەمێنێت، دوای ڕاگەیاندنی داودئۆگلۆلە بنبەستبوونی دانوستاندنەكان بۆپێكهێنانی حكومەت تەنیا پێنچ ڕۆژ مابوو بۆ تەواوبوونی ماوەی دەستوری كە خۆی لەچڵ و پێنج رۆژدا دەبینێتەوە، وەلێ هیچ پارتێك توانای پێكهێنانی حكومەتی نییە لەوماوەكورتەدا گەرچی ئەردۆگان ئەو تەجاوزە دەستورییەشی كرد بەوەی بەخێرایی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد.                                         

لەماوەی مانگی یەكەمی دوای هەڵبژاردنەكە ئەردۆگان بەتەواوی ئەو سیناریۆو كارتانەی تاوتوێكرد كە دەتوانرێت لەڕیگەیەوە هەیبەت و باڵادەستی ئاكپارتی بگەڕێنێتەوە تاكو بتوانێت وەك پێشووتر حوكمڕانی توركیا بكات، چونكە بەدرێژایی 13سالی ڕابردوو سەربەخۆیانە سیاسەتی ناوخۆی و دەرەكی دادەرێژاو بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی جێبەجێیدەكردن، لەحاڵەتی چوونە حكومەتی هاوپەیمانییەوە دەبوو بەشێك لەو دەسەڵاتانە وازلێبێنێت كە پێشتر گرەوی زۆری لەسەركردوون بۆ فراوانكردنی دەستەڵات و پێگەی خۆی لەئاستی ناوخۆیی و دەرەكی، دوای دەستگەیشتن بەو زەمینەیە بۆ گەڕاندنەوەی دەنگەڕۆیشتووەكانی ئاكپارتی لەماوەی مانگی دووەمدا دانوستانەكان تەنیا لەباربردنی كات بوو بۆ ڕێگەگرتن لەپارتی دووەم لەپەیڕەوكردنی مافێكی دەستوری خۆی بەوەی پێویستە ڕابسپێردرێت دوای شكستی پارتی یەكەم لەپێكهێنانی حكومەت.                 

ئەردۆگان لەساتەوەختی دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن تاكو تەواوبوونی ماوەی دەستوری پێكهێنانی حكومەت چەندجارێك بەئاشكرا پێشێلی دەستوری كردوە، ئەو دۆخە نارەزاییەكی گەورەی لەئاستی ناوخۆیی و دەرەكی لێكەوتەوە، لەئاستی ناوخۆیدا وەك كودەتایەكی سیاسی دەبینرێت بەسەریاساودەستوردا، هەروەها لەئاستی دەرەكی گومان خرایە سەرهەوڵەكانی ئەردۆگان بۆبەلاڕێدبردنی پرۆسەی سیاسی لەتوركیا و داڕشتنەوەی دەستور بەشێوازێك رێگەبۆ دەسەڵاتی تاكەكەسی خۆش بكات كە بنەماكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەگشتییەكان بخرێتەژێرپێوە.                                                  

ئەو هەنگاوانەی كە ئەردۆگان گرتییەبەر بۆ ڕاستكردنەوەی دۆخی نالەباری دەكرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە:                                                  

١- ڕێكەوتن لەگەڵ ئەمریكا بۆ بەكارهێنانی قاعیدەی ئەنجەرلیك لەشەڕی دژبەداعش لەلایەن ئەمریكاوە دوای ڕەتكردنەوەی بۆ ماوەیەكی درێژ، بەواتا، دواجار ئەردۆگان رەزامەند بووە بڕواتە نێو هاوپەیمانێتی دژە داعشەوە، تاكو بتوانێت ئەو گلەیی و تۆمەت و سەركۆنەكردنە لەسەر خۆی و حكومەتەكەی لابەرێت كە هاوكاری داعش دەكات لەعێراق و سوریا، بەوەش فشارەدەرەكییەكان لاوازدەكات، بەڵام لەسەرەتا هەنگاودا دەركەوت كە ئەو ڕێكەوتنە ئەوەندەی بۆ شەڕی داعش كراوە دوو ئەوەندە ئامانج هێرشكردنە سەرپەكەكەیە،ئەردۆگان دەیەوێت لەپەنای بەدەستهێنانی رەزامەندی ئەوروپاو ئەمریكا ئامانجە سەرەكییەكەی بەدەستبهێنێت ئەویش لاوازكردنی كوردە لەباكور.                                                      

٢- لاوازكردنی پێگەی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) لەڕێگەی هێرشكردنە سەر پێگەكانی پەكەكە و كۆتایی هێنان بە پرۆسەی ئاشتی بەئامانجی داگرتنی ڕێژەی دەنگەكانی هادەپ و ئیحراجكردنی بەرامبەر دەنگدەرانی لەناوخۆدا كە نماییندەی هێزێك دەكات ئاسایشی نەتەوەیی توركیا دەخاتە مەترسییەوە، لەو پێناوەشدا تۆمەتی پاڵپشتیكردنی تیرۆریستان و بانگەشەكردن بۆ توندوتیژی خرایەپاڵ دەمیرتاش و چەندین ناوی دیاری نێو هادەپ، زیاترلەوەش دەستكرا بە دەستگیركردنی دۆست و لایەنگروئەندامانی پارتەكە.                                     

٣- ڕاگرتنی پرۆسەی ئاشتی یەكێكە لەمەرجەسەرەكییەكانی ئەندام و لایەنگرانی پارتی كاری شۆڤینی توركیا ئەردۆگان تاكو بتوانێت ئەو دەنگانەی بەهۆی دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتییەوە لەنێو توندرەوە نەتەوەییەكان لەدەستیداوە بیگەڕێنیتەوە.                         

لەسادەترین شیكاریدا بۆ ئەو خاڵانەی سەرەوە هیچ دەستەبەرییەك نابینرێت بۆ ئاكپارتی تاكو دەنگەكانی پێ زیادبكات، لەحاڵەتی یەكەمدا توركیا تائێستا بەكردەیی هیچ هێرشێكی بەهێزی نەكردۆتەسەر مۆڵگەكانی داعش بەڵكو ئەوەی دەبینرێت زۆربەی هێرشەكانی بۆ سەر مۆڵگەوپێگەكانی پەكەكەیە لەقەندیل ئەوەش جاریكە ئەردۆگانی خستۆتەوە ژێرگومان بەوەی دەیەوێت رۆژئاوا هەڵخەڵەتێنێت بەناوی شەڕی داعش شەڕی كوردەكان دەكات، تائێستا ڕەخنەكان بەردەوامیان هەیە و توركیاش بێدەنگە بەرامبەر داعش واتە تائێستا نەك نەیتوانیوە گومان و ڕەخنەكانی سەرخۆی و پارتەكەی لابەرێت بەڵكو جاریكەش تاوانباردەكرێتەوە بە خۆبواردن لەشەڕی داعش، ولەبەرامبەردا دەیەوێت پەلاماری هاوپەیمانێكی جدی ئەمریكابدات لەشەڕی داعش كە كوردە.

سەپاندنی شەڕ بەسەر پەكەكەداو تاوانباركردنی پارتی دیموكراتی گەلان بەپاڵپشتیكردنی تیرۆریستان و هاندان بۆ توندوتیژی گوتارێكە ئەردۆگان لەئەنجامی شكستەكەیەوە بەرهەمی هێناوە بۆئەوەی پەراویزی بخات لەگۆڕەپانی سیاسی بەڵام تائێستا هادەپ توانیویەتی ئارامی خۆی ڕابگرێت بەرامبەر بەو هێرشەناڕەوایانەی كراوەتە سەری لەلایەن ئەردۆگانەوە، گرنگترین خاڵێك كە هادەپ كردی لەئێستادا بەشداریكردنی بوو لەحكومەتی هەڵبژاردن تاكو بۆ دونیاو ناوخۆی بسەلمێنێت كە ئەردۆگان شەڕی تیرۆرناكات وەتۆمەتەكانی بێبنەمایە بەرامبەر كورد بەگشتی و هادەپ بەتایبەتی ئەگەرنا چۆن قبوڵ دەكرێت پارتێك پالپشتی تیرۆربكات و ئامادە بیت لەگەڵی برۆیتە حكومەتەوەو بیكەیتەهاوبەشی خۆت لەفەرمانڕەوایەتی ووڵاتدا، ئەو خاڵە سەروژێركردنی گوتارە دوژمنكارانەكەی ئەردۆگان دەرەخات وە توانرا ئەو تۆمەت و پیلانانە لەگۆڕبنرێت بەرامبەر هەدەپە لەئێستادا، ئەوەی گرنگ بوو لەبەشەسیاسییەكەی هادەپ توانی تەندروستانەمامەڵەی بكات و تێیپەڕێنێت، بەڵام ئەوە نیوەی تابلۆكەیە نیوەكەی دیكەی لای سەركردایەتی پەكەكەیە لەقەندیل و بەرەكانی شەڕ كە چۆن دەتوانن پارێزگاری لەو دەنگ و قورساییەبكەن كە لەناوخۆدا بەدەستهێنراوە. تاكو ئیستا عەبدوڵائۆجەڵان سەركردەی زیندانیكراوی پەكەكە بانگەوازی بۆ شەڕنەكردوە ئەوەش بەواتای سنورداری شەر دێت لەلایەن سەركردەكانی پەكەكەوە لەقەندیل، لەوەش گرنگتر ئەوەیە بڕۆنە حاڵەتی بەرگریكارییەوە تاكو هێرشبردن و كاولكاری وەك لەپێشتر لەئارادبووە بەمانا دەستگرتن بەشەڕێكی بەرگریكاری سنوردارەوە تاكو كارتی دەستی ئەردۆگان بەرامبەر كورد لەناوخۆدا بەتەواوی بسوتێت و شكستەكەی گەورەتربكرێت لەهەڵبژاردنی داهاتوودا. لەئێستادا رۆیشتن بەشوێن پێی ئەردۆگان بەرەو شەڕكردن نەك كارتەكانی دەستی ئۆجەلان بۆ ئاشتی لەباردەبرێت بەڵكو ئەو هێزە سیاسی و جەماوەرییەی لەم دواییەدا وەك شورا بۆ كورد دروستبووە دەڕەوێنرێتەوە و دواجار هەڵبژاردنی داهاتوو بەقازانجی ئەردۆگان تەواودەبێت لەسەرحیسابی كورد.               

لەمڕۆدا كوشتن، سوتاندن، وێرانكردن، تەقاندنەوە، ئاگرتێبەردان، ئەو حاڵەتانەیە ئەردۆگان دەیەوێت بەكاریبهێنێت لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆیدا، ودەیەوێت بەگەلانی توركیا بڵێت ئەوە پەكەكەیە كوڕەكانتان دەكوژێت و ماڵەكانتان دەسوتێنێت و ژیان دەخاتە مەترسییەوە، گەر بڕوانین تائێستا سەركۆنەكردنی ئەردۆگان و هەوڵەكانی بۆخوڵقاندنی شەڕو ئاشوب لەناوتوركیادا لەئارادایە دایكی سەربازە كوژراوەكان براو خێزانی ئەفسەرەكان نەفرەت لەئەردۆگان دەكەن، بەواتا تائێستا ئەردۆگان هبچی نەچنیوەتەوە نە لەئاستی سیاسی و نە لەئاستی كۆمەڵایەتی چونكە تابەئێستادەگات خەڵك و كۆمەڵگا دەتوانن جیاكاری نێوان ئەو شەرەبكەن كە سەپێنراوە بەسەركوردا لەپێناو چەندكورسییەك بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، بەڵام ئەگەر شەڕ تووندتربێتەوە و كاولكارییەكان زۆرتربێت بێگومان حاڵەتی بەرەنگاربوونەوەی ناوەكی لای هەرتاكێكی توركیا زیندوودەبێتەوەو بەئاسانی لەڕێگەی ڕاگەیاندن و گوتاری سیاسییەوە دەكرێتە هۆشیاری خەلك و وەك چەكێك بەكاردەبرێت بۆ لێدانی كورد لەناوخۆدا.                                                  

ئەوەی تائێستا دەبینرێت ئەردۆگان گەمە لەچەند بوارێكدا دەكات یەكێك لەوانە مرخی لەو دەنگە شۆڤینییانەخۆشكردوە تاكو بەهۆی شەڕی كوردەوە بەدەستی بهێنێت جاریكە، بەڵام بەئاگایە لەوەی كە شەڕەكە لەژێر كۆنترۆڵ دەرنەچێت چونكە دواجار زیانی گەورە بە ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ئابوری و پێكەوەژیانی نەتەوەكان دەبێت لەو حاڵەتەش ئاكپارتی زیانی گەورەدەكات، لەكاتێكدا بەهای لیرە لەماوەیەكی كەمدا زۆردابەزیووە هەروەها شەڕی سەرتاسەری چەندی بۆ كوردزیانبەخشە دووئەوەندە بۆ توركیا زیانبەخشە چونكە ووڵات دەكەوێتە نارامی و ناجێگیری باری ئاسایشەوە بەوەش بەشێكی زۆری ئەو وەبەرهێنەرو كۆمپانیاگەورانەی كاردەكەن لەتوركیا پاشەكشەدەكەن.             

ئەو كارتانەی ئەردۆگان كە بەكاریدەبات گەر دەرئەنجامەكانی پێچەوانە نەبێت ئەوا كاریگەرییەكی كاتی دەبێت كە بەزەحمەت دەتوانێت پایەی سیاسەتەكانی لەسەر ڕابگرێت تاكو لێوەی بگەرێتەوە دەسەڵات جاریكە بەو هێزو باڵادەستییەوە كە پێشتر هەیبوو.                       

ئەردۆگان لەپێناو گەڕانەوەی چەند كورسییەكی پەڕلەمان ووڵاتی خستۆتە نێو قەیران و شەڕەوە كە خەڵكی ئاسایی دەبێتە سووتەمەنی ئەو نەزعە دەسەڵاتخوازییەی كە دەیەوێت هەموو كۆمەڵگا بسوتێنێت.                                                    

هەردەوڵەتێك بكەوێتە نێو ململانێ و كێشمەكێشی نێوخۆیی و چەنگەوە بێگومان ئاستی بەشداری و ڕۆڵی لەهاوكێشەهەرێمایەتییەكان لاوازدەبێت، بەومانایەی سەرقاڵبوون بەدۆخی ناوخۆوە لەتوركیا دەرەنجامەكەی بەلاوازبوونی رۆڵی توركیادەبێت بۆ دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە،دیاریش نییە ئەو گۆڕانكارییە خێراییانەی لەگۆرەپانەكانی لەجەنگ لەعێراق و سوریاو یەمەن چ كاریگەرییەك للەهاوكێشەی سیاسی هەرێمایەتی دەخەنەوە كە توركیا بەدرێژایی چەندین مانگە هیچ رۆڵ و بەشدارییەكی كارای نییە تێدا.