ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قەیس محەمەد/ بژاردەكانی سعودییە و رزگاربوون لەشكستێكی ستراتیژی لەسوریا

 

خراپیی پەیوەندییەكانی سعودییه ‌لەگەڵ ڕوسیا زادەی ڕابردووە، تایبەتر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەكێتی سۆڤییەت و جەنگی سارد لەنێوان بلۆكی سەرمایەداری و سۆشیالیستی، ووڵاتانی دونیا دابەشبوونە سەر ئەو دووبەرە‌، سعودییە یەكێك لەو دەوڵەتانەیە لەسەرەتاوە لایەنگیری بەرەی سەرمایەداری كرد بەرامبەر یەكێتی سۆڤییەت، لەزۆر وێستگە گورزی جەرگبڕی لەپێشرەوییەكانی یەكێتی سۆڤییەت داوە لەگەیشتنە ووڵاتانی عەرەبی و كەنداو، هەروەها كۆمەكەرو جێبەجێكاری پلان و ستراتیژەكانی ئەمریكاو ئەوروپابووە لەناوچەكە، یەكێك لەو سیاسەتانەی سعودییە لەهەشتاكان گرتیەبەر لەسەرڕاسپاردەی ئەمریكا داگرتنی نرخی نەوت بوو تاكو ڕوسیا لەڕووی ئابورییەوە پەكبخات.

تاكو لێكهەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤییەت هەردوو ووڵات نەك هیچ پەیوەندییەكی ئەوتۆیان نەبوو بەڵكو لەململانێ و كێشمەكێشدا بوون زۆربەی كات.

كاریگەری ململانێكانی سەردەمی جەنگی سارد لەدوایی نەوەدەكانەوە هێشتا سیاسەتی ئەو دوو وولاتەی كۆنترۆڵ كردبوو تاكو گەیشتنی ڤلادیمیرپۆتین بەسەرۆكی ڕوسیا، لەكاتێكدا ڕوسیا سیاسەت و ستراتیژی ناوخۆیی و دەرەكی گۆڕانی ڕیشەیی بەسەرداهاتبوو بەڵام سێبەری ئەو ململانێیانە هێشتا نەرەویبوونەوە لەسەردروستكەرانی بڕیار لەو دوو دەوڵەتەدا.

دوایی بەهاری عەرەبی ڕوسیا یەكێك بوو لەو دەوڵەتانەی كەبە ووردی چاودێری بارودۆخی ووڵاتانی عەرەبی دەكرد تاكو لەكەلێنێكەوە بێتەوە ناوچەكە، چونكە ڕوسیا ئەو بارودۆخەی وەك زەمینەی ئاڵوگۆركردن دەبینی لەسیاسەت و ڕۆڵی چەند دەوڵەتێك، كە ئەمریكا كاری لەسەردەكات بۆ ڕێكخستنەوەی هاوكێشەی سیاسیی ناوچەكەو فڕێدانەدەرەوەی چەند دەوڵەتێك لە ململانێ هەرێمایەتییەكە تاكو دواپێگه لەڕوسیاو چین دابخات بۆهەرگەڕانەوەیەك لەڕووی سیاسیی و ستراتیژی بۆناوچەكە، لەكاتێكدا سیاسەتی ئەمریكا لەناوچەكە بەرەو گۆڕانكارییەكی جەوهەری دەرۆیشت لە كردنەوەی فەزای هەڕێمایەتی تاكو دەوڵەتە هەرێمایەتییەكان رۆڵی زیاتری تێداببینن لەیەكلاكردنەوەی كێشەكانی ناوچەكەو گواستنەوەی باری گرنگی ئەمریكا بەپلەی یەكەم بۆ فراوانخوازییەكانی چین لەناوچەكانی ئاسیاو زەریای هادی. ئەو بۆشاییەی ئەمریكا خستییەوە لەناوچەكە، ئێران بەخێرایی قۆستییەوەو پانتایی قەڵەمڕەوی زیاتركرد ئەمەش بووە هۆكاری دەركەوتنی ناڕەزایی گەورە لەلایەن ووڵاتانی عەرەبی و كەنداویی بەوەی ئەمریكا ناوچەكەی بۆ باڵادەستی ئێران جێهێشتووە، ئەم حاڵەتی فۆبیایە لە ئیڕان پاڵی بەووڵاتانی كەنداو نا تاكو بكەونە جەمسەرگیرییەكی هەرێمی بەرامبەر فراوانخوازییەكانی ئێران لەناوچەكە،ئەو جەمسەرگیرییە لەعێراقەوە بۆ سوریاویەمەن گەیشتە باڵاترین ئاستی خۆی، بەڵام جیاوازی رۆئیاو بەرژەوەندی سیاسیی و ئابوری ووڵاتانی عەرەبی و توركیاو ئیسرائیل لەهەموو جارێ بەرەكەی لاواز دەكرد لەمامەڵەكردنی رووداو و پێشهاتەكان.

دوای دەركەوتنی سەرەتاكانی كشانەوەی ئەمریكا لەسەرئاستی جیهان، دەرەنجامی شكستی سەربازی لەئەفغانستان و عێراق و قەیرانی ئابوری كە تائێستاش سێبەری بەسەرۆژئاواوە ماوە ئیدارەی ئۆباما لەو هەقیقەتە تێگەیشت كە ئیتر ئەمریكاناتوانێت پاسەوانی جیهان بیت و داڕێژەری سەرەكی سیاسەت وپارێزەری یاسای نێودەوڵەتی بێت لەكاتێكدا لەچەندین ناوچەیی جیهان دەوڵەتی بەهێزو خاوەن ئابوری گەورە خەریكە بۆڕی پێگەو ستراتیژییەتی ئەمریكا دەدەنەوه.

سیاسەتی دەورەدان كە ئەمریكا لەبەرامبەر ڕاگرتنی نەیارەكانی هەمیشە پەنای بۆدەبات و كاری پێدەكات، لەحاڵەتی ئێران بەتەواوی شكستی هێنا چونكە نەیتوانی ئێران ناچاربكات دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەكەی بیت بەڵكو پیچەوانەكەی ڕاست دەرچوو بەوەی ئێران توانی بەرنامەئەتۆمییەكەی پێشبخات، بۆیە لەسەر دەستی ئیدارەكەی ئۆباما سیاسەتی دەورەدان خرایەلاوە تاكو ڕێگا بۆ چارەسەری سیاسیی بكرێتەوە لەگەڵ ئێران دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و گۆڕینی ئێران لە دەوڵەتێكی هەرێمایەتی نەیارەوە بۆ دۆستێك كە دەتوانرێت لەچەندین وێستگە كاری لەگەڵ بكرێت، ئەم سیاسەت و مامەڵە‌ی ئەمریكا ووڵاتانی كەنداوی تەواو نیگەران كردو تۆمەتباركرا بەئاڵوگۆڕكردنی هاوپەیمانەكان، بەڵام ئەمریكا بەردەوام بوو لە دانوستاندنەكان تاكو گەیشت بە ڕێكەوتن لەگەڵ ئێران و دیاریكردنی چاڵاكی و جۆرێتی بەرنامەئەتۆمییەكەی ئێران .

 وەك پەرچەكردارێك بەرامبەر ئەو كرانەوەیەی ئەمریكا بەڕووی ئێراندا، میرنیشینی سعودییە بریاری هەمەلایەنكردنی پەیوەندییەكانیدا تایبەت لەگەڵ روسیادا، ئەو شكاندنی بەستەلەكە سیاسیی و دیبلۆماسییە لەلایەن سعودیەوە دوایی درككردن دێت بە ڕۆڵی ڕوسیا لەهاوكێشەكانی ناوچەكە تایبەت لەسەر دۆسیەیی سوریاویەمەن كە روسیا لاری نەبوونی نیشاندا لە بەنیونەتەوەییكردنی شەڕی دژ بەحوسییەكان لەیەمەن، ئەم هەنگاوە گەرچی پەیوەندییەكانی ڕوسیاو سعودییەی نەگەیاندە ئاستی ستراتیژی و كاركردنی هاوبەش لەسەرئاییندەی ناوچەكە بەڵام ڕاچەڵەكاندنێك بوو بۆ ئەمریكا.

سوریا گۆڕەپانی یەكلاكردنەوە

دەستپێكردنی شۆرش و ڕاپەڕین لەسوریا بەدەرنەبوو لە دەستێوەردان و پاڵپشتیكردنی سعودییە بۆگروپەجیاوازەكان لەپێناوخێراكردنی رۆیشتنی بەشارئەسەد بەڕیگای پاڵپشتی دارایی چەك و جبەخانە. كێشەی سوریا بەخێرایی سیماكانی شۆرشێكی ناوخۆیی و جەماوەری لەدەستدا بەهۆی كارایی و ئامادەیی هێزە هەرێمایەتییەكان لەئاڕاستەكردنی هێزەكان و قۆستنەوەی ڕووداوەكان بۆ بەرژەوەندی سیاسی تایبەت كە خۆبەخۆ دۆخی شەرەكەی ئاڵۆزتركردو ئاسۆیی ململانێكانی تاریكتركرد.

میرنشینی سعودیە لەسوریا ئەوەندەی شەڕی پڕۆژەی ئێران و دواتر حزب اللە دەكات ئەوەندە بەئەساس مەبەستەكە بەشارئەسەد نییە واتە سعودییە مەترسیی گەورەی لەسوریا لەئێران و پڕۆژەی ئێرانییە بۆ گەیشتنە ووڵاتانی عەرەبی و كەنداو كە لەخۆیدا كێشەی گەورە بۆ سعودییە دروستدەكات و پێگەی ئەو ووڵاتە لەڕووی هەرێمییەوە لاوازدەكات، و دەورەی سعودییە دەدات لەسێ كەناڵەوە كە عێراق و یەمەن و سوریا، ئەوە بێجگە لەوەی شیعەگەرایی بەهێزدەكاتەوە لەناو شیعەكانی ناوچەی كەنداو تایبەت لەبەحرێن كە زۆرینەی لەژێر تێفكرین شیعەگەرای ئێرانیدایە.

لەبەرامبەردا ئەمریكا پەیوەندییەكانی بردۆتەپێشەوە لەگەڵ ئێران ئەوەش بەدگومانی بریاربەدەستانی سعودییەی خستۆتەوە بەرامبەر سیاسەتەكانی ئەمریكا لەناوچەكە.

ئەو بەشدارییە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆیەی ئێران لەسوریا پارێزگاریكردنە لەتاكە سەرچاوەی گەیشتنی بە ووڵاتانی عەرەبی، بەرۆیشتنی بەشارئەسەد هیچ زەمانەتێك نامێنیتەوە كە ئێران بتوانێت هاوكارییەكانی بگەیەنێتە حزب اللەو پڕۆژە میژووییەكەی بەناوی(هلال الخصیب) گەشەپێبدات كە خۆی لەپرۆژەیەكی ستراتیژی مێژوویی ئێران دەبینێتەوە بۆ سەپاندنی باڵادەستی بەسەرووڵاتانی عەرەبیدا، بە لەدەستدانی سوریا تەواوی ئەو پرۆژەیە كە خەریكە بەرهەمەكەی دەبینرێت لەعێراقەوە بۆ سوریاو لوبنان، هەروەك سوریا وێستگەیەكی گرنگە بۆ ئێران تاكو پڕۆژەی گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتی لەعێراقەوە بۆسوریا لەبەندەری بانیاس بەرێگای دەریای ناوەڕاست بگەیەنێتە ئەوروپا، هەروەك سوریا بۆ ئێران وەك هێڵی پێشەوەی شەڕی ئیسرائیل دادەنرێت بۆئەوەی ئێران بتوانێت دەورەی ئیسرائیل بدات پێویستی بە سوریا هەیە هەم چەك و هاوكاری بگەیەنێت بەحزب اللە هەمیش دەورەی ئیسرائیل بدات، بەوەش دەتوانێت قوڵایی ئیسرائیل بخاتە ژێرهەڕەشەوە و چاودێری جموجۆڵەكانی بكات دژبەئێران لەداهاتوودا تایبەت لەدەربار بەبەرنامەئەتۆمییەكەی كەبەردەوام هەڕەشەی بۆمبارانكردنی دەكرێت لەلایەن ئیسرائیل.

ئەو ئامانجە سیاسیی و ستراتیژییەی ئیران وادەكات بە فراوانی داكۆكی لە رژێمەكەی بەشاربكات بەرامبەر پاڵپشتی سعودییەو توركیاو ئیسرائیل و قەتەر بۆ گروپەكانی ناو سوریا،لەبەرامبەردا سعودییە ئامادەنییە پاشەكشە لە سیاسەت و گوتاری رۆیشتنی بەشارئەسەد بكات تاكو دەستەبەرییەك نەبینێت لەكەنالێكەوە بۆ كشانەوەی ڕۆڵی ئێران لەسوریاو لوبنان، و باڵادەستی نەبێت بەسەر هاوكێشەی هەرێمایەتیدا.

لەماوەی رابردوودا سعودییە نیگەرانی دەستەوەستانی سیاسەتەكانی ئەمریكابووە كە ڕیگەنادات بەشارئەسەد لەناوببرێت بەیەكجاری، هەروەك بریاربەدەستانی میرنشینی سعودیە تێگەیشتوون لەو وەبەرهێنانەی ئەمریكا دەیكات لەسوریا لەسەرحیسابی ستراتیژو پێگەی هاوپەیمانەكانی لەناوچەكە، بۆیە هاوپەیمانییەكان زیاتر چوارچێوەیەكی هەرێمایەتی وەرگرتووە لەسوریادا تایبەت دوایی دروستبوونی ئاڵوگۆڕبەسەربڕیاری بەشێك لەووڵاتانی ئەوروپاو بە ناڕاستەوخۆ ئەمریكا هەمان شت دەڵێتەوە، بەڵام له پێناو نەكەوتنی تەواوی ستراتیژییەتی ئەمریكی و دواتر هاوپەیمانەكانی لەساتێكدا دەیەوێت بەقۆناغ بڕوات لەگەڵ توانای هەزمكردنی ئەو بۆچوونە كە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، ئەزموونی لیبیاو عێراق ناكرێت دووبارە بكرێتەوە بەڵكو پێویستە هەوڵبدرێت ئەزموونی یەمەن و میسر لەسەروبەندی بەهاری عەرەبی باشترین نموونەیە بۆ وێران نەبوونی ژێرخانی تەواوی ووڵات لەم خاڵەدا ڕوسیاو ئەمریكا هاوكۆك دەبنەوە لەمامەڵەكردنی دۆسیەیی سوریا لەوەی بەشارئەسەد بەشێك بێت لەچارەسەری بۆقۆناغی گواستنەوه.

بەشێك لەتوێژەران پییانوایە سوریا گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكانە لەنێوان بكەرە جیاوازەكان بەدیوێكی دیكە گۆڕەپانی هەماهەنگی و داڕشتنەوەی بنەماهاوشەكانی كاركردنە لە نێوەندی نێودەوڵەتی.

 

 

دووبارەبوونەوەی مێژوو یان سەرەتایەكی تازە

كاتێك یەكێتی سۆڤییەت دەڕواتە ئەفغانستان و داگیری دەكات ساڵی( 1979-1989)میرنیشینی سعودییە یەكێكە لەو دەوڵەتانەی هاوشانی چەند دەوڵەتێكی دیكە هاوكاری جیهادییەكانی ئەفغانستان دەكات بۆ دەركردنی هێزەكانی سوپای سوور لەئەفانستان، لەو جەنگەدا سعودییە بەچەك و پاڵپشتی دارایی گەورە كۆمەكی هێزە دژەكانی یەكێتی سۆڤییەتی دەكرد، كەبەیەكێك لەهۆكارەكانی شكستی یەكێتی سۆڤییەت دادەنرێت لەئەفغانستان چونكە سعودییە موجاهیدو چەك و پارەی ڕەوانەی ئەفغانستان دەكرد، دروستبوونی قاعیدە بە پارەو پاڵپشتی سعودییەو ڕاهێنانی سی ئای ئەی ئەمریكی دروستبوون كە تائێستاش پێشرەوی هێزە تەكفیری و توندرەوەكان دەكات لەجیهاندا، بەرەی نوسرەو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەنەوەكانی ئەو هێزە جیهانییەیە. ئەوەی جێگای پرسیارەئایا سعودییە لەبەرامبەر هاتنەناوەوەی ڕوسیا هەوڵدەدات جاریكە هەمان ڕۆڵ ببینێت و پاڵپشتی ئەو گروپانەبكات لەسوریا لەپێناو شكست پێهێنان و دەركردنی ڕوسیا لەسوریا؟

سعودییە خاوەنی چەند رەگەزێكی هێزە لەهەریەك لە هاوتاكانی لەئێران و توركیاو میسر نییە، ئەو ڕەگەزانە، سعودییەی كردۆتە دەوڵەتێك توانایی جموجۆڵ و مانۆڕو ڕۆڵ بینی زۆری هەیە لەهاوكێشەسیاسییەكانی ناوچەكە و وەك هێزێكی هەڕێمی پێگەو رۆڵی بەرچاوی هەیە لەهەرئاڵوگۆڕێكی ناوچەكە، لەهەمانكاتدا یەكێكە لەهاوپەیمانە ستراتیژییەكانی ئەمریكا.

بۆیە هەرچارەسەرێك لەسوریا پێویست دەكات هەماهەنگی و پاڵپشت سعودییەی تێدابێت بۆئەوەی پرۆسەكە سەركەوتوو بێت و بتوانێت بژێت، ئەم هەقیقەتە هەر یەك لە ئەمریكاو ئەوروپا و روسیا تێیگەیشتوون. ڕوسیا لەمانگی تەموزدا هەڵمەتێكی دیبلۆماسی چڕوپڕی دەستپێكرد بەئاڕاستەی ئێران و توركیاو سعودییە بەهاوكاری ئەمریكا بۆدۆزینەوەی ڕێگەچارەی سیاسیی لەسوریا، توركیا لەسەرەتاوە رەتیكردەوە بڕواتە دانوستانێكەوە كە ڕێگەبۆ مانەوەی بەشلرئەسەدبكات،لەبەرامبەردا ئێران ئامادەبوو هەروەها بەپڕۆژەیەك ویستی هاوبەشی بكات بۆ كردنەوەی ڕیگاچارەیەك، هەرچی سعودییە بوو ئامادەی دانوستاند بوو بەڵام بەرەنجامی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەكی ئەمریكاو سعودییەو ڕوسیا هیچی لێ بەرهەم نەهات، تەنانەت هەنگاوی بینینی عەلی مەملوك پیاوی متمانەپێكراوی بەشارئەسەد، دیارە هەموو ئەو هەنگاوانە تەنیا وەك مانۆڕكردن بوو تاكو كاریگەری لەهەڵوێستی سعودییە بكات سەبارەت بەسوریا، بەڵام ڕوسیا نەك دەستبەرداری هەڵوێستی نەبوو بەڵكو هەوڵەكانی هەریەك لە سعودییەو توركیاوقەتری خستە قەیرانەوە بەوەی سیاسەتی بەرامبەر سوریا لەقۆناغی ناڕاستەوخۆوە گواستەوە بۆ قۆناغی ڕاستەوخۆی سیاسیی و سەربازی واتە ڕوسیا پاراستنی سەروەری سوریایی گرتەئەستۆی خۆی بەرامبەر هەردەستێوەرانێك لەلایەن ووڵاتانی هەرێمی دژ بەڕژیمەكەی ئەسەد.

ئەو هەنگاوەی ڕوسیا هاوكاتی تەقینەوەی كێشەی كۆچبەران بوو بەڕووی ئەوروپادا، وایكردهەڵوێستی بەشێك لەووڵاتانی ئەوروپابگۆرێت و بێنە پاڵ بۆچوونەكەی ڕوسیا، دواتر ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنسا هاتنە پاڵ ئەو بۆچوونە بەڵام سعودییە فشاری خستە سەر فەڕەنسا تاكو لەو هەڵوێستە پەشیمان بێتەوە بەهۆی ئەو بۆندە گەورەیەی كە بڕیارە سعودییە بیكات لەگەڵ فەرەنسا بۆكرینی چەك و كەشتی كەبە چەندین ملیاردۆلار دادەنرێت،لەكاتێكدا فەرەنساپێشتر لەگەڵ روسیا رێكەوتبوو لەسەر بەشداری بەشارئەسەد لەقۆناغی گواستنەو لەبەرامبەر پاشگەزبوونەوەی فەڕەنسا لەبۆندێك لەگەڵ روسیا كە دەبوو پارەیەكی زۆر بداتە ڕوسیا، هەرچی ئەمریكا بەشێك لەتوێژەران پێیانوایە ئەمریكا نزیك بۆتەوە لە هەڵبژاردن بۆیە ئۆباما نایەوێت كارتێكی بەهێز بداتە دەست كۆمارییەكان تاكو دیموكراتەكانی پێ بیهێزبكەن لەكاتێكدا بەدرێژایی چوارساڵ زیاترە ئیدارەی ئۆباما گوتاری سیاسیی و دیبلۆماسی بریتییە لەرۆیشتنی بەشارئەسەد لەسوریا،وبۆئەوەی ستراتیژییەتی ئەمریكا بەو خێراییە بەرامبەر ڕوسیا نەكەوێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام لەناو ئیدارەی ئۆباما زۆركەم لە دارودەستەكەی بڕوایان بەرۆیشتنی ئەسەد هەیە ئەوانیكە لەمێژە وەك ئەلمانیاو بەشێكی ئەوروپا لەگەڵ مانەوەی ئەسەد دان بۆ قۆناغی گواستنەوە،هەرچی توركیایە ئەردۆگان دوای سەردانی بۆ روسیا لەكردنەوەی مزگەوتێك گوتاری ئالوگۆری تێكەوت بۆ پاڵ ووڵاتانی ئەوروپا بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەیی و دروستبوونی هەرا ئەردۆگان بەخێرایی رەتیكردەوە كەسێك دەستی لەخوینی خەڵكی وولاتەكەی بێت دانیشتنی لەگەڵ بكرێت، هۆكاری ئەردۆگان بۆپاشگەزبوونەوە لەو ئالوگۆرە فاكتەری ناوخۆییە كە تائێستا دەنگی ئیسلامییەكانی پێ ڕادەكێشێت لەهەڵبژاردن، هەروەها بەڵێنی ناوچەیەكی ئارامیداوە لەسوریابۆیە هەرپاشگەزبونەوەیەك كاریگەری لەسەر رێژەی دەنگەكانی دەبێت، حالەتی سوریا كارتێكی بەهێزە لەیەكلاكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بەدەست ئەردۆگانەوە.

لەسەرەتایی هاتنەناوەوەی ڕوسیا لەسوریا، میرنشینی سعودییە تەواو بێدەنگ بووهەندێك لەبۆچوونەكان باسی ئەوەیان دەكرد سعودییە ئاگادارو رەزامەندە لەهاتنەناوەوەیی روسیا، بەڵام كاتێك روسیا ڕایگەیاند جگە لە سوپای ئازادی سوریا ئەوانیكە هەموویان بەهەمان پێوانە مامەڵە دەكات، لەوكاتەوە سعودییە كەوتە ناڕەزایی دەربڕین بەوەی داخڵبوونی روسیا كێشەكە ئالۆزتر دەكات و سعودییە لاری هەیە لە بەیەك پێوانە مامەڵەكردنی هەموو هێزەكان، لەسەرەتایی هێرشی ئاسمانی سعودییە دەیبینی چۆن فرۆكەی روسی بۆمبارانی ئەو هێزانەدەكات و ناچاری پاشەكشەیان دەكات لە ناوچەكانی ژێردەستەڵاتیان بۆیە دەنگۆیی دووبارەبوونەوەی ئەزمونی ئەفغانستان دەركەوتەوە كە سعودییە ڕەنگە ئەو هەنگاوەبگرێتەبەر لەبەرامبەر هاویشتنە دەرەوەی لەسوریا لەلایەن روسیاوە، چونكە بڕیاربەدەستانی سعودییە پێیانوایە كشانەوەی هێزەشەڕكەرەكان لەسوریا بەهەڵسانەوەی بەشلرئەسەدكۆتایی دێت لەوێوەش ئێران و پرۆژەی باڵادەستبوونی لەبندەستی رووسەكانەوە گەشەدەكات، لەوپێناوەشدا سعودییە بڕیاریدا هاوكاری ئەو هێزانەبكات بەچەك و جبەخانە.

بەڵام پێناچێت سعودییە بتوانێت هەنگاوێكی لەو جۆرە بنێت لەئێستادا لەبەر چەند حاڵەتێك:-

1-ستراتیژییەتی سعودییە لەماوەی هەشتاساڵی ڕابردوو بریتی بوو لە نەچوونە جەنگەوە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ، بەڵا دوای گەیشتنی نەوەی سێیەمی بنەماڵەی پاشایەتی بۆ دەسەڵات بەشوێن ئەو ڕۆڵە مێژووییەوە بوون كە پێویستە سعودییە بیگێرێت لەناوچەكە تایبەت دوایی دەرچوونی یەمەن لەژیر دەستی ریاز لەلایەن حوسییەكانەوە، ئیتر نەوەی تازە لەدەسەلأت گۆڕانكارییان لە ستراتیژییەتی پێشوودا كرد بۆ چوونە جەنگەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ بەڕامبەر دوژمنی سەرەكی میرنیشینەكە كە ئێران ە، ئەو خوێنەتازەیەیی گەیشتە دەسەڵات بەپشتبەستن بەو سەرچاوە داراییە گەورەیەی سعودییە هەیەتی دەتوانێت ڕۆڵی یەكلاكەرەوە ببینێت لەئامادەیی( موبادەرەو چوونە ناوەوەی سەربازی ڕاستەوخۆو وەگەرخستنی دەرامەتەكان بەشێوازی تەواوەتی). ئەو سەركردایەتییە لەگەڵ ئەوەی رەگەزی بەهێزی لەبەردەستدابوو بەڵام چوونە چەنگ بەپێی ستراتیژو پلانیكی تۆكمە نەبوو بەڵكو زیاتر هەڵپەو خۆدەرخستن بوو لەڕووی ئێران و نمایشكردنی رۆلێكی هەرێمایەتی كەتوانای ڕاگرتنی فراوانخوازییەكانی ئێرانی هەیە،بەواتایەك سعودییە خاوەنی ستراتیژێكی دیراسەكراو تۆكمەو مەودا درێژی نییە بۆ پێگەو ئاستی ڕۆڵ بینینی لەناوچەكە وەك دەوڵەتێكی هەرێمایەتی.

2-دابەزینی نرخی نەوت بۆ كەمتر لەنیوە لەبەرامبەر نرخی پێشوویداو بەوەش بۆدجەی ساڵانەی سعودییە تووشی كورتهێنان دەكات، چونكەلە90% بودجەی سعودییە لەسەرنەوت ە بۆنموونە وادەبینرێت لەگەڵ كۆتایی هاتنی 2015دا ڕێژەی كورتهینان لەتێكڕای داهاتی ناوخۆیی كەمبكاتەوە20% لەكاتێكدا لەسالانی پیشووتردا بەبەردەوام حالەتی زیادبون هەبوو لەبودجەدا بەهۆی بەرزی نرخی نەوت بەرێژەی20%. دابەزینی دراوی یەدەگی بیانی لەبانكی ناوەندی سعودییە گەیشتۆتە لە10% لەنیوان 2014 تاناوەڕاستی 2015بۆیە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاگاداری ئەوحاڵەتەی كردووە كە یەدەگی سعودییە تووشی خورانەوە دەبیێت لەماوە مامناوەند ئەگەر سەرچاوەكانی داهاتی جۆراوجۆرنەكات.

3-شەڕی یەمەن یەكێك لەگرنگترین ئەو قەیرانانە دادەنرێت بەرامبەر دروستكەرانی بریار لەسعودییە.لەسەرەتاوە بیاربەدەستان وەك گەشتێك تەماشایی چوونە جەنگ یەمەنیان دەكرد كە لەماوەیەكی كەمدا كۆتایی پێدەهێنرێت بەڵام ئەوەندەی جەنگ ڕاگەیەنرا لەماوە چەندمانگدا تائێستا سعودییە نەیتوانیوە لەسەر زەوییدا هەنگاوی گەورە بهاویژێت بۆ دەركردنی حوسییەكان لەپایتەخت و گەراندنەوەی عبدهادی ربە. شەڕی یەمەن بەبۆچوونی زۆرێك تێوەگلاندنی ئەو سەركردایەتییە هەڵپەكارەبوو بۆتووشكردنی بەخوێنبەربوون و دابرینی سعودییە لە كێشەی سوریا و دواتر ئالوگۆڕكردنیان، ئەم بۆچوونە تائاستێك هەقیقەتی تیادابوو گەر هەمووشی نەبێت چونكە جەنگی یەمەن تەنیا شەرێك نییە لەودیو سنورەكانەوە بەڵكو بەخێرایی پرشكی گەیشتە ناو سنوری شارەكان و كاریگەری بەسەر ئاسایشی سنوری باشوری رۆژئاوایەوە داناوەلەهێرش و تۆپبارانكردن، هەروەها كاریگەری لەسەر لاوازكردنی ئاسایشی ناوخۆ داناوە بەجۆرێك هێزە توندرەوەكان لێرەو لەوێ خەریك ن كردەی تیرۆریستی ئەنجامدەدەن، بەو واتایە سعودییە ئێستا لەنێوان شەڕێكی دەرەكی و ناوەكیدا گیری خواردوە دەربازبوونی ئاسان نییە،لەهەمانكاتدا ڕاپۆرتەكان باس لەوە دەكەن ئەمریكا بەجدی دەسەڵاتدارانی سعودییەی ئاگاداركردۆتەوە ئەو دۆخەنێودەوڵەتییە تاكو سەر ئاوانامێنێت لەبێدەنگیدا بەرانبەر سعودییە بۆیە گرنگە بەخێرایی ئەو شەرە یەكلابكرێتەوە،بەڵام دەسەڵاتدارەتازەكان لەنێوان سەركەوتن و شكستی جەنگ لەیەمەن داهاتووی سیاسیی خۆیان دەبیننەوە بۆیە سەرەرایی بێ ئەنجامی جەنگەكە سعودییە ئامادەنییە پاشەكشەبكات لەڕێگەی ڕێكەوتنەوە.

4-دەركەوتنی ناكۆكی ووڵاتانی عەرەبی و كەنداو لەسەر جەنگی یەمەن و سوریا لەگەڵ سعودییە بۆنموونە میسر لەسەرەتاوە هاوڕایی سعودییە نەبوو لەو جەنگە بۆیە بەشدارییەكانی هەمیشە رەزمی بوون لەوەش زیاتر ناكۆكی لەسەر دۆسیەیی سوریا بەیەكجاری نێوانی ئەو دوو وولاتەی تەقاندەوە لەم دواییەدا ئەوەش دەوڵەتێكی بەهێزی ناوچەیی لەسعودییە كردەوە، هەروەها ئیمارات لەگەڵ ئەوەی لەشەڕی یەمەن بەشدارە بەڵام ئەجیندای جیاوازە لەگەڵ سعودییە بۆیە لەناوچەی باشوور بەولاوە نارواتە شەركردن و تەواوی ئەو ناوچەیەی لەژێركۆنترۆڵ خۆی هێشتۆتەوە، بەواتایەك شەڕی یەمەن بۆ ئیمارات رێگەگرتنە لەگەڕانەوەی ئیخوانەكان بۆ سەرساحەی سیاسی لەیەمەن كە سعودییە لەئێستادا نزیكە لەگەڵیان،دەربارەی سوریا لەسەرەتای كێشەكەوە تاكو ئێستا ئیمارات باسی رۆیشتنی ئەسەدی نەكردوە لەم ماوەیەشدا ڕاپۆرتێك كەوتە سەر رۆژنامەكان كە میسرو ئیمارات نەوت بۆ بەشارئەسەد دەنێرن، ئوردن هاوشێوەی وڵاتانی دیكە بۆچوونی گۆراوە بەواتا لەناوچەی كەنداو تەنیا سعودیەو قەتەر لەسەرهەمان بۆچوون كاردەكەن ئەوەش بۆخۆی كارلەسەر تواناكانی سعودییە دەكات لەهەر جموجۆڵێك و بەرزی ئاستی داواكارییەكانی لەسوریا، هاوكات میسرو ئوردن و ئیمارات كۆكن لەگەڵ هاتنەناوەوەی ڕوسیا بۆسوریا بەمانای ئامادەن بۆ قبوڵكردنەوەی بەشارئەسەد لەجامیعەی عەرەبی كە لەئێستادا كاری بۆ دەكرێت.

5-كێشەی ناوخۆیی بنەماڵەی پاشایەتی رۆژدوای رۆژ گەشەدەكات و ڕوو لەتەقینەوە دەكات وململانێكانی نێوان محمدی كوڕی سەلمان پاشای سعودییە لەگەڵ نەیارەكانی گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بەییاننامە دەربكەن بۆ كودەتاكردن بەسەر ئەو دەسەلاتەدا ووڵاتی خستۆتە بەردەم هەڵەشەییەكانی گەنجێكەوە هیچ ئەزموونی نییە لە حوكمرانی. پادشای شعودیە سەلمان كوڕی عەبدول عەزیز بەهۆی گەورەی تەمەن و تووشبوونی بەنەخۆشی زەهایمەر توانایی بەرێوەبردن و ئیدارەدانی دۆسیەناوخۆییی و دەرەكییەكانی نییە بۆیە محمدی كوڕی بۆ ڕێگەخۆشكردن و گەیشتنە جێگری یەكەم كاردەكات بەوەش تەواوی ئەو كەس و گروپانەی كردۆتەئامانج و یەك یەك دەیانخات ئەوەی لەبەردەمی ماوە وەك كۆسپی هەرە گەورە محمد كوری نایف جێگرەوی یەكەمی پادشایە لەئێستادا كوری پادشاخەریكە كەسەنزیكەكانی كوری نایف دووردەخاتەوە تاكو كۆتاجار محمد كوری نایف بەئاسانی و بێ ڕێگری بخات و ببێتە پادشادوایی باوكی.

ململانێ و ناكۆكی لەسەر دەسەڵات و داهات لەناو بنەمالەی پاشایەتی گەیشتۆتە ترۆپكە بۆیە قەیرانەكانی ناوخۆیی رۆژانە گەورەتر دەبن ئەو حاڵەتەش خۆبەخۆ كاریگەری لەسەر پەرژان لەكێشەدەرەكییەكان دروستدەكات.

6-جیاوازی زەمەن و سەردەم گۆڕاوە سەبارەت بەو شێوازە كاركردنە، پێشتر سعودییە بەناوی رەتكردنەوەی ئیلحادەوە دژایەتی یەكێتی سۆڤییەتی دەكرد بەڵام لەئێستادا رۆسیا بەهیچ كلۆجێك ناچێتەوە سەر ئەو رێچكەیە تاكو وموجاهیدی بۆ تەیاربكات،زیادلەوەش پۆتین ئایینی وەك رەگەزێك لەئایدیۆلۆجیانەتەوەییەكەیدا وەگەرخستووە.

سەردەمی جەنگی سارد ئەمریكا سەركردایەتی بلۆكی سەرمایەداری دەكرد بەرامبەر سۆشیالیستی بەڵام لەئێستادا ئەو جەمسەربەندییە لەگۆریدانییەو ئەمریكا هیشتا روسیا بە هەڕەشەو مەترسی بۆسەر ئاسایشی جیهان و بەرژەوەندییەكانی نابینێت تاكو شەڕی بكات هاوكات ئەمریكا لەئێستادا نایەوێت ئەزموونی قاعیدە دووبارەبكاتەوە چونكە 11 سیپتێمبەر لە زاكیرەی ئەمریكییەكان ناسریتەوە بەئاسانی.

ئەمریكا تاكو ئێستا لەسوریا ئەوەندەی خاڵی هاوبەشی لەگەڵ روسیا هەیە ئەوەندە خاڵی ناكۆكی نییە لەاوەی مەودا كورتدا بۆیە شڕی بەرامبەر روسیا ڕانەگەیاندووە لەوێوە سعودییە وەك دەوڵەتێك كە كێشەی گەورە هەیە لەئێستادا لەیەمەن و ناوخۆیدا و لەگەڵ هاوپەیمانە مێژوویی و ستراتیژییەكانی ناتوانێت جەنگێك ڕابگەیەنێت بەرامبەر دەوڵەتێكی وەك ڕوسیا.

بژاردەكانی سعودییە

هەر دەوڵەتێك تێوەگلابێت لەشەری ووڵاتێكی دیكەو كێشەی ناوخۆیی گەورەی هەبیت ناتوانێت رۆڵی كاریگەرو بەهێزی هەبێت لە ڕووداو و كیشەكان ناوچەكە، ئەگەر تەماشای ئەو دەولەتانە بكرێت بۆ هەماهەنگی لەگەڵ سعودییە لە دژی روسیا دەبێت ئاور لەتوركیابدرێتەوە كە دەوڵەتێكی هەریمایەتییە بەڵام لەئیستادا توركیا لەشەریكی ناوخۆییدا گلاوە كەپێناچێت بەئاسانی دەربازی بێت، هەروەها پارتەكەی ئەردۆگان لەهەڵبژاردنی پێشوو نەیتوانی دەنگی پێویست بێنیت بۆ پێكهێنانی حكومەت و تووشی قەیران هاتووە لەئاستی ناوخۆدا بۆیە چاوەروان ناكرێت بتوانێت دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بەتەنیا حكومەت پێكبێنێت ئەوەش بۆخۆی كاریگەری بەسەربنەماكانی دەسەڵاتەوە دەبێت كە ئاكپارتی هەمووی لای خۆی كۆكردبۆوە بۆیە توركیا هاوشێوەی سعودییە بەجیاوازی هەندێك تایبەتمەندییەوە كێشەو قەیرانی گەورەی ناوخۆیی هەیە، وپابەندێتی بە بەرژەوەندییە ئابوری و بازرگانی و وەبەرهێنەكییەكانی لەگەڵ روسیا ئاسان نییە برواتە جەنگەوە لە دژی روسیا.

ئیسرائیل یەكێكە لەو ووڵاتانەی بەرژەوەندی لەسوریا هەیە و ئاسایشی نەتەوەیی بەسوریاوە بەستراوەتەوە بۆیە هەرگۆرانێك كاریگەری بەسەر ئیسرائیلەوە دەبێت، بەڵام روسیا بەخێرایی دڵنیایی دایە ئیسرائیل لەوەی ئێران و حزب اللە نابنە مەترسی بۆسەر ئیسرائیل لەسوریاوە، خۆئەگەر ئیسرائیل هەر بەردەوام بێت لەژێرەوە ئەوا دوورنییە روسیا چەك و جبەخانەی پێشكەوتوو بداتە حزب اللە تاكو ناوجەرگی ئەو ووڵاتە بۆمباران بكات وە لە جۆلانەوە بەرەیەك بكرێتەوە بەرامبەر ئیسرائیل كە تووشی سەرئێشەی گەورە دەبێت لەونێوانەدا.

لە سێیەم سەردانی جێگرەوەی دووەمی پادشا كە دەكاتە محمدكوری سەلمان لەگەڵ محمد كوری زاید جێگری پادشای ئیمارات بۆ روسیا و بینینی پۆتین سەرۆكی روسیا، گوتاری وەزیری دەرەوەی سعودییە گۆرانكاری بەسەرداهات دوربارەی رۆیشتنی ئەسەد لە دەسەڵات، سعودییە دەزانێت روسیا دەتوانێت هەنگاوەكانی شەڕی یەمەن گرانتربكات لەبەردەم سعودییە تایبەت لەڕێگەی ئێرانەوە، وە ئەو هێزانەی لەناو سوریا شەڕدەكەن ناتوانن هیچ دەستكەوتێكی سیاسیی بۆ سعودییە لەئاییندەی سوریا دەستەبەربكەن بۆیە دەیەوێت لەڕێگەی روسیاوە ببێتە بەشێك لەهاوكێشەی چارەسەری لە سوریا تایبەت دوایی وەرگرتنی دەستەبەری لەروسیاوە لەدروستنەبوونی مەترسیی لەسەر سعودییەوە لەلایەن ئیرانەوە‌، بەڵام ئەو هەوڵەش تێكدرا و لەئێستادا باسوخواسی پاڵپشتی سعودییە هەیە بۆ ئەردۆگان تاكو لەهەڵبژاردن سەربكەوێت بۆ هاوسەنگكردنی بەرەكەی دوای لەدەستدانی میسر، هەروەها هەنگاوەكان بەرەو ئەوە دەرۆن جاریكە پاڵپشتی سوپای ئازادی سوریا بكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی فرۆكەكانی ڕوسیا.

ئەم هەڵبەزو دابەزی گوتارو هەوڵوێستەی سعودییە وابەستەی قەیران و خۆبەدەستەوەانێكی گەورەیە لەیەمەن و سوریا بەڵام نایەوێت ڕێكخستنەوەی هاوكێشەی هێزەهەرێمایەتییەكان لەسەرحیسابی پێگەی ئەوبێت.