ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قەیس محەمەد/ سیستەمی پەرلەمانی لەكۆمەڵگەی ناپێگەیشتوو

یەكێك لەو تەنگژانەی رووبەرووی سیستەمی پەڕلەمانی دەبێتەوە لەجیهانی سێیەم دا كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕیم ی كوردستان لەو پۆلبەندییەدایە، بروانەبوونی هێزو پارتەسیاسییەكانە بە بنەماكانی دەستاودەستكردنی دەسەڵات و پەیرەویكردنێكی سروشتیانە لە ململانێ و كێشمەكێشە سیاسییەكان، بۆیە تاكو ململانێكان پێشبكەون و توند ببنەوە بەرەنجام ی پێچەوانە دەخاتەوە بەوەی یاساكانی ململانێ هەڵدەگێردرێتەوەو كۆی سیستەم و پڕۆسەی سیاسیی دەخاتە لێواری داڕووخان.

ڕەفتارو فكری سیاسیی گەمەكەرەكان لەژیان و پرۆسەی سیاسیدا دەرهاویشتەی دۆخی كۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئابووری دیاریكراوە، بەمانایەك هێزەسیاسییەكان لەمنداڵدانی ئەو كولتورو بارەكۆمەڵایەتی و سیاسییەوە هاتۆتەدەرەوە كە سەربەقۆناغێكی دیاریكراوی گەشەی ئابوری و ئامرازەكانی بەرهەم هێنان ە لەكۆمەڵگادا. ئامرازەكانی بەرهەمهێنان و گەشەی ئابووری،بوونی كۆمەڵایەتییانەی مرۆڤ و هۆشیاری سیاسیی دیاریدەكات، لەوێوە سیستەمی سیاسیی درێژكراوەی سیستەمە ئابورییەكەیە لەكۆمەڵگادا، بۆیە داواكردنی زیاتر لە پێدراوەكانی قۆناغەكەو بازدان بەسەرفكرو هۆشیاری قۆناغە مێژووییەكە زیاتر دووركەوتنەوە ڕوودەدات لەتەواوكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتی مێژوویی، ڕەنگە ئەم بۆچوونە رەخنەبكرێت بەوەی ناكرێت چاوەڕوانی بكرێت سەدەیەك تاكو دۆخی تایبەت بێتەپێشەوە بۆگۆڕانكاری، بەڵام گەر بەربنەمای پێدراوە واقعییەكان شرۆڤەی دۆخی ئێستا بكرێت دەردەكەوێت ئابووری تاكو ئێستا سیماو تایبەتمەندی بەكۆی سیستەمی سیاسیی و كۆمەلایەتی رۆشنبیری دەبەخشێت نەك پێچەوانەكەی بێت، ئەو هەوڵانەی دەبینرێت بۆبازدان بەسەر قۆناغ دا بەشێكە لەكورتبینی و ناوقعبینی مێژوویی و كۆمەڵایەتی و سیاسیی و كولتوری لەشیكاركردنی پێدراوەكان و دیاریكردنی ئەركەكانی قۆناغەكە.

هەموو هەوڵێك بۆ تێپەڕاندنی قۆناغێك بێ چاوكردن لەپێگەیشتن و گەشەیەكی هەمەلایەنە و ئامادەییەكی بونیادی لەسەرهەموو ئاستەكان، ژیانی سیاسیی و كۆمەڵایەتی دەخاتە بەردەم كێشمەكێش و ململانێیەكی ناسروشتی و نایەكانگیر كەتیایدا تاك و گروپ و دەستەو چین و توێژەكان ئەرك و پێگەی خۆیان ناناسن و تووشی سەرلێ شێواوی دەبن، ئەوەش رێگە بۆ سیستەمێكی سیاسیی و كۆمەڵایەتی هەڵپەرست و ناسروشتی دەكاتەوە كە كۆمەڵگا بەرەو تونێلێكی تاریك و بێ چارەنووس ڕادەكێشێت، وئاراستەی گەشەكردنی كۆمەڵگا پەكدەخات و لەونێوانەدا پرسەكانی سیستەم و ژیان و دامەزراوە دیموكراسییەكان و دەستاودەستكردنی دەسەڵات جگەلەگاڵتەجارییەك زیاتر هیچی دیكە نییە، چونكە ئەو كۆمەڵگایە هێشتا دەربازی بیرو نەریت و تایبەتمەندییەكانی خێڵ و عەشیرەت و بنەما تەقلیدییەكانی ژیانی سەرەتایی نەبووە كە تیایدا باڵادەستی بۆ هێزو توندوتیژیی نواندنە نەك ئەقڵ و لۆژیك.

سیستەم ی سیاسیی و دامەزراوەی مەدەنی و دیموكراتی لەكۆمەڵگادا دەرهاویشتەی پەرەسەندنی ئامرازەكانی بەرهەمهێنان و ئالوگۆرێكی سروشتی پەیوەندییەكۆمەڵایەتییەكانە كە تیایدا كۆمەڵگایەكی بەهێزو چاڵاك بوونی دەبێت لەوێوە هیچ هێزێك ناتوانێت رۆڵی كۆمەڵگا تێپەڕێنێت و پێ لەبنەماكانی پێكەوە ژیان و ئاشتی كۆمەڵایەتی بنێت.