ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قەیس محەمەد /داعش مەترسییەكی جیهانی و گەڵاڵەبوونی چارەسەرییەكان لەمەڕ سوریا

سەرەڕایی كێشمەكێش و نارەزاییەكانی ئیسرائیل بەرامبەر ئەمریكا لەدەربار بە دۆسیەیی ئەتۆمی ئێران و هەوڵەكانی ناتنیاهۆ بۆ دەستەبەركردنی پاڵپشتی كۆمارییەكان لەكۆنگرێسی ئەمریكی تاكو ڕێگری لە بەئەنجامگەیاندنی ئەو دۆسییە بكرێت، بەڵام ئێسرائیل هێشتا هەر هاوپەیمانەستراتیژەكەی ئەمریكایە لەئاستی ناوچەكەوهەموو سیاسەت و پڕۆژەیەكی ستراتیژی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە فلتەری بەرژەوەندی و پێگەی ئیسرائیل دا تێپەڕدەكات.

پەرەسەندنەكانی شەڕی سوریاو گواستنەوەی ئاستی بەشدارییەكانی ڕوسیا لەناڕاستەوخۆ بۆ ڕاستەوخۆ و بەشداریی كردەیی لەجەنگ بەرامبەر گروپە شەڕكەرەكانی ناو سوریا، تەواوی هاوكێشەی سیاسیی و مەیدانی گۆڕی و گوژمێكی بەهێزی خستە بەر هەوڵەكان بۆ كۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكان لەئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەسەرچۆنییەتی گەیشتن بەچارەسەرێكی سیاسیی كە ڕێگە لە دووبارەكردنەوەی دۆخی عێراق و لیبیاو ئەفگانستان دەگرێت لەسوریا.

بەشداریكردنی ڕوسیا لەشەڕی سوریا بژاردەی بەردەم هێزە هەرێمایەتییەكانی بەتەواوی كەمكردەوە لەیەكلاكردنەوەی دۆخی سوریا بەڕێگەی دەستێوەردانی سەربازی و دەرەكی. هاوشانی ئەو هەڵمەتە ئاسمانییەی ڕوسیا، لەسەرئاستی سیاسیی جموجۆڵەكان بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەك و تێگەیشتنێك بۆ دۆخی سوریا ڕۆژ دوای ڕۆژ لەبەرەو پێشچووندایە لەئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، تایبەت دوای كۆبوونەوەی ڤییەنای یەك و دوو، توانرا سەرەتای پڕۆسەی سیاسیی لەسوریا دیاریبكرێت و لەهەمان كاتدا ووڵاتانی بەشدار گەیشتنە ئەو بنەمایەی كە بەرەی نوسرەو داعش دوو گروپی تیرۆیستین و پێویستە سەرجەمی ووڵاتانی بەشداربوو هاوبەشی بكەن بۆ لەناوبردنی، لەكاتێكدا هێشتا ناكۆكی لەسەر دوو گروپ ماوەتەوە كە بریتین لە سوپای ئیسلام و ئەحرار ئەل شام كە لەلایەن توركیاو قەتەرو سعودییەوە پألپشتی دەكرێن،‌ ناكۆكی لەسەرئەوهێزانە جێهێڵراوە بۆ تیڕوانین و هەڵوێستی كردەییان لەڕووبەڕووبوونەوەی داعش و نوسرە، ئایا ئامادەییان هەیە شەر لەدژ ئەو دوو گروپە تیرۆریستە ڕابگەیەنن یان دەبنە بەشێك لەپڕۆژەی تیرۆر؟. لەحاڵەتی نەڕۆشتنە شەڕی داعش و بەرەی نوسرەوە بێگومان پاڵپشتییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكەیان لەدەست دەدەن وەك هێزگەڵێك كە تاوانی دژە مرۆییان ئەنجام نەداوە تاكو ئێستا.

ووڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا، فەڕەنسای لێدەرچێت گەیشتونەتە ئەو بۆچوونەی كە پێویستە ئەسەدبەشێك بێت لەپرۆسەی بونیادنانەوەی پرۆسەی سیاسیی و داڕشتنەوەی سیستەمی سیاسیی و دەستوریی لەسوریا تاكو دواتر لەسیاقی ڕێكەوتنێكی هەمەلایەن چارەنووسی ئەسەد دیاریبرێت. گەڵاڵەبوونی ئەو تێگەیشتنە دوای بەشداری ڕوسیا لەشەڕی سوریا زیاتر تۆخكرایەوەو لەكۆبوونەوەی دووەمی ڤییەنا لەلایەن حەڤدە دەوڵەتەوە سەر رێگا خرا بۆ دیاریكردنی ئایندەی سیاسیی و چۆنییەتی ڕووبەڕووبونەوەی تێرۆر لەسوریا. لەئێستادا ناكۆكی گەورە لەنێوان ئەمریكاو ڕوسیا بەپلەی یەكەم دەگەرێتەوە بۆ چارەنوسی ئەسەد لەدەسەڵات بەچ شێوازێك دەڕوات.

 فەڕەنسا لەماوەی ڕابردوودا سیاسەتی دەرەوەی لە مامەڵەكردنی دۆسیەیی سوریا خاوەنی تێروانین و ستراتیژی سەربەخۆ نەبوو هەرلە پێكهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە كە ئاستی بەشدارییەكەی زۆركەم بوو بۆ مامەڵەكردنی گروپە شەڕكەرەكانی ناو سوریا، لەووتەیەكدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕەزامەندی خۆی بەرامبەر بەرەی نوسرە دەردەخات، نەك هەرئەوەندە بەڵكو ئەو اڕۆشنییە لەمامەڵەكردن فەڕەنسای ڕاكێشا بۆ تەڵەزگەی سعودییە لەژێركاریگەری ئەو بۆندە گەورانەی چەك و بەڵێن دان بە وەبەرهێنانكردن بەچەندین ملیاردۆلارلەفەڕەنسا زیاتر بڕیاری ئەو ووڵاتەی دوورخستەوە لە بینینی ڕۆڵێكی سەربەخۆیانە لەئاست كێشەكانی ناوچەكە. سعودییە لەبۆشایی ئەمریكادا ئەو شوێنە بە فەڕەنسا پڕبكاتەوە لەكاتێكدا فەڕەنسا تێگەیشتووە ناتوانێت ئەو ڕۆڵەببینێت بەڵام دەیەوێت بەشێك لەو بۆندە گەورانە بۆ خۆی ڕابكێشێت كە پێشتر هەمووی بەرئەمریكا كەوتبوون لەناوچەكە دیارە ئەوەش كاریگەری بەسەر ئاراستەی سیاسەتی دەرەكی ئەو ووڵاتەوە دانا لەوەی بووە هاوبەش لە بەردەوامیدان بەلێكترازان و قووڵكردنەوەی ئەو بۆچوونەی پێیوایە ئەسەد بەشداربیت لە داهاتووی سوریا.

فەڕەنسا دوای 13 كانونی دووەم

جیهان بە پەرۆشییەوە لەڕۆژی 14مانگی كانونی دووەمی دەڕوانی كە ووڵاتانی بەشدار لەڤییەنا چۆن مامەڵەی واقعی مەیدانی گۆڕاوی سوریا دەكەن و لەسەر چۆن گەڵاڵەنامەیەك ڕێكدەكەون دەربارەی سوریا، بەڵام شەوی پێشتر كارێكی تیرۆریستی ناوجەرگەی پاریس ی پایتەختی فەڕەنسای كردە ئامانج كە ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی. ئەو كارە تیرۆریستییە دیارە چەندین لێكەوتەی سیاسیی و كۆمەڵایەتی لەئاستی ناوخۆو دەرەوەدا لێدەكەوێتەوە لەئایندەدا، ئەولێكەوتانەی كارەتیرۆریستیەكەی لەسەر سیاسەتی دەرەكی فەڕەنسا دەیخاتەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندار دەبیت بە سیاسەت و ستراتیژی دوورمەودای ئەو ووڵاتە لەمامەڵەكردنی دۆسیەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تایبەت دوایی بەهاری عەرەبی لەپەیوەند بە ئیسلامی میانڕەو و توندوتیژ، بەتێكڕا ئەوروپا پێیانوایە لەبۆشایی بوونی هێزی لیبراڵ و علمانی و نەتەوەیی بەهێزو خاوەن پێگەی گەورە لەناو جەماوەر بۆ گۆڕینی حكومەت و رزگاركردنی ووڵاتانی ناوچەكە لە سیستەمە گشتگیرو خۆسەپێنەكان، پێویستە بوار بكرێتەوە بۆ ئیسلامی سیاسیی میانڕەو چونكە خاوەنی باشترین ڕێكخستن و جەماوەریێكی گەورەن لە گۆرەپانەكە تاكو ڕۆڵ ببینن لەهاوكێشەی سیاسیی ناوخۆیی ووڵاتەكانیان و هاوكێشەی سیاسی هەرێمایەتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم هەنگاوە كە فەڕەنسا تێیدا هاوبەش ە زەمینەی ڕاگرتنی ئیخوان موسلمین لەئاستی هەرێمایەتی كردوە و نایەڵێت پاشەكشەبكات لەهاوكێشەو قەیرانەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام دوای ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە فەڕەنسا پێویستە زیاتر بگەڕێتەوە بۆ بنەما علمانی و رێبازە فكری و سیاسییەكەی لە سیاسەتی دەرەكی و دووربكەوێتەوە لەو هەنگاوی ناڕۆشن و ستراتیژی موجامەلەكردن و بەكاربردنی گروپەتوندرەوە دینییەكان بۆجێگیركردنی سیاسەتەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ناكرێت هاوپەیمانی چەند دەوڵەتێك بكات كە لانكەی گەشەكردن و بلاوكردنەوەی هێزە توندرەوەكانن و تیرۆر هەناردە دەكەن، نەك هەرئەوەندە نا، بەڵكو پێویستە هەنگاوی جدی پەیڕەو بكات لەبەرامبەرسیاسەتی ئەو ووڵاتانەتایبەت میرنشینی سعودییەو قەتەرو توركیا لە دەستگیرۆیی كردنی هێزە توندڕەوەكان لەناوچەكە، چونكە ئەوەی تائێستا فەڕەنسا لەناوچەكە پەیڕەوی كردوە تەنیا سیاسەت نەبووە بەووتەی چەند شارەزایەك لەبواری سیاسەتی دەرەكی فەڕەنسا بەڵكو هەڵپەیەكی ناسیاسی بووە لەو ووڵاتانەی كە بەشوێن كڕینی هەڵویستی سیاسیی و پالپشتی ووڵاتانی گەورەوەن لەئەنجومەنی ئاسایش تاكو پلانەكانیانی لێوە سەربخەن و ئابڕوچوونەكانیان بشارنەوە تایبەت سعودییە لەدۆسیەیی یەمەن ئەوەی ئابڕوچوونەكانی ڕاگرتووه لەبۆمبارانكردن و كوشتنی خەڵكی مەدەنی تەنیا ئەو جۆرە هاوپەیمانییەیە كە ڕێگری دەكات لەڕیكخراوە نێودەولەتییەكان ڕاپۆرتەكانیان بخەنە ڕوو.

فەڕەنسا لەدوای ئەو ڕووداوە ئیتر ناتوانێت لەداڕشتنی ستراتیژی سیاسی خۆی بخاتە خزمەتی ووڵاتانی دیكەوە كە پەرە بەڕەوت توندرەوی دەدەن لە دونیادا، بۆیە ئەو تێگەیشتنە لەبۆشاییەوە نەهاتووە كە ئەگەر بتەوێت لەداعش تێبگەیت پێویستە لەوەهابیزم تێبگەیت.

هەڵوێستی فەڕەنسا بەرامبەر گروپەتوندرەوەكان وابەستەی تێگەیشتنی سعودییەو قەتەرو توركیایە بۆیە ئیتر كاتییەتی ئەو بازنەیە تێپەڕێنێت، هەروەها هەڵوێستی فەڕەنسا بەرامبەر ناوچەی دابڕاو، ئارام كە توركیا داوای دەكات لەسەرەتای شەڕی سوریاوە بەم دواییانە زیاتر بەبەرژەوەندی توركیا دەشكایەوە لەكاتێكدا هاوبیری توركیابوو ئەوەش بۆخۆی تووڕەیی داعشی زیاتركرد چونكە ناوچەكانی ئەو هێزەی دەگرتەوە، بەواتایەك هەڵبەزو دابەز لە هەڵوێست و گوتاری فەڕەنسا لەهەمبەر دۆسیەی سوریا وایلێكردوە فەڕەنسای خستۆتە بازنەیەكی داخراوەوە كە پێگەی لەململانێكانی ناوچەكە نادیارە، هەروەها شوێن ئەجیندای چەندووڵاتێكی ناوچەیی كەوتووە كە زیاتر لەكەداری پێگەو ناوبانگی فەڕەنسای كردوە.

فەرەنسای دوای كارە تیرۆریستیەكە فەرەنسایەك ە بەمسافەیەك خۆی دووردەخاتەوە لە ئەجێندای ووڵاتانی كە دەستیان بە پرۆژەی بەكاربردنی هێزەتوندرەوەكانەوە گرتووە بۆ چنینەوەی بەرهەم لەهاوكێشەی تازەی ناوچەكە، زیاتر لەوەش هەنگاوێك نزیك دەبیتەوە لە سەنگەری ڕاگەیاندنی شەری سەرتاسەری گروپەتوندرەوەكان لەهەموو دونیا نەك تەنیا سوریا، هەروەها گەڕانەوە بۆ بینینی ڕۆڵیكی ڕۆشنترو بەرچاوتر لەهاوكێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ڤییەنا دوو لەژیر كاریگەری ڕووداوەكەی پاریس

 رۆژ دوای كارەتیرۆیستیەكەی فەڕەنسا لەڤییەنا 17 دەوڵەت كۆبوونەوە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك و نەخشەرێگایەك بۆ دۆخی سوریا لەسەروبەندی گۆڕنكارییەتازەكان، بەڵام گوتاری بەشداربووان جیاوازبوو لە گوتاری ڤییەنا یەك، ئەویش بەهۆكاری ئەو دۆخەتازەیەی كە تەواوی بۆچوون و ئاستی خواستەكانی لەژیرەوە ناچاربەگۆڕان كرد.

هەموو بەشداربووان ئەو هەقیقەتەیان ڕاگەیاند كە گروپی داعش بۆتە هەرەشەیەكی نێودەوڵەتی و ئاسایشی جیهانی دەخاتە مەترسییەوە بۆیە پێویستە تەواوی تواناكان رێكبخرێت بۆلەناوبردنی ئەو گروپە، پێچەوانەی پێشوو كە ووڵاتێكی وەك ئەمریكا پێیوابوو داعش تاكو ئێستا نەبۆتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی جیهانی و لەئاستی نیودەوڵەتی ناكارایە بەڵام دوای رووداوەكەی فەرەنسا ئەو وەهمە بەتاڵبۆوە، ئەوەش سەرەتا كۆتایی بەو سەركێشییە نالۆژیكییەی سعودییەو توركیا هێنا بۆ بەشدارپێكردنی هێزگەلێك كە بەتاڵەموویەك لەبەرەی نوسرە جیادەكرێتەوە.

ئەو سیغەیەی ووڵاتان لەڤییەنا پییگەیشتن بەدەرنەبوو لەكاریگەرییەكانی خۆبەدوورگرتنی ووڵاتان لە ڕاكیشانی پەنجەی تاوان بەرامبەریان لە دواخستنی چارەسەرییەك بۆكۆتایی هێنان بە داعش، هەروەك ڤییەنا دوو كۆتایی بەو وەبەرهێنان و بەكاربردنەی داعش و نوسرە هێنا بۆ شكست پێهێنانی بەرامبەر، بەلكو وڵاتان ئەمجارە تەواو وەك خۆیان و بەقورسایی خۆیانەوە لەدۆسیەیی سوریا بەشداربوون، دەرهاویشتەكانیش وابەستەی ئەو دۆخە بوو، بەوەش توركیاو سعودییە بە واژووكردن لەو ڕێكەوتنە دوا دەرگایان بەسەرخۆیاندا داخست لەسوریا و دۆسیەكە تەواو لەدەست ئەو وڵاتانە دوورخرایەوە، گروپەكانی ناوخۆش خرانە بەر ڕەحمەتی هاوكێشەی مەیدانی كە كێ لەبەرەی تیرۆر دەمێنێتەوەو كێ لە دژ تیرۆر دەجەنگێ.

دوو هەوڵی نەزۆك هەبوون یەكیان لەلایەن توركیاوە بۆ داخڵكردنی یەپەگە بە گروپێكی تیرۆریست و وابەستە بە رژێمی ئەسەدەوە بەڵام ئەو هەنگاوە خێرا لەلایەن ڕوسیاو ئەمریكاوە پوچەڵكرایەوە، دووەم لەلایەن سعودییەوە هەوڵدرا سوپای قودس و حزب اللە بخرێنە چوارچێوەی تیرۆرەوە لەسوریا چونكە ئەوانیش بەئەندازەی سوپاكەی ئەسەد بەشدارن لە كوشتاری خەڵك بەڵام ئەو هەنگاوەش سەركەوتوو نەبوو، لەگەل ئەوەی ڕوسیا زۆر رەزامەندنییە لەحزب اللە بەڵام لەئێستادا ڕۆڵیكی بەرچاودەبینێت لەشەڕی داعش و نوسرە لەسوریا هەروەها ئێران بەتەواوی دووردەخاتەوە لەهەوڵی هەرچارەسەرییەك لەسوریا، هەروەها ئەمریكا نایەوێت لەو چوارچێوەیە مامەڵەی ویستی ئێران بكات بۆ ڕاگرتنی حزب اللە لەسوریادا بەڵكو دەیەوێت هەوڵەكانی ئێران بۆ پرچەككردنی حزب اللە كەمبكاتەوە بەرامبەر بە دانپێدانانی ئەمریكا بەبەشارئەسەدلەسوریا، ڕەنگە ئەو بۆچوونەوەك وەهمێك لێكبدرێتەوە چونكە ئۆباما ڕۆژانە دەلێت ئایندەی سوریا جێگای ئەسەدی تیانابێتەوە بەڵام ئەو سیناریۆیانەی لەپشت پەردەوە دەڕوات زۆر كاریگەرترن لەو گوتارانە، سەردانی دوایی ناتنیاهۆ بۆ وەرگرتنی دەستەبەرییە لە هەرهێرشێكی حزب اللە بۆسەر ئیسرائیل كە لە دۆخی ئێستادا بەئاسانی و بی زیانی گەورە تێپەڕناكت تایبەت كە هێزی زۆری ئیران لەسوریا ئامادەیە بۆیە دەیەوێت لەبەرامبەر چارەسەری لەسوریاو مانەوەی ئەسەد ئێران بخرێتە ژێر رێكەوتنێك كە ئاستی پرچەككردنی حزب اللە بەرزنەكاتەوە بەرامبەر ئیسرائیل، چونكە بەهەموو پێوەرێك ئاسایشی ئیسرائیل بۆئەمریكا لەهەرووڵاتێكی دیكە گرنگترە لەناوچەكە بۆیە ئەمریكانایەوێت ئەو دۆسیەبڕوات بەوشێوازەی سعودییە وەك كارتێك بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاری ببات كە دواجار لە هاوكێشەی سیاسیی ناوخۆی لوبنان كاریگەری دەبیت دوایی سوریا.

لەڕووی مەبدەئییەوە حزب اللە هیزێكی خاوەن پێگەو جەماوەرو پالپشتی بەهیزی ئێران ە هەروەها بۆخۆی هێزێكی نادەوڵەتی هەڕێمییە كەتوانای ئەنجامدانی مانۆرو جموجۆڵی زۆری هەیە لەگۆڕەپانی هەرێمایەتی هەروەها تەرەفێكی گەورەی پڕۆسەی سیاسیە لەلوبنان ناكرێت بەو ئاسانییە لیستی تیرۆرەوە لەلایەن سعودییەوە چونكە كاریگەری بەسەر كۆی ژیانی سیاسییەوە دەبێت لە لوبنان.

لوتكەی ووڵاتانی 20 و ئەجیندای توركیا

توركیا كۆبوونەوەی سەرۆكی ووڵاتانی وەك بوارێك دەبینی كە بتوانێت دوای ئەو گۆڕانكارییانەی لەگۆڕەپانی سیاسیی هاتۆتەكایەوە بتوانێت بەشیك لە ویستەسیاسییەكانی بكاتە واقع، لەوپێناوەشدا پرۆژەیەكی تەواوی ئامادەكرد بۆ بەردەست دەوڵەتانی بەشداربوو لەلوتكەی بیست، لەو پرۆژەیەدا هەنگاوەكانی سوپای سوریاو پێشرەوییەكانی بەمەترسی وەرگیراوە لە كۆچێكردنی دەیان هەزار سوری دیكە بۆیە پێویستە ووڵاتان دان بەوەدا بنرێت ڕیگە بە توركیابدرێت ناوچەی دابڕاو دروستبكات بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و رزگاربوونی ئەوروپا لەو كارەساتەی ڕووی تێكردوە بەوەش دەیویست هەستی ئەوروپییەكان بۆخۆی و پڕۆژەكەی ڕابكێشێت، بەڵام هیچ یەكێك لەو ووڵاتانە نەرۆیشتنە ژیركاریگەری پرۆژەو پاساوەكەی توركیا، لەبەرامبەر ئەوەشدا ئۆباما بەئاشكرا ڕایگەیاند وەك هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هیچ نیازێك نییە بۆ بەشداری پێكردنی سوپای پیادە، و ئەو دۆخەی ئێستا لەزەویدا پەیرەوی لێدەكرێت كاریگەرە بۆیە هیچ ستراتیژی تازە لەگۆڕێ نییە، لەهەمانكاتدا پۆتین سەرۆكی ڕوسیا ئەو پڕۆژەیەی ڕەتكردەوە كە رێگەبدرێت بەوەی دۆخەكە ئاۆزبكرێت لەژێرناوی پاراستنی خەڵكی مەدەنی و دروستكردنی ناوچەی ئارام، بەوەش توركیا جاریكە ویستەكانی خرایە دواوە، هەروەك لەو پڕۆژەیەدا سرنج بۆئەوەدرابوو كە یەپەگە بخرێتە لیستی تیرۆرەوە و ڕیگە نەدرێت هەرێمێك لەڕۆژئاوا دروستبكریت وبەئاشكرا توركیا داوای لەئەمریكا كردوە بێدەنگ نەبێت لەسەر فراوانخوازییەكانی یەپەگە، ئەمریكاش ڕایگەیاندوە كە هەركاتێك پەیەدەویەپەگە بوونە مەترسی بۆسەر ئاسایشی توركیا هاوكاری سەربازییان ناكات بەڵام بەبۆچوونی چاودێران ئەو بۆچوونە تەنیا بۆ دوورخستنەوەی گلەی و گازاندەكانی توركیابووە هەروەك ئەوەش ووتراوە ئێمە چەك ڕاستەوخۆ بە یەپەگە نادەین بەڵكو بە سوپای سوریای دیموكراتی دەدەین، بەڵام بەئاشكرا دیارە كە یەپەگە بڕبڕەی پشتی سوپای سوریای دیموكراتیە بۆیە هەوڵەكان لەگەڵ كورد لەڕۆژئاوا گەیشتۆتە ئاستی دیاریكردنی هاوپەیمان و بەراوردكردن لەنێوان كاریگەری هاوپەیمانەكان و پێشینەیی لەنێوانیان.

توركیا هێشتا لەو واقعە نوێیە بێ ئاگایە كە هێواش هێواش ئەو گوتارەی هەمیشە دەوترێتەوە لەسەر رۆیشتنی ئەسەد باوی نەماوەو بەڵكو دەبێت ئێستا هێزەكان رێكبخرێنەوە بۆ كاتی ڕێكخستنەوەی هاوكێشەی سیاسیی لەسوریا و چونكە داعش و بەرەی نوسرە بوونەتە مێژوو لەڕووی دروستكردنی واقعی نوێ لەسوریا بۆیە هەموو هەوڵێكی ئەمریكا ئەوەیە هاورێكانی دوانەكەون لەو هەنگاوە.

ئەمریكا لە سەروبەندی شەڕی كۆبانی تێگەیشت هەرچی پڕۆژەی ڕاهێنان و دروستكردنی هێزی میانڕەوهەیە بۆ شەری داعش سەركەوتوونابێت بۆیە خێراخۆی بەخاوەن یەپەگە كرد سەرەرایی ناڕەزایی توركیا لەو هەنگاوە، چونكە كۆی تابلۆكە ئەوەی دەخستەڕوو كە ئێران بەماوەیەكی كەم دێتە دەرەوە لەو گۆشەگیرییەی تیایدایە، ئەوەش واقعێكی تازە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت كە كاریگەری چۆنایەتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت لەسوریاو تەواوی ناوچەكە، بۆیە ئەمریكا لەو كاتەوە خۆی بۆ سەرڕیگا كەوتنی پڕۆسەی چارەسەری ئامادە دەكات لەچوارچێوەی دروستكردنی ناوچەیەك كە پێگەو بەرژەوەندی ئەمریكا دەپارێزێت لەهاوكێشەی سیاسیی داهاتووی سوریا، ئەم هاوكێشەیە توركیا یان تێیناگات یان نایەوێت دانی پێدابنێت، هەروەك سعودییە دەیكات.

هەوڵەكانی توركیا لە لوتكەی ووڵاتانی 20 بەتەواوی شكستیخوارد، تاكە هەنگاوێك بۆ توركیمابێتەوە بەتەنیا بریاربدات و بچێتەناوەوە لەسوریا لەڕێگەی سوپاوە بەڵام وەزیری دەرەكی ئەو بژاردەیەی بەدوورزانی لەلایەن توركیاوە بەبێ هاوپەیمانەكان.

ئەوەی گفتوگۆ دوو قۆڵی و چوارقۆڵی و دەستەییەكان خستییەروو دەستگرتنە بەو پێشكەوتنە دیبلۆماسییەی دەربارەی دۆخی سوریاهاتۆتەپێشەوە بۆ گەیشتن بەچارەسەر واتە تەكیدكردنەوە لەسەر خاڵەهاوبەشەكانی ڤییەناو خاڵی ناكۆك كە چارەنووسی ئەسەدە پێدەچیت ماوەی داهاتوو هەنگاوەكان زیاتر خۆیان بەرجەستەبكەن لە واقع و چارەسەرییەكان زیاتر ڕۆڵی چەندهێزو ووڵاتێك گەورەبكات و هەندێكیش بەتەواوی بخاتە دواوە.

دروستبوونی واقعی نوێ و گەڵاڵەبوونی چارەسەرییەكان بەسەركەوتنی دیبلۆماسی ڕوسیا هەژماردەكرێت، هەروەك دانوستانەكانی چەند هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ووڵاتانی ئەوروپا زیاتر پێگەی ڕوسیا لەڕووی نێودەوڵەتییەوە بەهێزتردەكات ئەوەش ڕێگە بۆ لێكتێگەیشتن و نزیكبونەوەی ئەوروپاو ڕوسیا دەكات لە دۆسیەی ئۆكرانیا.

لەمڕۆ بەدواوە پێشبڕكێكان لەئاستی نیودەوڵەتی و هەرێمایەتی بۆ جێكردنەوە دەبیت لەهاوكێشەی ناوچەكە كە بەڕۆڵ و پیگەی هەردەوڵەتێك دا دەڕوات لەسوریا، هەرئەوەیە ئەمریكای پاڵپێوەناوە هەوڵەكانی چڕبكاتەوە لە بەشكردنی دەستكەوتەكان لەسوریا لەگەڵ ڕوسیا، لەبەرگرنگی پێگەی جیۆسیاسیی سوریا لەهاوكێشەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.