ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قەیس محەمەد/ راگەیاندنی فیدڕالییەتی رۆژئاوا لەنێوان قبوڵكردن رەتكردنەوەدا

كورد لە ڕۆژئاوا هاوكێشەیەكی تازەیان سەپاندە سەر گۆڕەپانی سیاسیی و سەربازی تێكچرژاو لەنێوان هێزو دەوڵەتان، بەڕاگەیاندنی هەرێمی باكور ( هەرێمی ڕۆژئاوا) وەك تاكە چارەسەر بۆدۆخی كوردو گەلانی ناوسوریا.

هەنگاوی ڕاگەیاندنی فیدرالییەت لەبۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵكو هەنگاوێكە پڕ بەپێستی خەبات و گیانبازی كورد دێت لەرۆژئاواو نەخشەڕێگاكانی تاكو ئێستا خراونەتە ڕوو فیدرالیەت باشترینە لەنێویاندا.

جاڕدانی فیدراڵییەت لەرومیلان ی سەربەحەسەكە بەبەشداری 150كەسایەتی و لایەن كەتیایاندا كوردو عەرەب و توركمان و كلدو ئاشور و سریانی تێدایە، دوو رۆژ دوای بریاری ڕوسیا لەكشانەوەی بەشی سەرەكی هێزەكانی لەسوریا.

ئەم هەنگاوە لەسەرەتاوە ڕووبەڕووی ڕەتكردنەوە بوو لەلایەن هێزە شەڕەكەرەكانی ناوخۆی سوریا، لەهەمانكاتدا ڕژیمی سوریاو ئێران و توركیاو ئەمریكاو دواتر روسیا بەواتایەك ووڵاتانی ناوچەكەو زلهێزەكانی بەشداری لەگۆڕەپانی شەڕ لەسوریا ئەو هەنگاوەیان ڕەتكردەوە بەڵام. بڕیاری ڕەتكردنەوەی فیدڕالیەتی باكور یا ڕۆژئاوالەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سوری هاوشێوەی ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕژێمەكەی بەعس دێتە بەرچاو كە هێشتا ئایندەی سیاسیی و سەربازییان ڕوون نەبوو لە واقعدا كەچی فیدڕالییەت و مافەكان خەڵكی باشوریان ڕەتدەكردەوە لەلەندەن، لەئیستاشدا ئەو ئیۆپۆزسۆنەی كە فیدڕالیەتی ڕۆژئاوا ڕەتدەكاتەوە هەڵگری پرۆژەیەكی نیشتمانی و پێكەوەژیان نییە لە سوریا واتا هەمان ئەقڵییەتی ئەسەدو ڕژێمەكەی پەێرەو دەكەن لەبەرامبەر كوردان ئەوەش ئەو بۆچوونانە بەتاڵدەكاتەوە كە داوای دەكرد لەسەرەتاوە كورد لەژێر چەتری ئۆپۆسیۆزنێكی عەرەبی ئیسلامی فاشیدا هەنگاو هەڵگرێت بەڵام لەئێستادا دەركەوت ئەو هێزانە بڕوایان بە مافەكانی خەڵكی كوردستان لەباشوور نییە.

ئەجێندای هەرێمایەتی بەتایبەت توركیا كاتێك ڤیتۆ لەسەر بەشداری كورد لەڕۆژئاوا دادەنێت تاكو نەرۆنە ژنێڤ و بەشێك نەبن لەپرۆسەی چارەسەری سیاسیی بەواتای بێبەشكردنی كورد دێت لەداهاتووی سوریا لەگەیشتن بەمافەكانی بۆیە ڕاگەیاندنی فیدڕالییەت وەك پێشكەوتنێك بۆهەر چارەسەرییەك دێت كە دواتر بسەپێنرێت بەسەركوردا لەسوریا، لەواقعیشدا ئەو هێزە شەڕكەرانەی ناوخۆی سوریا هیچ نیین جگەلە داردەستێكی توركیا و سعودییە.

پرسیاری سەرەكی ئەوەیە بۆچی ڕاگەیاندنی فیدڕالییەتی ڕۆژئاوا بەر لە دانیشتنی ژنێف و دوای كشانەوەی ڕوسیا دێت لەسوریا؟ ئایا زەمیننەیەكی نێودەوڵەتی سازكراوە بۆ گەیشتن بەفیدڕالییەت و جاڕدانی لەسوریا؟ ئەی ڕۆڵی توركیاو ئێران و سعودییە چێدەبێت لەونێوانەدا؟ ئایا ڕەتكردنەوەی ئەمریكاو ڕوسیا لەكوێی ڕیكەوتنی ژێربەژیری كیری – لافرۆف دایە لەڕاگەیاندنی فیدرالییەت؟

 

كشانەوەی ڕوسیا بۆخۆی هەنگاوێك بوو لەچوارچێوەی ڕێكەوتنی نێوان ڕوسیاو ئەمریكا بۆ سەرخستنی دانوستانی ژنێف و ناچاركردنی هاوپەیمان و دۆستەكانیان تاكو بڕۆنە دانوستاندنی جدییەوە لەپێناو گەیشتن بەچارەسەری بنەڕەتی، چونكە ڕێكەوتن لەئێستادا هەم دەستكەوتێك دەبێت بۆ پێگەو بەرژەوەندییەكانی ڕوسیا لەناوچەكە، لەهەمانكاتدا سەركەوتنێك دەبێت بۆ ئۆباماو ئیدارەكەی بۆكۆتایهێنان بەدۆسیەی سوریا لەسەردەمی ئەودا. 

دوای كشانی هێزەكانی یەپەگەو سوپای سوریای دیموكرات بۆناوچەكانی شەدادییەو گەیشتن بە دەوروبەری عەزاز توركیا بەتەواوی هار بوو بەوەی كورد هەموو هێڵە سوورەكانیان بەزاندوە و دیارە ئەردۆگان لەڕێگەی ڕاگەیاندنەوە چەندین نامە و پەیامی بۆ ئەمریكا نارد پێویستە لەنێوان كوردو توركیا یەكیان هەڵبژێرێت، تائەو كاتە توركیا دوای ئاستی بێمتمانەیی ئەمریكای بەرامبەر توركیا بۆ دەرنەكەوت بوو بەڵام كە ئەمریكا وەڵامێكی ئەوتۆی نەبوو بۆتوركیاو جەختی لەسەر ناتیرۆریست بوونی یەپەگە كردەوەو وەك هاوپەیمان خستییە ڕوو ئەردۆگان لەو هەقیقەتە گەیشت ئەمریكا هەرزانفرۆشی كردوەو لەئایندەی سوریا هیچ ڕۆڵێكی نەماوە. بێدەنگی ئەمریكا لەبەرامبەر كوردو كشانی بۆناوچە هەستیارەكانی سەرسنور لەگەڵ توركیا بەپاڵپشتی ئاسمانی ڕوسیا ئەوەندەی دیكە توركیای تووشی بی ئومێدی كرد لە ئەمریكای هاوپەیمانی بۆیە خێرا ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانەكەی ڕەوانەی ئێران كرد بۆ ڕێگریكردن لە پیلانەكانی ڕوسیا لەسوریاو ناوچەكە لەڕێگەی ئیرانەوە.

كاتێك ڕوسیا بانگەشەی فیدڕاڵیەت دەكات بۆ چارەسەری دۆی سوریا خۆبەخۆو بی ڕێكەوتن نییە لەگەڵ ئەمریكا هەر بۆنموونە كاتێك ۆن كیری لە دانیشتنیك لەگەڵ كۆنگرێس دا ئەوەی خستەڕوو كە درەنگە باسی سوریایەكی یەكگرتوو بكرێت واتا مەحاڵە بتوانرێت سوریا بەو دۆخەی پێیگەیشتووە بتوانرێت كۆبكرێتەوە لەچوارچێوەی یەك سیستەمی ناوەندی بەواتا ئەمریكا گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی كە فیدڕاڵییەت باشترین چارەسەرییە بۆ دۆخی سوریاو هێشتنەوەی وەك دەوڵەتێك هاوسەنگی بۆبگەڕێتەوە لەناوچەكە، هەروەها هەوڵی ئەمریكا بۆ بونیادنانی فڕۆكەخانەی سەربازی لەناوچە كوردییەكانی ڕۆژئاوا ئاماژەیەكە بۆ نەگەڕانەوەی باكور بۆ ژیر دەسەڵاتی ئەسەد وەك پێشوو، دەستگرتنی ئەمریكا بەكوردەوە لەڕۆژئاوا هاوكاتی ستراتیژییەتی تەنیا جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەسەد نییە بەڵكو لەچوارچێوەی پلانێكی درێژخایەنی ستراتیژی ئەمریكادایە. ئەو كاتەی نیوەی كۆبانی بەدەست یەپەگەوە مابوو ئەمریكا گرنگی و ستراتیژی ئەو ناوچەیەی بۆ دەركەوت لە هاوكێشەی سیاسیی داهاتووی سوریا لەكاتێكدا ئێستا یەپەگە سێ بەش زیاتر لەو ناوچانەی بەدەستەوەیە كە بەناوچەی كوردی هەژماردەكرێن و ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت لە هاوكێشەی سیاسیی سوریا .

ڕەتكردنەوەكەی ئەمریاكا لەزمانی مارك تۆنەرەوە بەمانای دژایەتیكردن نایەت بەلكو لەئێستادا دانی پێدا نانێت وەك دەوڵەتێكی زلهێز كە خاوەنی بەرژەوەندی و هاوپەیمانییەكی گەورەیە لەناوچەكە بۆیە پێش واقعێكی سەرەتایی ناكەوێت بەڵكو چاوەڕوانی كۆی تابلۆكە دەكات و لەو چوارچێوەیەدا مامەڵەی دۆخەكە دەكات، بەواتا ئەمریكا دەوڵەتێكە لەگەڵ ئەمری واقع مامەڵە دەكات ئایا ئەو هەرێمە چەند دەتوانێت خۆی ڕابگرێت و دانوستانەكان بە چ ئارأستەیەكدا دەڕۆن لە سوریا.

مانەوەی سوریا وەك دەوڵەتێكی یەكگرتوو ناوەندگەرا مەترسییە بۆ سەر ئیسرائیل و مانەوەی ئێرانە بەهێزو توانایەكی زیاتر لەو ووڵاتە بۆیە ئەمریكا دژ نییە بە گۆڕینی سوریایەكی یەكگرتوو بە سوریایەكی فیدراڵی كە بتوانێت ئاسایشی ئیسرائیل دەستەبەربكات و باڵادەستی ئێران لەڕێگەی پەرتكردنی ناوەندی دەسەلات بۆچەند هەرێمێك كەمبكاتەوە.

چارەسەری دۆخی سوریا لەدەستی هێزە ناوخۆیی و ناوچەییەكان رۆیشتۆتە دەرەوە بۆیە لەئێستادا ئەمریكاو ڕوسیا بە دوو لایەنی سەرەكی دأرشتنەوەو ڕێكخستنەوەی هاوكێشەی سیاسیی نێوخۆی سوریا دادەنرێن لەئێستاشدا بۆچووی فەرمی ئەو دوو دەوڵەتی زلهێزە دوور نییە لە قبوڵكردنی فیدراڵیەت وەك پێشتر خرایەڕوو.

توركیاو ئیران بیرۆكەی فیدرالیەت لە ناوچەكانی سەرسنورو دراوسێیان بەمەترسی دەبینن بەهۆی بوونی كوردەوە لەناوخۆی ووڵاتەكانیان بۆیە خێرا كەوتنە هەماهەنگیكردن بەرامبەر جاردانی فیدراڵییەت لەسوریا، بەڵام هەرێمی كوردستان لەباشور باشترین نموونەیە تاكو ئەوكاتەی هێزێكی نێودەوڵەتی پاڵپشتی بێت و دەستی پێوەبگرێت بێگومان هیزەناوچەییەكان ناتوانن شكستی پێبهێنن، لێرەدا ئەوە دێتەپێشەوە ئایا ڕاگەیاندنی ئەمریكاوڕوسیا بۆچی دەگەڕێتەوە لەڕەتكردنەوەی ڕاگەیاندنی فیدرالییەت لەرۆژئاوا؟. 

لەسەرەتا ڕاگەیاندنی فیدراڵیەتەوە توركیا فشاریكی زۆری بۆ ئەمریكا برد كە پێویستە پالپشتی نەكات و رەتیبكاتەوە بۆیە ئەمریكا ڕەتیكردەوە دانپیدابنێت بێ ڕاگەیاندنی دژایەتیكردن، ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەمریكا لە پەرچەكردارێكی لەناكاوی توركیا سڵ بكاتەوە كە هێرشبكاتە سەر شارەكانی ڕۆژئاوا بۆیە نمایندەی ئەوە بوو كە چاوەڕوانی دۆخی گشتی بكرێت باشترە كە لەژنێفەوە دەردەچێت، بەباریكی دیكەدا بۆڕێگرتن لەهەربەریەككەوتنێكی توركیاو ڕوسیا لەحالەتی هێرشبردنی بۆ ناوسوریا.

هەروەك ڕوسیا كۆمەڵیك هاوپەیمانی هەیە لەناوچەكەو سوریاش وەك ڕژێمەكەی ئەسەدو ئێران و حزب اللە بۆئەوەی هەوڵەكانی بۆ گەیشتن بەچارەسەری بەفیرۆ نەچێت خۆی بیبەری كرد لەو ڕاگەیاندنەو هاوشێوەی ئەمریكا ڕاگەیاندنێكی بڵاوكردەوە، بەڵام لەداهاتووی دانوستانەكان نە ئەسەدو نە ئۆپۆزسیۆن دەگەنە ڕێكەوتنێكی یەكلاكەرەوە كە بتوانیت بنەمایی بیت بۆ هێشتنەوەی سوریا بەیەكگرتووی وە ئەسەدیش ناتوانێت تەواوی ناوچەكانی سوریا مەبەست زیاتر باكوری سوریایە بگەڕێنێتەوە ژێر ڕكێفی خۆی ئەوە بەئاشكر وەزیری دەرەوەی ڕوسیا رایگەیاند، هەروەك ئەمەریكا ڕێگەنادات تەواوی ئەو ناوچانەبگەڕێتەوە ژێر دەستی ڕژیمی ئەسەد.

هەرچی سعوییەو ووڵاتانی دیكەی عەرەبییە كە هاواریان لێ بەرزبۆتەوە فیدرالیەت بەمەترسی بۆ سەر ئاییندەی خۆیان دەبینن بۆیە دژایەتی دەكەن و بەپارچەكردنی یەكڕیزی عەرەبی دژی ئیسرائیل دەیدەنە قەڵەم لەكاتێكدا ئەو خزمەتەی بنەماڵەی ئال سعودو قەتەرو میسر بەئیسرائیل ی دەكەن هیچ بنەمایەك بۆ ئەو بۆچوونە ناهێڵێتەوە كە بانگەشەی بۆ دەكرێت.

ئەو هێزە ئیخوانیانەی هەرێمی ڕۆژئاوا ڕەتدەكەنەوە هێشتا لەبازنەی بیری عەرەبچێتی و فاشییەت دەرنەچوونە بەرامبەر بەمافی نەتەوە جیاوازەكانی ووڵاتانی ناوچەكە ئەوەش بی پلانی و بێ رۆئیایی ئەو رێكخستنە جیهانییە دەردەخات كە ناتوانێت وەڵامی بۆ گۆڕانكاری و پێدراوە تازەكانی ناوچەكەو گۆڕانكارییەكانی هێز هەبیت لەئاستی جیهانی.

هەریمی ڕۆژئاوا لەئێستا بەدواوە واقعێكەو ڕۆژبەرۆژ زیاتر سەرپێ دەكەوێت وەك دیفاكتۆیەك كە تەواوی نەتەوەو ئاین و ئاینزا جیاوازەكانی لەخۆ گرتووە. ئەو هەرێمە بەرهەم و لێكەوتەی رێكەوتنی نێودەوڵەتییە بۆ دۆخی سوریا بەمانەوەی ئەسەد یان نەمانەوەی.

ڕوسیا بەو هێزو جەبەرووتەی لەماوەی شەش مانگ دەریخست لەگۆڕەپانی جەنگ تێگەیشت سنورێك هەیە دەبێت تێیدا بوەستێت ئەویش نەگەیشتنە بەو ناوچەیەی ئەمریكا كاری لەسەردەكات.

تۆمەتباركردنی كورد بەوەی گەمە لەسەر دژیەكی و ململانێ نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكان دەكات تاكو دەستكەوتی لێوە بچنێتەوە هیچ نەنگییەكی تێدا نابینرێت بەڵكو ئەوپەڕی لێهاتووی و كارامەییە بتوانرێت لەستراتیژییەتی ووڵاتانی زلهێزدا جێگا بۆ پۆرژەو پلانەكانت بكەیتەوە، ئەو ڕاگەیاندنە گەر ئەمریكا یان روسیا ژێر بەژێر پالپشتی بكەن ئەوا تاوانی كوردنابێت لەپارچە پارچەبوونی ناوچەكە بەڵكو داڕشتنەوەی هێزە لەئاستی نێودەوڵەتی و ڕەنگدانەوەی ئەو دابەشكارییە لەسەر پێگەو ڕۆلی ووڵاتان لەئاستی ناوچەیی و جیهان.