ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قەیس محەمەد/ لێكەوتەكانی هەڵبژاردن و حكومەتی داهاتوو لە توركیا

دوای سێزدە ساڵ لەبەدەستهێنانی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی توركیا لەلایەن پارتی دادوگەشەپێدان،دواجار لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی حەوتی حوزەیران 2015رێژەی دەنگەكانی دابەزی بەوەش باڵادەستی پەرلەمانی لەدەستدا. پارتی دادو گەشەپێدان دوای ئەوەی لە ساڵی 2007 رێزەی دەنگەكانی گەیشتە‌ 50% بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ئەو رێژەی دابەزی بۆ 41% واتە 258كورسی .لەهەمانكاتدا پارتی گەلی كۆماری بەهەمانشێوە دەنگەكانی بەراورد بەهەڵبژاردنی پیشووتر لە1% كەمیكرد واتە ئەمجارە 25% دەنگەكانی هینایەوەو 132كورسی پەرلەمانی. هەرچی پارتی نەتەوەپەرستە دەنگەكانی لە 13% وە بەرزبۆتەوە بۆ 16%و 80كورسی پەرلەمانی،لەكاتێكدا پارتی دیموكراتی گەلان‌ كە دەمیرتاش سەرۆكایەتی دەكات رێژەی دەنگەكانی گەیشتە لە13% ئەویش 80 كورسی بەدەستهێنا بەوەش توانی بۆیەكەمجار ڕێژەی لە 10%‌ تێپەڕینێت كە لەساڵی 1980 دانراوە وەك بەربەستێك لەبەردەم كوردا تاكو نەتوانێت بەئاسانی نوێنەرەكانی بنێرێتە پەرلەمان و بەشداری لەژیانی سیاسیی و یاسایی توركیادا بكات،بەڵام خۆشبەختانە لەمیانی لیستێكی فرە رەنگ لەكەمەنەتەوەو بزووتنەوەكانی ئافرەتان و رەوتە لیبراڵ و چەپ و ئازادیخوازەكان وبەسەررێگاخستنی پرۆژیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری لیبراڵ دیموكرات توانرا ئەو سنورە بشكێنرێت كە وەك بەربەست دانراوە،بەوەش گورزێكی گەورە بەر باڵادەستی و خەونی بە سوڵتان بوونی ئەردۆگان لەگۆڕنرا .

پارتی دادوگەشەپێدان و ئەردۆگان وا لەم هەڵبژاردنەیان دەروانی كە راپڕسییەك بێت بۆ هەمواركردنەوەی دەستورو گۆرینی سیستەمی حوكمڕانی لەپەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی و جێگاخۆشكردن بۆ ئەردۆگان تاكو بتوانێت لەرێگەی سەرۆك كۆمارییەوە توركیا بەرێوەبەرێت و دەستەڵاتەكان لای خۆی كۆبكاتەوە لەمیانی هەمواركردنەوەكە،بەڵام ئەوەی چاوەروان نەكراوبوو كە پارتی دیموكراتی گەڵان بتوانێت ئەو رێژەیە بەدەستبێنێت بەوەش ئەردۆگان خەونەكەی دەبووە واقع،چونكە لەباری تێنەپەڕاندنی رێژەی 10% هەموو دەنگەكانی لەناوچەكوردییەكان دەرۆیشتن بۆ دادوگەشە .بەواتا‌ دەكرێت بوترێت ئەم پارتە كوردییە بەو بچوكییەی خۆیەوە توانی بەڕەی ژێرپێی ئەردۆگان راكێشێت و ریسەكەی لێ بكاتەوە بەخوری . دیارە جەختكردنەوەو هێرشكردن و فشارو ئەنجامدانی تەقینەوەكان لەناو جەماوەری پارتی دیموكراتی گەلان بۆئەو هۆكارە دەگەرایەوە كە ئەردۆگان و پارتەكەی لەسەركەوتنی كوردەكان ژێركەوتنی خۆیان دەبینی پێچەوانەش راستە .ئەو بەرەنجامانەی لەهەڵبژاردنەكە كەوتەوە تەواوی هاوكێشەی سیاسی لە ناوخۆی توركیا گۆڕی بەجۆرێك پارتی دادوگەشە نەك نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ هەمواركردنەوەی دەستور بەدەستبهێنێت بەڵكو دەنگی پێویستی بۆ پێكهێنانی حكومەتی سەربەخۆش پێنەهێنرا،بۆیە ناچارە بۆئەوەی حكومەت پێكبهێنێت پەنابەرێتە بەر حكومەتی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی ناوپەرلەمان واتە لەگەڵ سێ پارتەبراوەكە HDP،MHP،JHP .

بەپێی شارەزایان میژووی حكومەتە هاوپەیمانییەكان لە توركیا دەرەنجامی باش و دەستكەوتی بەرهەمداری نەبووە،زۆربەیان ماوەی یاسایی خۆیان تەواو نەكردوە و بەشكست و هەڵوەشاندنەوەی حكومەت كۆتایی هاتووە یان تەمەنی خۆیان لەقەیران و بەریەكەوتن تەواوكردوە،بۆیە وانابینرێت حكومەتی داهاتووی توركیا بتوانێت زۆر تەمەن درێژبێت لەكاتێكدا پارتە براوەكان دیدو تێڕوانینیان بۆ كۆمەڵێك پرس و بابەت ودۆسیە جیاوازە تەنانەت لەزۆرحاڵەتدا تووشی بەریەككەوتن دەبێتەوە،ئەوەش دۆخی هاوپەیمانیكردن لەحكومەتدا دەبەستێتەوە بەقەیران و ناجێگیری سیاسی لەتوركیا .

 هەڵبژاردانەكانی ‌بەردەم دادوگەشەو ئەردۆگان زۆرن، بەڵام ئیمكانییەتی جێبەجێكردن و خستنەوەی دەستكەوت لێوەیان كەمە لەواقیعدا، لەبەرئەوەی ئەردۆگان لەهەموو حاڵەتەكانی هاوپەیمانیكردن دەبێت دەستبەرداری ئەو خولیا خۆسەپێنەرەی بێت كە دەیەوێت لەرێگەی سەرۆك كۆمارییەوە دەستێوەردان بكات لەكاروباری حكومەت و دامەزراوە یاسایی ودەستورییەكانی دەوڵەت .‌ هەرسێ پارتی براوە كۆكن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی پرۆژەی گۆرینی سیستەمی فەرمانڕەوایەتی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی و كۆكردنەوەی دەسەڵاتی جێبەجیكردن لەدەستی ئەردۆگان،لەم حاڵەتەدا ئەو گورزەی بەر ئەردۆگان دەكەوێت تەنیا بەتاڵبوونەوەی پرۆژەكەی نابێت بۆ هەمواركردنەوەو گۆرینی سیستەمی حوكمكردن، بەڵكو ناچاردەبێت لەچوارچێوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆماری تێنەپەڕێت و وازلەو دەستێوەردان و باڵادەستییە‌ بهێنێت كەلە سەردەمی داودئۆغلۆ دەیكرد.

پارتیگەلیكۆماریودادوگەشەپێداندووپارتیگەورەو بەهێزنلەگۆرەپانیسیاسیتوركیا،لەباریگەیشتنبەڕێكەوتنبۆپێكهێنانیهاوپەیمانێتیلەحكومەتدائەردۆگانناچاردەبێتوازلەدەستێوەردانبهێنێتلەكاروباریحكومەت،بەرامبەربەچەندپرسودۆسییەیەكلەناویاندالێكۆڵینەوەلەچواروەزیریدادوگەشەپێدانبەتۆمەتیگەندەڵیكردن.

لەئەگەری ڕێكەوتنی هەردوو پارتی دادوگەشە و پارتی گەلی كۆماری پێویستە چەندین دۆسیە لەپەیوەندیدا بەدۆخی ‌ناوخۆو دەرەوە یەكلابكرێتەوە. لەناویاندا پرۆسەی پەروەردەوفێركردن یەكێكە لەو بوارەگرنگانەی پارتی گەلی كۆماری پێیوایە دەبێت بگەرێتەوە بۆ ئەو شێوازەی كە ئەتاتورك بنەمای بۆداناوە واتە سیستەمێكی تەواو علمانی بێت لەبەرامبەردا دادوگەشە دەیەوێت دەست بەو بنەمایەوە بگرێت كە خۆی لە خویندنی ئامۆژگاری و پەیڕەوە دینییەكان دەبینێتەوە لەقۆناغی سەرەتاییەوە لەقوتابخانە گشتییەكان .هەروەها وەزارەتی داد یەكێك دیكەیە لەو وەزارەتانەی كە واپێدەچێت كیشمەكێشی زۆربخاتەوە لە‌نێوان ئەو دوو پارتەدا.لەلایەكی دیكەوە رۆڵ بەخشین بەئافرەتان لە وەزارەتەكان لەلایەن پارتی گەلی كۆمارییەوەكەخاوەنی چەند كەسایەتی بەتوایە لەلیستی كاندیدەكانیدا، لەكاتێك ئەردۆگان هەموو رۆڵی ئافرەتی لەكابینەكانی حكومەت تەنیا لەبواری كاروباری خێزان كۆكردتەوە.یەكێكی دیكە لە و بوارانەی تیایداجیاوازن ئەردۆگان لەماوەی فەرمانڕەوایەتییدا باجی زۆری خستۆتە سەر راگەیاندن و ئازادی رۆژنامەوانی و راگەیاندنی بەرتەسككردۆتەوە تابە دەستگیركردنی نوسەرو رۆژنامەنووس گەیشتووە.

لەونێوانەدا پرسی كورد پێدەچێت ببێتە ناوەندی گرنگی پێدانی هەردوولا واتا هەردوو پارت نزیكن لە پێدانی برێكی زیاتر لەمافە رۆشنبیری و كولتورییەكانی كورد . دەستگرتن بەپرۆسەی ئاشتییەوە بۆ ئەردۆگان نزیكبۆتەوە لە بریارێكی ناوەندی چونكە دەرئەنجامی ئەو دژایەتییەی كورد لە رۆژئاواو رێگەدان بەداعش بۆ داگیركردنی كۆبانی،هەروەها راگرتنی پرۆسەی ئاشتی و بچووكردنەوەی كێشەی كوردو داماڵینی لە كێشەی نەتەوەیەك هۆكاری سەرەكی بوو لە نزمبونەوەی رێژەی دەنگدەرانی دادوگەشە لەناوچەكوردییەكان تایبەت خەڵكە موتەدەیینەكان كەلە هەڵبژاردنەكانی پێشوو دەنگیان بۆ ئەردۆگان دابوو .لەهەمانكاتدا پارتی گەلی كۆماری دەیەوێت لەمیانی گرنگیدان بە مافەرۆشنبیری و كولتورییەكانی كوردەوە بەشێك لەو دەنگەلیبراڵانە بگەرێنێتەوە كە لە دەستیداوە.

لەئاستی دەرەكیدا ئەردۆگان ئاڵوگۆری ڕیشەیی كردوە لەسیاسەتی دەرەكی توركیادا بەوەی ئاراستەی بەرەو ئەوروپا گۆری بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وولاتانی عەرەبی هەروەها تێوگلان لەچەندین دۆسیەی ناوچەیی وەك میسرو سوریاو عێراق و لیبیاو تونس و پاڵپشتیكردنی ئیخوانەكان و ململانێكردنی سعودیە لەسەر ناوەندێتی و مەرجەعییەتی ئیسلامی سونی.هەروەها پاڵپشتیكردنی گروپەتوندرەوەكانی وەك داعش و بەرەی نوسرە لەجەنگی سوریادا.كۆی ئەم دۆسییانە كاریگەرییان بەسەروێنەو پێگەی توركیاوە جێهێشتووە لەئاستی ناوخۆو ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە،بۆیە پارتی گەلی كۆماری هەڵگری دیدو تێروانینی جیاوازە لە ئەردۆگان و پارتەكەی تایبەت دەربارەی سوریا دەكرێت بوترێت زیاتر نزیكە لەهەڵوێستی ئەمریكاوە لەمامەڵەكردن هەروەها گەڕانەوەی توركیا لەسیاسەتی دەرەكییدا بەرەو ئەوروپاو لایەنگیریكردنی ئەمەریكاو كاركردن لەچوارچێوەی هاوپەیمانی باكوری ئەتلەسی (ناتۆ).

ئەم پرسانە‌ هەریەكێكیان بۆخۆی جەوهەری پرۆژەی سیاسی پارتی گەلی كۆماری پێكدێنێت بۆیە هەر دەستبەردان و لادانێك یان سازشكردنێك لێی دەرەنجام بە لاوازبوونی پێگەی ئەو پارتە دەشكێتەوە لەناوخۆی توركیادا.

ئەگەری دووەم بۆ ڕێكەوتن و هاوپەیمانیكردن لەلایەن پارتی دادوگەشەپێدانەوە لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرستی توركیادەبێت،لەبارەی هاوپەیمانێتی ئەم دووپارتە رێژەی كورسییەكانیان دەگاتە 338كورسی پەرلەمانی ئەوەش زۆرە كە لەسایەیدا دەتوانرێت بەئاسانی یاساكان دەربازبكرێت لەناو پەرلەماندا،بەڵام ئەم جۆرە لە رێكەوتن تێچوونی بەرزە سەبارەت بە ئەردۆگان چونكە پارتی نەتەوەپەرست ناچێتە ڕێكەوتنێكەوە لەگەڵ ئەردۆگان ئەگەر پرۆسەی ئاشتی ڕانەگرێت لەگەڵ كوردان.

پارتی دادوگەشە لەساڵی 2002 كەدەسەڵاتی گرتۆتە دەست لەتوركیا لەسیاسەتی دەرەكیدازیاتر پەیوەستی ئیسلامی بەبنەماگرتوە لەپەیوەندی دروستكردن لەگەڵ وولاتانی دەرەوە .ئەوەش وایكردوە زۆر گرنگی نەدات بە بنەما نەتەوەییەكە لە مامەڵەكردنی لەگەڵ وولاتانی دیكه.لەتوركیا واكەوتۆتەوە ئەو حزبەی دەرواتە هاوپەیمانێتییەوە لەگەڵ حزبێكی گەورەتر لەخۆی زۆربەی جار وەزارەتی دەرەوەی بەردەكەوێت،بۆیە چاوەروان دەكرێت لەومیانەیەدا پارتی نەتەوەپەرستی توركیا كاریگەرییەكانی خۆی لەسیاسەتی دەرەوەدا بسەپێنێت ئەویش لەچەندئاستێك

ئاستی یەكەم،پارتی نەتەوەپەرست جاریكە دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی دان بەتوركمانەكانی كەركوك و بەرهەڵستی هەرێمی كوردستان دەكات لەوەی ئەو شارەی لەژێردەستدابێت،ئەوەش خۆبەخۆدەبێتە هۆی كێشەدروستبوون لەگەڵ هەرێمی كوردستان و كێشەی توركمانەكان پەیوەندی نێوان هەریم و توركیا دەشڵەقێنێت، لەكاتێكدا ئەردۆگان چەندین پەیوەندی ئابوری و سیاسی گرنگی لەگەڵ هەرێم هەیە .

ئاستی دووەم،پارتی نەتەوەپەرست تێروانینی جیاوازە دەربارەی جەنگی سوریا واتە خەمی گەورەی خستنی رژێمەكەی ئەسەد نییە بەڵكو هەوڵدەدات توركمانەكانی ناو سوریا بپارێزێت كە ژمارەیان نزیكەی 250000دەبیت،بەواتای گرنگی سەرەكی لەسیاسەتی دەرەكی توركیا لەكارلابردنی ئەسەدنابێت بەڵكو بەهێزكردن و پاراستنی توركمانەكان دەبێت،لەكاتێكدا ئەردۆگان هەموو سیاسەتی دەرەكی خۆی لەسوریا لەوەدا كورتكردۆتەوە بەشارئەسەد دەرپەڕێنێت لەدەسەڵات تاكو ئیخوانەكان بگەیەنێتە حكومرانی سوریا،لەلایەكی دیكەوە پارتی نەتەوەپەرستی توركیا دژە بەو كۆمەك و هاوكارییانەی ئەمەریكادەیدات بە كوردانی رۆژئاوا لەژێرناونیشانی شەری داعش،پێیانوایە ئەو هاوكارییانە گەرمرۆیش بێت دەبێتە هۆی پەرەسەندنی كێشەی كورد لەسوریاو كاریگەرییان دەبێت لەداهاتوودا بۆ سەر توركیا كەخاوەنی گەورەترین كەمینەی كوردە لە ووڵاتە هەروەها ووڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوتوركیا پێیانوایە پارتی كرێكارانی كوردستان رێكخراوێكی تیرۆریستە بەڵام ئەردۆگان دانوستاندنیان لەگەڵ ئەنجامدەدات لەناوخۆدا .

ئاستی سێیەم،پەیوەندی بە نیمچەدورگەی قرمەوە هەیە كە تەتارەكانی ئەو ناوچەیە لەرووی زمانەوانی و مێژووییەوە پەیوەستن بەتوركیاوە،روسیا كە ئەو ناوچانەی خستۆتە ژێر دەستەڵاتی خۆیەوە بەڵای پارتی نەتەوە پەرستەوە كارێكی قبوڵكراونییە،بۆیە پێویستە پەیوەندییەكان لەگەڵ روسیا سسنورداربكرێنەوە لەكاتێكدا ئەردۆگان سەرەرای نزیكی لەپۆتین لەلایەكی دیكەوە چەندین رێكەوتنی لەبواری وزە لەگەڵ روسیا هەیە ئەوەش بۆخۆی كێشە دروستدەكات لەئاستی پەیوەندییەدەرەكییەكاندا .

گەرچی هەردوو حزب لەریزبەندی راستڕەوەكان دادەنرێن بەڵام گەیشتن بەڕێكەوتن و هاوپەیمانێتی كردن كێشەی گەورە لەئاستی ناوخۆو دەرەكیدا دروستدەكات .لەئاستی ناوخۆییدا دەوڵەت باخجلی مەرجی سەرەكی بەشداربوونی پارتەكەی لەهەرحكومەتێكدا پەیوەستكردوە بە مراندنی گفتوگۆی ئاشتییەوە لەگەڵ كورد لەتوركیادا ئەوەش خۆبەخۆ رێگە بۆ سەرهەڵدانەوەی شەرو پشێوی دەنێتەوە،هەروها لەئاستی دەرەكیدا توركیا تووشی قەیران دەكات لەگەڵ هەریمی كوردستان كە رێژەی وەبەرهێنانی توركیاتیایدا گەیشتۆتە سەرووی 10ملیاردۆلار‌ سەرەرای ریكەوتن لەبواری وزە نەوت و كەناڵێك بۆگواستنەوەی نەوتی عێراق بەبۆرییەكانی هەریمدا. بۆیەوادەبینرێت هاوپەیمانیكردن لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرست نزیك بێت‌ لەمەحاڵەوە بەرەچاوكردنی ئەجینداسیاسییەكانی لەئاستی ناوخۆیی و دەرەكیدا.

وادەبینرێت رێكەوتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی گەلان لایەنی باش و خراپی هەبێت،بۆیە ئەگەرێكی دوورخراوە نییە لەنێو حیساباتەكانی ئەردۆگان .لایەنی باشی ئەوەیە پرۆسەی ئاشتی خێراتردەكات و دەبێتە بنەمای ناوەندی رێكەوتنی هەردوو حزب بەوەش توركیا دەتوانێت ویستی سەربەخۆیی كوردانی رۆژئاوا ڕابگرێت و ببنە هاوپەیمانێكی باش لەپەیوەندییەهەرێماتییەكانی لەگەڵ دەرەوەدا .بەڵام سڵ لەوەدەكرێتەوە چارەسەری كێشەی كوردهاوشانی ئاڵوگۆرە پێشبینیكراوەهەریماتییەكان ببێتە هۆی گەشەپێدانی ویستی سەربەخۆیی لەنێوكوردان لەباكوروباشورو رۆژئاوا،هەروەك رەنگە ئەو هاوپەیمانییە كاریگەری بۆسەرپێگەی جەماوەری و قاعیدەی پارتەكەی ئەردۆگان هەبێت و باجەكەشی قورستربێت لەوەی ئەمجارەی كەتووشی هات.

ئەگەر هیچ یەك لە سیناریۆجیاوازانە سەری نەگرت و پارتەبراوەكان نەیانتوانی بگەنە سیغەیەك بۆ پێكهێنانی حكومەت لەماوەی چل و پێنج رۆژدا ئەوا سەرۆك كۆمار بەپێی دەستوری توركیا دەتوانێت هەڵبژاردنی پیشوەختەڕابگەیەنێت.

بێگومان ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە رۆژنامەوانی سیناریۆی زیاتر دەخەنە روو بەڵام ئەو سیناریۆیانەی سەرەوە ئەگەری بوونیان زیاترە چونكە لەهەموو بارێكدا پارتی دادوگەشەی پێشینەی هەیە بۆرێكەوتن لەگەڵی تاكو هەرپارتێكی دیكە .هەروەها لایەنەكانی دیكە كەمتربنەمای هاوبەشیان تێدادەبینرێت بۆ هاوپەیمانێتی كردن .

حكومەتی داهاتووی توركیا هەرچی و چۆن بێت شێوەكەی دەبێت لەرێگەی هاوپەیمانێكردنەوە بەرێوەبچێت بەوەش بنەماكانی دەوڵەتی ئەردۆكانی دەروخێنرێت و دەسەڵاتەكانی سنورداردەكرێت لەناوخۆدا،هەروەها لەئاستی دەرەكیدا قوولایی ستراتیژی توركیا سفردەبێتەوە لەدەستێوەردان لەكاروباری ناوخۆیی میسرو عێراق و تونس و لیبیاو كشانەوەی پاڵپشتییەكانی بۆ گروپەتوندرەو تیرۆریستەكانی وەك داعش و بەرەی نوسرە .

ئەم پاشەكشێیەی ئەردۆگان لەئاستی ناوخۆییدا گەرچی سیناریۆی جیاجیا دێنێتە پێشەوە لەچۆنییەتی بەرێوەبردن و فەرمانڕەوایەتیكردن.بەهەمانشێوە لەئاستی دەرەكیدا ئاماژەكانی خۆشحالی لەنێو هەندێك لایەن و دەولەت دەركەوتووە بەشێوازی جیاوازجیاواز لەوانە لەمیسرو سوریا هەروەك عێراق و ووڵاتانی كەنداو بەدەرلە قەتەر،هەروەك بۆ وولاتانی ئەوروپاو ئەمەریكاش پاشەكشێی ئەردۆگان جێگای نیگەرانی نییە، لەبەرئەوەی‌ سەركێشییەكانی ئەردۆگان و دەستێوەردانەكانی لەدەرەوەی چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەولەتی لەسوریاو كۆمەككردنی گروپەتوندرەوەكان قبوڵكراو نەبووە و بەجۆرێك لە بباكی و تاكڕەوی وێناكراوە لەئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆیی .نیگەران نەبوونی دۆستەكانی ئەردۆگان‌ دەگەڕێتەوە لەلایەكی دیكەوە بۆ مامەڵەی بەرژەوەندخوازانەی ئەردۆگان بەپێی كات و پێویستی.

  • 1