ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قەیس محەمەد/ سازانی دیموكراتی و زەروورەت و لێكەوتەكانی

سازانی دیموكراتی یەكێكە لەو بنەمایانەی پەیڕەوی لێدەكرێت بۆ خستنەڕووی چارەسەری گونجاو دەربارەی بەشداری سیاسی لەكۆمەڵگا فرە پێكهاتەو نەتەوەیی و ئایینەكان،بەپیچەوانەی دیموكراتی نوێنەرایەتییەوە پەنا ناباتە بەر كێبەركێ لەپرۆژەو داڕشتنی ستراتیژدا،هەروەها شێوازی زۆرینە لەحكومڕانی و كەمینەی ئۆپۆزسیۆن پەیرەوی لێناكرێت.بەڵكو پشت بە هاوپەیمانی فراوان دەبەستێت لە بەڕیوەبردن و فەرمانرەوایەتیكردن بەجۆرێك هەموو پێكهاتەجیاوازەكان بەشداردەكرێن لە حكومەتدا لەسەرەوە تاكو خوارەوە،واتە پلەو پۆستەكان دابەشدەكرێنە سەر پارت و هێزەكانی ناو هاوپەیمانێتییەكە و ڕێگری دەكرێت لە بەكارهێنانی فەرمانڕەوایەتی زۆرینە تاكو ئیرادەی سیاسی خۆی بسەپێنێتە سەركەمینەكان لە كۆمەڵگەو حكومەتدا،رێك بەپێچەوانەی دیموكراتی نوێنەرایەتییەوە كە هێزی براوە لەهەڵبژاردن پەنادەباتە بەر فەرمانڕەوایەتی زۆرینەو پۆستەكان لەچوارچێوەی پارتەكەی خۆیدا دابەشدەكات .

سازانی دیموكراتی لەسەر دراساتە ئەمبریقییەكان دامەزراوە تاكو بۆچوونە تیۆرییەكان،بەواتایەك بنەماكانی سەركەوتنی لە كەڵەكەبوونی ئەزموونە میژووییەكانەوە وەرناگرێت وەك دیموكراتی نوێنەرایەتی،بەقەد ئەوەی رەوایەتی خۆی لەواقیعی كۆمەڵگا فرەپێكهاتەكانەوە بونیاددەنێت،ئەو كۆمەڵگایانەی بەهۆی جیاوازی پێكهاتەو ئایین و مەزهەب و نەتەوەوە ناتوانرێت بنەماكانی دیموكراتی كێبەركێكردن سەرڕیگابخرێت و بچەسپێنرێت.

پەیڕەویكردن لەوبنەمایە وەك جێگرەوەیەكە بۆ دیموكراتییەتی كێبەركێكەرو نوێنەرایەتی،لەو كۆمەڵگایانەی لەرووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و یەكانگیری نەتەوەیی و نیشتمانییەوە لاوازو پەرتن لەناوخۆدا.ئەم بنەمایەش لەدوای جەنگی جیهانییەوە سەریهەڵدا،دوای دەركەوتنی كەموكورتییەكانی دیموكراتییەتی زۆرینە كە ڕێگەی بەشداری و چاڵاكبوون لەپرۆسەی سیاسی لاوازدەكات لەلایەن پێكهاتەكانی ناوكۆمەڵگاوە .دەكرێت ئەم حاڵەتە بەیەكێتی فیدراڵی وێنابكرێت بەو پێیەی هەربڕیارو هەنگاوێك پێویستە هەموو لایەنەكانی ناو هاوپەیمانێتییەكە هاوبەش و بەشداربن لەمیانی پرۆسەی سیاسدا.

پەنابردنە بەر سازانی دیموكراتی دەكرێت وەك بنەمایەكی كاتی پەیڕەو بكرێت لەپێناو كەمكردنەوە یان نەهێشتنی ترس و دڵەڕاوكێی پێكهاتە یان پارتە سیاسییەكان لەوەی ماف و پێگەیان لەچوارچێوەی پرۆسەی سیاسیدا پەراوێزناخرێت،بەوپێیە پەێرەویكردنەكە قۆناغەكی و كاتییە یان بەقۆناغی گواستنەوە دادەنرێت لەرووی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەكۆمەڵگادا.

لەم نێوانەدا دوو حاڵەت دەبینرێت لەنێو كۆمەلگاكانی كە پەیڕەو لە سازانی دیموكراتی دەكەن :

یەكەم: ئەو كۆمەڵگایانەی لەرووی نەتەوەیی و ئایینی و ئیتنی رەگەزییەوە جیاوازییان تێدایەوناتوانرێت یەك بنەمای دیاریكراو كۆیانبكاتەوە لەچوارچێوەی كۆمەڵگاو دەوڵەتدا بۆیە سازان وەك چارەسەری بنەرەتی دەبینرێت لەوكۆمەلگایانە وەك عێراق و لوبنان و وولاتانی جیهانی سێیەم كە زیاتر دابەشبوونەكانیان لەسەربنەمای ناسنامەیه.

دووەم: ئەو كۆمەڵگایانەی كە لەرووی ئایدیۆلۆژی ودابەشبوونی سیاسییەوە تووشی كەرتبوون و نایەكانگیری سیاسی دەبن، بەجۆرێك هیچ پێكهاتەو پارتێك متمانەی بەویدیكە نییە دەستەبەری ماف و ئازادییەكانی بكات و پێگەی لەنێوپرۆسەی سیاسی پەراوێزنەخات بەواتایەك ئەم جۆرە له كۆمەڵگا زیاتر لەكۆمەلگا ئەوروپییەكان دەبینرێت،بەواتایەك كۆمەڵگائەوروپییەكان توانیویانە لەمیانی پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و سیاسیدا دابەشبوونی كۆمەڵگا لەسەربنەمای ناسنامەوە ئینتما سەرەتاییەكانی وەك زمان و ئایین و نەتەوەو..تاد چارەسەربكەن بەڵام ململانێی ئایدیۆلۆژی و سیاسی نێوان كەرتە سیاسییەكان لەهەندێك لەوولاتانی ئەوروپیدا ناچاری پەیڕەویكردنی كردن بەو بنەمایە وەك بەریتانیاو سوید كە لەماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا پەیڕەویان كردووە، بۆ چارەسەری حاڵەتی نایەكانگیری ناوخۆی و هەرەشەدەرەكییەكان .

لەو تایبەتمەندیانەی سازانی دیموكراتی پێدەناسرێتەوە بوونی بەرەیەكی فراوان كە تیایدا هەموو پێكهاتەو هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان لەدەوری كۆمەڵیك بنەماو پڕەنسیپ كۆدەبنەوەوكار بۆ جێگیركردن و چەسپاندنی دەكرێت .ئەم بەرەفراوانە بەكەناڵێك دادەنرێت كە هەموو لایەنەكان دەتوانن بوونی خۆیانی تێدا ببیننەوە و پرۆژەو رۆڵی خۆیانی تێدا تاوبدەن لەچوارچێوەی پرۆسەی سیاسیدا،هەروەها هەموو لایەك هەریەكەو بەپێی رێژەی دەنگەكانی لە هەڵبژاردن بەشداردەبێت لە بەڕێوەبردنی دامودەزگاكانی دەوڵەت و رۆڵ دەبینێت لەكاروباری حكومیدا بەوەش هێزێك زیاترین دەنگی هێنابیت زۆرترین شوێن و پێگەی بەدەستەوە دەبێت لەكاروباری فەرمانڕەوایەتیكردندا.

هەروەها تایبەتمەندییەكی دیكە كە ئەم جۆرەسازانەی پیدەناسرێتەوە بوونی ڤیتۆیە .لەكاتێكدا كە هەموولایەنەكان بەشداری ئەو بەرەفراوانە دەبن بێگومان ئەو حاڵەتە نابێتە دەستەبەری رەواندنەوەی هەموو ترس و دڵەراوكێكان،چونكە هەندێكجار هێزەگەورەكانی ناو بەرەكە لەڕێگەی زۆرینەی دەنگەوە دەتوانن پرۆژەكانیان تێپەڕێنن،لەو حالەتەشدا هێزەبچووكەكان تەنیا ئەوەندەیان بۆدەكرێت كە پێشنیارو پرۆژەی خۆیان بخەنەروو،ئەم حاڵەتە پێمنادەڵێت بەشداری كردنی بەرەیەكی فراوان كە هەموو هێزو پارتەكان بەشداریبن نابێتە هۆی دەستەبەری بەكارنەهێنانی هێزی زۆرینەو كەمینە لەكاتی دیاریكراو بۆ تێپەراندنی پرۆژەی تایبەت بۆیە گرنگە بنەمایەكی دیكە بوونی هەبێت لەمیانی سازاندا ئەویش بوونی ڤیتۆیە كە دەستەبەری تەجاوزنەكردنی ماف و پێگە ی گەمینەكان نەكرێت .

نوێنەرایەتی رێژەیی یەكێكی دیكەیە لەو تایبەتمەندیانەی كە رێگریدەكات لەزۆرینە دەست بەسەرهەموو بوارو جومگەكاندابگرێت،ئەم تایبەتمەندییە دەبێتە هۆی لابردنی زۆرێك لە گرفتەكانی بەردەم دابەشبوونی كرداری دروستكردنی بڕیار .بنەمای نوینەرایەتی رێژەیی پەیوەستە بە سیستەمی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومە یان بۆ نوێنەرایەتیكردنی سەرجەم لایەنەكان لە وەزیفەی گشتیدا،وەگرنگترین وەزیفەی نوێنەرایەتی رێژەیی بریتییە لە راسپاردنی بڕیارە گەورەو چارەنوسسازەكان بەدەستی سەرۆك كوتلەو هێزە گەورەكان كە پێكهێنەری بەرەكەن،بەوەش بریارە یەكلاكەرەوەكان لای دەستەیەكی بچووك لەناو كوتلەكان دەچێتە ڕێوە .

سازان پێویستی بەژینگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری گونجاوە،كەواكات فرسەتی سەركەوتنی زیاتربێت .هەموو سازانێك ئەنجامدەدرێت لەپێناو گەیشتن بە كرداری بونیادنان ی دەسەڵات یان ڕاستكردنەوەی ئاڕاستەی و ریسكردن لەپەیوەندییە سیاسییەكان كە بەرەنجامەكەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەبێت لەلایەن كۆی هێزوپێكهاتەكانەوە لەمیانی گەورەترین ئیجماعی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەدەوریدا،وپێویستی بەجۆرێك لە وازهێنانە لەڕۆڵ و دەستكەوتەكان تاكو بتوانرێت گەڵاڵەی پرۆژەی هاوبەشبكرێت بۆ بەرێوەبردنی دەوڵەت و كۆمەڵگا ئەوەش وادەخوازێت لەسەرلایەنەكانی ناو بەرەكە نەرمی بنوێنن لەبەرامبەر یەكترو ئاستی داواكاری و پرۆژەكانیان لەسنوری مەعقول دا بێت .

قۆناغی دوای رزگاربوونی گەلان و خەونی گەورەیان بۆ بونیادنانی كۆمەڵگەو دەوڵەت، بەشیوەیەك دیموكراسییەت بنەماكانی رێبكخات و پەیوەندی نێوان پێكهاتەو هێزەسیاسییەكان دابڕیژێتەوە لەكۆمەڵگەدا،هەروەها هەنگاوەكان بەرەو بونیادنانەوەی نەتەوەو نیشتمان و گەشەی سیاسی پەرەپێبدرێت،بەڵام ئەم حاڵەتە دەستەبەرنەبوو بەهۆی پارچەپارچەیی كۆمەڵگاو جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئەتنی و دابەشبوونی هێزەسیاسییەكان لەكۆمەڵگاو متمانە نەبوونیان بەیەكتر بەهۆی پرۆژەو مەیلە سیاسییە پاوانخوازییەكانەوە،هاوپێچی ئەوەش كاریگەری هێزە دەرەكییەكان بەسەرهەندێك هێزەوە كە وایدەكرد نەتوانرێت ئیجماعی سیاسی و كۆمەڵایەتی دەستەبەربكرێت لەبونیادنانەوەی كۆمەڵگاو دەوڵەت،سازان لەهەمانكاتدا كاریگەری نەرێنی لەچەندبوارێكدا بەروونی دەردەكەوێت دەكریت لەم حاڵەتانە كورتبكرێنەوە.

-لاوازكردنی ئینتمای نەتەوەیی و نیشتمانی لای تاك . كاتێك حكومەت و دەوڵەت لەلایەن كۆی هێزو پێكهاتەكانەوە بەڕیوەدەبرێن ئیدارەدەدرێن لەنێوكۆمەڵگەدا ئیتر لەوێوە هەرهێزو لایەنێك هەوڵدەدات زۆرترین پێكهاتەكانی كۆمەڵگە لەخۆی كۆبكاتەوە لەپێناو پەرەدان بەهێزو پێگەی خۆی لەنێو كۆمەڵگەدا،بۆئەو مەبەستە زۆرجار گرنگی بەزیندووكردنەوەی پەیوەندییەخێڵەكی و عەشایری و ناوچەییەكان دەدات تاكو وەك داكۆكیكەری ئەو خواست ویستانە خۆی دەربخات،هەروەك گرنگیدان بەتوێژە دینییەكان یەكێكی دیكەیە لەوحاڵەتانەی هیزەسیاسییەكان پەنای بۆدەبەن و پەرەی پێدەدەن تاكو جاریكەو لەدیوێكی دیكەدا خۆی بەپارێزەری ئایین و رێوڕەسمەئاینییەكان بخاتەڕوو لەنێوكۆمەڵگەدا،بەواتایەك دەستبەردان لەبونیادنانەوەی نەتەوەو قووڵكردنەوەی گیانی نەتەوەیی و نیشتمانی لەناو تاكدا تاكو ببێتە ئەندامێكی چاڵاك و كارای بواری ئاوەدانكردنەوەی كۆمەڵگەو پاكردنەوەی لەئینتما بەرتەسكەكان كە بەبكوژی هەست و گیانی نەتەوەیی دادەنرێن . لەئێستادا رۆڵی خێل و پیاوانی یەكەمی خێڵەكان خاوەنی پێگەو هێزی زۆرن لەرووی مادی و مەعنەوی لەوكۆمەڵگانەدا ئەویش بەكۆمەك و دوست لەپشتنانی پارتەكان،وبونەتەخاوەنی بەشەداهات و مووچەو دامەزراندن و پۆستی باڵا لەناو حكومەت و دامودەزگاكانی دەوڵەت،ئەم پارتانە لەشوێن بەرزكردنەوەی گیانی نیشتمانپەروەری گەراونەتەوە بۆ گرنگی دان بە پەیوەندیی و ئینتما سەرەتاییەكان لەنێو كۆمەڵگەدا،ئەوەش بەتێكشكانی پرۆژەی نەتەوەیی و نیشتمانی دێت لەبونیادنانەوەی تاك و بەرزكردنەوەی بۆ ئاستی هاوڵاتیبون،و بوون بە خاوەنی بیروباوەری سەربەخۆ لەنێو پرۆسەی سیاسیداو بەشدارێكی چاڵاكانەی هەبێت لە بەرێوەبردنی كاروباری حكومەت،ئەوەی لەم كۆمەڵگایانە دەبینرێت ناچاركردنی تاكە بەمانەوەو گەڕانەوە بۆ نێو پەیوەندییە سەرەتاییەكان تاكو بتوانێت ڕۆڵ و پێگەی خۆی لەكۆمەڵگا بپارێزێت بەوەش پارتەكان پراوپرن لەئەقڵی خێلەكی و ناوچەچێتی كە توانای وەڵامدانەوەی بەخولیاو ویستی كۆمەڵگا وەك گشتێك نەماوه،‌ بەڵكو هەرحزبەو لەناوچەیەك هێزو پێگەی زۆربیت زیاتر گرنگی بەو ناوچەو خەڵكە دەدات كە سەربەو پارتە هەژماركراون .پاشەكشێكردنی تاك بۆ ناو خێڵ و عەشیرەت لەبری نەتەوەو نیشمانپەروەرێتی رووبەرووی ئیشكالیەتێكی دیكەمان دەكاتەوە ئەویش هاوڵاتیبوونە.

- دەكرێت بوترێت هاوڵاتیبوون كردەیەكی سلوكی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ ئەوانیدیكە كە ئینتمایان بۆهەمان نیشتمان هەیە بەمانایەك هاوبەشیكردنی ئەوانیكەیە لەكاروباری نیشتمان و و هاوڵاتێبون لەوێوە ش پەێوەست بوون نیشتمانەوە وەك بنەمایەك بۆ پارێزگاریكردن لەیەكێتی و سەروەری.

هاوڵاتێبوون پێكهێنەرو بنەمای نەسیجی سیاسی و كۆمەلایەتییە بەرەچاوكردنی جیاوازی لە چینایەتی،زمان،ئایین،بیروباوەر .هاوڵاتیبوون مافی كاركردن و ژیانی هاوبەش بۆ هەموو هاوڵاتیان لەخۆدەگرێت لەچوارچێوەی برایەتی و هاوكاری،بێ جیاوازیكردن لە مافە كۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسییەكان.هەموو ئەمانەش لەچوارچێوەی پەیمانێكی كۆمەڵایەتی پێكدێت بەو پێیەی هاوڵاتیبوون سەرچاوەی ماف و ئەركەكانە بۆ هەموو هەڵگرانی ناسنامەی دەوڵەتەكە بێ جیاوازی ئایینی و رەگەزی.

لەهەمانكاتدا هاوڵاتیبوون پشت بە چەند پڕەنسیپێك دەبەستێت لەوانە ئازادی و یەكسانی كە لەخۆیاندا بەدوو بنەمای گرنگی بونیادی دەولەتی سەركەوتوو هەژماردەكرێن بۆ بەدەستهێنانی رەوایەتی هەقیقی،بەم پێیە بنەمای بچینەیی هاولاتی بوون لەسەر رادەی بەردەستی پەیوەستییەكان بەندە لە نێوان تاك و دەوڵەت،واتە هاوڵاتیبوون پێناسی تاك دەكاتەوە بەپێی چوارچێوەو دەستكەوتەكانی مۆدێرن بەجۆرێك تاك واز لەسیفەتە ئایدۆلۆژییەكانی دێنێت بەوەی كەیەكێك بووە لە رەعییەتەكان یان ئەندامێك بووە لە تائیفەیەك یان دێنێك،ئەوەش پێگەی بەرزدەكاتەوە بۆئەوەی ببێتە هاوڵاتییەك لەچوارچێوەی نیشتمان یان نەتەوەیەك كە لەوێوە خۆی دەبێتە دیاریكەری ئایدیۆلۆژیاو بیركردنەوەی خۆی،هەروەك دەبێتە دەنگێكی رەسەنی ئینتخابی كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی خۆی بە سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتەوە دیاریدەكات،جا رەنگە لەچوارچێوەی پارتێكەوە ئەو ئیرادەو پەیوەندییەی خۆی ئاراستە بكات یان بەشیوەیەكی سەربەخۆ.

بەوشێوازە هاوڵاتیبون شوێنی رەعییەت بەمانا دینی-تایفییەكەی دەگرێتەوە كە هەموو هاوڵاتیان یەكسانن لەبەرامبەر یاساو لەناودەوڵەتدا،ئەو ئینتماكردنە بۆ نەتەوەو نیشتمان و بەشداریییەكی سەربەخۆو ئیرادەییانە لەپرۆسەو چالاكییە سیاسییەكان بەهاوڵاتیبوون دەناسرێت لەئاستی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و یاسایی.بەڵام هەندێك ئینتمای بەرتەسك و بچووك زۆرجار دەبنە هۆكاری لاوازكردنی ئینتما بۆنەتەوەو نیشتمان وەك ئینتما بۆ خێل و عەشیرەت و ناوچەیەك،لەكاتێكدا سازانی دیموكراتی بەهۆكاری ئەو حاڵەتە دەزانرێت چونكە گرنگی بەو ئینتمایانە زیاتر دەبێت لەلایەن هێزو پێكهاتەكانەوە . وهۆكاری شكستی سازانی دیموكراتی لە دەستەبەركردنی زەمینەی هاوڵاتیبوون بۆ تاكەكانی كۆمەڵگا دەگەرێتەوە بۆ گرنگی نەدانی بە ئازادی و یەكسان،لەبەرامبەردا ئەقڵییەتی كۆنپەرستی و خێڵگەرایی وەك تەگەرەی سەرەكییە لەبەردەم تاكدا بۆ‌بوون بە هاوڵاتییەكی چاڵاكی كۆمەڵگاو دەوڵەت. ئەو پەیوەندیی و ناسنامە سەرەتاییانە لەزۆركەناڵەوە ڕێگا بە ژیانی تاك دەگرێت و ئاراستەكان و سنورەكان دیاریدەكات لەژیانی مرۆڤدا،بەجۆرێك هەموو هەوڵەكانی بۆتواندنەوەی تاكە لە چوارچێوەی دەستە یان گروپەكە بەوەش بیركردنەوەو كەسایەتی و خولیاو خەون و هەوڵەكانی هەمووی لەچوارچێوەی ئەو ناوەندە تێپەرناكات، وە خەمی گەورەو كۆتایی لەپاراستنی بەرژەوەندی گروپەكە دەسورێتەوە بەجۆرێك كەسایەتی تاك هیج ماناو بەهایەكی نامێنێت لەدەرەوەی ئەو دەستەیە .سازانی دیموكراتی لەگرنگی دانی بەو ئنتماسەرەتاییانە یان گەرانەوە بۆیان بنەمای هاوڵاتیبوون تێكدەشكێنێت .

گرمۆڵەبوونی بیرو خولیاو ویستی تاك لەئاستی پەیوەندییە سەرەتاییەكان واتە خێڵ و عەشیرەت و ئەقڵی ناوچەچێتی،مرۆڤێك دەخاتەوە هیچ خەم وبایەخێك بۆ پێشكەوتن و بیری سەربەخۆو بەشداری سیاسی نییە، بۆیە بەلایەوە شتێك نییە ناوی ئینتمای نەتەوەی و نیشتمانی بێت و هیچ نرخێكی نییە ئەوەی لای ئەو گرنگە ئینتمایە كی تەسكە و خزمەت بە بیری نوێخوازناكات ئەم تاكە هیچ بەشدارییەكی لەپرۆسەی بونیادنانی كۆمەڵگەو دەوڵەتدانابێت .هەروەها هاوڵاتیبون و بیری سەربەخۆو ئازادی و یەكسانی وەك شتێكی بەدو نادروست دەبینێت لەكۆمەڵگادا .لەمیانی گەڕان بۆئەو كۆمەڵگایانەی حكومڕانی بەرێگای سازان دەبرێتەرێوە ئەوەندەی بایەخ و گرنگی بۆ ئینتما لاوەكییەكان هەیە نیو ئەوەندە بایەخ بەدروستكردنی هاوڵاتیبون و دەستەبەری ئازادی و مافەكان نابینرێت بۆیەشە كۆمەڵگا لەژێر سایەی ئەم جۆرە لەحكومەتداری و بەڕیوەبردن بەدەرلەوەی كۆمەڵگا دەگەرێنێتەوە بۆ دواوە لەهەمانكاتدا پارچەپارچەشی دەكات لەنێوان هێزەسیاسی و ئایدیۆلۆژیاباوەكاندا،بەمانایەكی دیكە نەك ئەو دابەشبونە سیاسییەی كە هۆكاری هاتنە ئارای سازان بووە بەرتەسكناكاتەوە بەڵكو دەیچەسپێنێت و دەیكاتە حاڵەتێكی باو لەكاتێكدا پێویستە بۆقۆناغێكی دیاریكراوبێت تایبەت لەناو ئەو دەوڵەتانەی یەك نەتەوەن وەك هەرێمی كوردستان لەئێستادا .

-كاریگەری سازانی دیموكراتی بەسەر داڕشتنەوەی سیاسەتی گشتی . سیاسەتی گشتی بەرئەنجامی كارلێكێكی میكانیكی ئاڵۆزە لەچوارچێوەی سیستەمی فكری وسیاسی و ژینگەی دیاریكراو،تیایدا بكەری فەرمی و نافەرمی كە سیستەمی سیاسی دیاریدەكات بەشدارەبن لەناویاندا دەستوری دەوڵەت، ئایدیۆلۆژیا،فەلسەفەی سیاسی فەرمانڕەوا، دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری،پارتەسیاسییەكان، گروپی بەرژەوەندییەگشتیی و تایبەتەكان، تواناو دەرامەتە بەردەستەكان، سروشتی بارودۆخی گشتی ووڵات.هێزەكان پێكهاتوون لە هێزە فەرمییەبەشداربووەكان لەدروستكردنی سیاسەتی گشتی،‌ خاوەنی دەسەڵاتی یاسایین لەدیاریكردنی دروستكەرانی بڕیار كە هەڵدەستن بە ‌دیاركردنی رۆڵ و مومارەسەیان لە دروستكردن سیاسەتی گشتی،ئەویش بەهۆی ئەو سیفەتە فەرمییەی دەستوری پێیبەخشیون،ئەوهێزانەش بریتین لە دەستەو هەیئاتەكانی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكردن و هەیئاتە كارگێری و دادوەرییەكان،ئەوانە بەجێبەجێكەرو دروستكەری سیاسەتی گشتی دادەنرێن بە ئاستی جیاواز،ئەو هێزانە ئەو توانایانەیان لەدەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە وەرگرتوە كە یارمەتیدەریان بۆ دروستكردنی بڕیاری گشتی.

ئەو دەوڵەتانەی لەڕێگەی سازانی دیموكراتییەوە یاساكان دێننەدەرەوە بێگومان تووشی كێشمەكێش و بەڵاڕیدارۆیشتنی زۆردەبێت چونكە پێویست دەكات بەرژەوەندی و بۆچوونی هاوبەش و رەزامەندی تەواوی پێكهاتەو هێزەسیاسییەكانی لەگەڵدابێت تاكو بتوانێت بێتەدەرەوە ئەوەش بۆخۆی لەرووی كاتەوە زۆر دوادەكەوێت و دەكەوێتە بەردەم ڕەخنەو هەڵبەزو دابەزی زۆر لەنێوان هێزەبەشداربووەكان،هەندێكجاربەهۆی ئینتماناوچەییەكانی كوتلەیەكەوە زیاتر هەوڵی ڕاكێشانی پرۆژەكان بۆناوچەیەك دەدات چونكە سەنتەری قورسایی جەماوەری لەوێدایە هەروەها جاری واهەیە لەئەنجامی ململانێ حزبییەكان بۆچەندین دەورەی پەرلەمانی یاساگەلێك پەكدەخرێن بەهۆی نەهاتنەوەی لەگەڵ بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری هێزێكدا گەرچی لەخزمەتی خەڵك و كۆمەڵگەش بێت،لەكاتێكدا ئەندام پەرلەمان دوای سوێندخواردنی لەوەدەردەچێت ئیتر تەنیا نوینەری تەنیا پێكهاتەو هێزێكی سیاسی دیاریكراوبێت بەڵكو دەبێتە نوێنەری تەواوی كۆمەڵگەو بەرپرسیارێتی ڕاپەراندنی چاڵاكی لەناو پەرلەمان دەكەوێتە ئەستۆی بەڵام لەو دەوڵەتانە ی سازانی تێدا باوە ئەندام پەرلەمان گوتارو سیاسەت و پرۆژەكانی و هەڵسوكەوتی گوزارشتە لەیەك هێزی سیاسی و پارتێك ناتوانێت لەو باڵادەستییە دەربچێت و بەرامبەر بەبڕیاری سەرووی خۆی رابوەستێتەوە بۆیە دەبینرێت زۆرجار بۆ رەزاامەندی دەربرین لەسەرپرۆژەیەك چەند دانیشتنی پەرلەمان دوادەخرێت تاكو لەدەرەوەسازانی لەسەربكرێت لەنێوان هێزەسەرەكییەكان ئەوەش بۆخۆی كاریگەری گەورەی بەسەر هێنانە دەرەوەی بریارە گرنگ و چارەنوسسازەكان دەبێت تەگەرەی كەورە دەخاتە بەردەم داڕشتنەوەی سیاسەتی گشتی بەوەش گۆمەڵگە گیرۆدەی چەندایەتی و چۆنایەتی هێنانەدەرەوەی یاساو پرۆژەكان دەبێت دەرەنجامی ئەو واقعە.

رێگریكردن لەپەرلەمان بۆ ئەنجامدانی كارەكانی خۆی بەشێوەیەكی یاسای و دوورلەدەستێوەردان دەگەرێتەوە بۆ هۆكاری سیاسی،لەبەرئەوەی سازان بنەمای پێكهێنانی حكومەت و پرۆسەی سیاسییە لەوولاتدا بۆیە هەمیشە كاریگەری سیاسەتی حزبی و دەستێوەردانی سیاسییەكان دەبینرێت لە ئاراستەی كاری پەرلەمان بەجۆرێك زۆربەی جارەكان گەرنەوترێت بەردەوام رەوایەتی و سەربەخۆیی پەرلەمان لەژێر پرسیاری گەورەدایە .

ئینتمای حزبی زۆربە یان هەموو ئەندام پەرلەمانەكان رێگری سەرەكییە لە ئەنجامدانی چاودیری كردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و لێپرسینەوەی چۆنییەتی جێبەجێكردن پرۆژەو یاساكان لەكۆمەڵگادا .هەروەها لەبەرئەوەی زۆربەی كوتلە پەرلەمانییەكان بەشدارن لەدەسەڵاتی جێبەجێكردن بۆیە ڕێگەنادرێت بە لیپرسینەوە لەوەزیرو لایەنگرانیان لەنێو حكومەتدا بەوەش پەرلەمان بنەمایەكی سەرەكی ئەركی خۆی پەراوێزدەخات .

كەمی هەماهەنگی نێوان حكومەت و پەڕلەمان،لەو هۆكارەوە دێت كە دەسەڵاتی جێبەجێكردن زۆرباكی بە پەرلەمان نییە لە چاودێریكردنی كارەكانی و بەتەواوی لەڕێگەی ئەندامەكانییەوە لەپەرلەمان هەژموونی بەسەرپەرلەماندا كردوە،نەك تەنیا ئەوە بەڵكو لەحاڵەتی ڵیپرسینەوە زۆرجار وەزیرێك یان كادرێكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بانگێشت دەكرێت بۆلیپرسینەوە بێمنەتانە وەڵام ناداتەوە زۆرجار پەرلەمان تۆمەتباردەكرێت لەوەی دەستێوەردان دەكات و سنوری كاری پەرلەمانی تێدەپەرێنێت .

لەنیو دەسەڵاتی جیبەجێكردندا كارەساتەكە گەورەتردەبینرێت بەهۆی سازانەوە،چونكە هیچ هێزێك بۆی نییە لەگەڵ كادری ئەویكە لیپرسینەوە بكات،ئەوەش خۆبەخۆ كاریگەری لەسەر ئەدائی حكومەت و دامودەزگاخزمەتگوزارییەكانی دەبێت لەكەمی و خراپی ئەو خزمەتگوزارییەی پێشكەش بەكۆمەڵگادەكرێت،هەروەها دانانی كادرەكان لەسەربنەمای لێهاتوویی و شیاوی نییە بەڵكو پێداگیری حزبە لەسەرجێگیركردنی یەكێك لەشوێنێك ئەم حاڵەتە رێگە بۆ واستەو دەستەچێتی و بەرژەوەندخوازی دەكاتەوە لەنیو دامەزراوەحكومییەكان لەسەرحیسابی كۆمەڵگا،بۆنمونە جاری واهەبووە كادرێكی حزبی وەزیری كشتوكاڵ بووە بەڵام لەكابینەی دواتر بۆتە وەزیری كاروباری ئایین (ئەوقاف)ئەو حاڵەتە مەگەر تەنیا لە وحكومەتانە بوەشێتەوە كە سازان بەڕیوەی دەبات گەرنا وەزیری تەندروستی چۆنەكرێت ببێتە وەزیری شارەوانییەكان یان پێچەوانە .

حكومەتی سازێنراو لەلایەن كۆمەڵێك هێزو پارتی سیاسییەوە لەماوەیەكی كەمدا دەخنكێت لەنێو گەندەڵی و موحسوبییەتدا چونكە پارتێك دەگاتە نێو حكومەت ئیتر بەلێشاو كادرو لایەنگرانی دەگوێزێتەوە بۆ ناو دامەزراوەكانی حكومەت و پەو پۆستەكان لەسەربنەمای خزم خزمێنەو نزیك و دووری لە وەزیرەوە درێژدەكرینەوە بۆخوارەوە تاكو هەموو دامەزراوەكان سیخناخ دەكرێن وەك ئەوەی ئەمڕۆ لەحكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەبینرێت .

لەهەمووی ماڵوێرانتر لەو جۆرە حكومەتەدا هیچ هێزێكی كاریگەرو خاوەن پێگەی بەهێز لەناوجەماوەرنامێنێتەوە بۆ چاودێریكردنی كارەكانی حكومەت و لێپرسینەوە ناكرێت بۆیە حزبی باڵادەست بەشێوەیەكی بەربەرەڵا و فراوان دەستێوەردان لەهەموو جومگوكانی دەسەڵات و دامەزراوە سیاسییەكانی دەوڵەت گیردەكات و سەروەت و سامانی تەواوی كۆمەڵگا دەخاتە ژێر چنگی خۆیەوە،بەوەش دەكرێت بوترێت كۆمەڵگا دەكەوێتە ژێر رەحمەتی حزبەباڵادەستەكان لەحكومەت،هەروەك پارتەكانی دیكەش وەك شەریكەبەش بەردەوامیدەدەن لەگەندەڵی و مشەخۆری بەسەرجەستەی حكومەتەوە و بێدەنگی دەگەن لەو تاڵانكارییەی حكومەت و پارتەكان دەیكەن بەسەرداهاتی كۆمەڵگاوە .حكومەتی سازێنراو تەنیا تاڵانی میللەت ناكات بەڵكو ئازادی و سەربەستییەكانی كۆمەڵگاو تاكەكانیش بۆ دەربڕینی نارەزایی و داواكردنی مافەكانیان بەرتەسك دەكاتەوە.

لەئەنجامگیرییەكی كورتدا دەكرێت بوترێت سازانی دیموكراتی دەرەنجامی نایەكانگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و نەتەوەیی و ئیتنی لەكۆمەڵگادا هاتۆتە ئاراوە،بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی ناجێگیری كۆمەڵایەتی و سیاسی لەكۆمەڵگادا واتە قۆناغێكی كاتییە بەهۆكاری خستنەوەی بنەماگەلێكی دەستوری و یاسایی و سیاسی بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندی نێوان هیزو پێكهاتەسیاسی و كۆمەڵایەتییەكان .گەرچی ئەو كۆمەڵگایانەی توانیان هەنگاوی خێرابنێن بۆتێپەراندنی ئەو دۆخە ناجێگیرە لەبەرامبەردا كۆمەڵگا دواكەوتووەكان هێشتا لەسەرەتای بانگەشەی سازانن بۆ هێشتنەوەی دۆخی پارچەپارچەیی و دواكەوتوویی كۆمەڵگا لەباری خۆیداو بەكارهێنانی حكومەت و دامەزراوە كانی لەپێناو بەهێزكردن و گەورەكردنی تواناكانی خۆیان.

 

  • 1