ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 قەیس محەمەد/ رۆشنبیری سیاسی و كاریگەرییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی

بەگوێ بیستبوونی زاراوەی رۆشنبیری سیاسی، ڕاستەوخۆ ئەوە بە بیروهۆشی مرۆڤدا دێت كەبریتی بێتلەكۆمەڵێك زانیاری و مەعریفەوسەرژمێریی‌ دەربارەی رووداوە سیاسییەكان، هاوشانی كۆمەڵێك ناوی شەرەگەورەكان لەمێژووداو ناوی سەركردەو رەمزە نەتەوەییەكان وناوی چەند دەوڵەت و پایتەختێكی گرنگ،وكۆی ئەو مەعریفەیەی دەستی خستووە دەربارەی بارودۆخی سیاسی وگشتی، گەرچی ئەو زانیارییانە بە جۆرێك لە رۆشنبیری سیاسی دادەنرێت، لەهەمانكاتدا بەگشتی دەرواتە چوارچێوەی رۆشنبیری گشتییەوە،واتە بەهیچ جۆرێك بە رۆشنبیری سیاسی دانانرێت .

رۆشنبیری گشتی بە كۆی هونەرو ئاداب و ڕێگاكانی ژیان دادەنرێت كە مافەكانی مرۆڤ و سیستەمی بەهاو نەریت و بیروباوەرەوپێرەوەكان لەخۆدەگرێت، رۆشنبیری بەبنەمای بەخشینی ماناوبەها دادەنرێت لەمیانی رێكخستنی هەڵسوكەوت و دیاریكردنی رەفتارەكانی مرۆڤ لەنێوكۆمەڵگاداو دەوڵەمەندكردنی بە زانست و زانیاری و داهێنان.

 رۆشنبیری سیاسی بەیەكێك لە كەرتەكانی رۆشنبیری گشتی دادەنرێت،بەوەی هەركۆمەڵگایەك خاوەنی تایبەتمەندی ‌خۆیەتی كەلەڕێگەی رۆشنبیری باڵادەستی نێو كۆمەڵگاوە هەوڵدەدات ئەو تایبەتمەندییانە بگوازێتەوە بۆ نێو ئەندامەكانی،ڕۆشنبیری باڵادەست لەڕێگەی كۆمەڵێك بەهاو مەعریفەو تێگەیشتن‌، پێشكەوتووە، كەلە گەنجینەی مێژوویی و شارستانی و واقعی جوگرافیایی و پێكهاتنی كۆمەڵایەتی و سروشتی سیستەمی سیاسی و ئابورییەوە وەدەست خراوە‌، هاوشانی‌ كارتێكەرە دەرەكییەكان كە بەپێكهێنەری شارەزایی و ئینتما جیاوازەكان دادەنرێت، لەبەرئەوە ڕۆشنبیری سیاسی بەشێكی دانەبڕاوە لە رۆشنبیری گشتی كۆمەڵگا، و جیاوازە لە وولاتێكەوە بۆیەكێكی دیكە، جاگەر ئەو كۆمەڵگا یان دەوڵەتە هەمان شێوازی ژیانی هەبێت و سەربەیەك شارستانییەت بێت.

بەو پێیەی‌ ڕۆشنبیری سیاسی وابەستەی رۆشنبیری گشتییی كۆمەڵگایە،بەهەمان شێوە سیستەمی سیاسی لەبەر ڕۆشنایی رۆشنبیری سیاسیدا هەنگاو هەڵدەگرێت و كاریگەردەبێت بە بەهاو تێگەیشتن و وێناكردنە باوەكان،لەكاتێكدا بەهاو بیروباوەرە باووباڵادەستەكانی نێو كۆمەڵگا حالەتی سروشتی نییە، بەڵكو وەدەستهێنراوە لەڕێگەی پێگەیاندنی سیاسییەوە كە دامەزراوە كانی وەك (خیزان،قوتابخانە، ڕاگەیاندن، پارتەكان)پییهەڵدەستن ودەیخەنەوە لەكۆمەلگادا،بەم واتایە پێگەیاندنی سیاسی فاكتەری سەرەكییە لە خستنەوەی ڕۆشنبیرییەكی سیاسی دروست .

ڕۆشنبیری سیاسی كۆمەڵێك مەعریفەو بۆچوون و ئاراستەیە دەربارەی سیاسەت و فەرمانڕەوایی، دەوڵەت ودەسەڵات، ئینتماو رەوایەتی وبەشداری،هەروەها بەسیستەمی بیروباوەرو رەمزو بەهادیاریكراوەكان دادەنرێت بۆ دیاریكردنی چۆنییەتی رۆڵی گونجاوی حكومەت وپڕەنسیپەكانی ئەو رۆڵ بینینە،دیاریكردنی پەیوەندی نێوان حوكمدارو حوكم بەسەرداكراوە،هەروەها بەكۆمەڵێك تەوەجوهات دادەنرێت دەربارەی حوكمرانی كردن وەك ئەوەی حكومەت چی دەكات یان دەبێت چی بكات، واتە ڕۆشنبیری سیاسی لە دەوری ئاراستەو بڕوا ماوە درێژەكان دەخولێتەوە دەربارەی دیاردەسیاسییەكان . لێرەدا كۆمەڵگایەك بەشێك لە رەمزو بەهاو نەریتە سیاسییەكانی دەگوازێتەوە بۆ تاكەكانی،لەوێوە هەرتاكێك بۆچوون و برواكانی خۆی پێكدەهێنێت دەربارەی رۆڵی سیستەمی سیاسی بەهەردوو بارە فەرمی و نافەمییەكانی، ودیاریكردنی ماف وئەركەكانیان لەهەمبەر سیستەمی سیاسی. مادام رۆشنبیری سیاسی بەشێكی دانەبڕاوە لە رۆشنبیری گشتی، بەهەمان شێوەرۆشنبیریگشتیلە چەندین كەرتی‌ رۆشنبیری جیاواز پێكهاتووە وەك رۆشنبیری گەنجان، دەستەبژێری فەرمانڕەوا، كریكاران و جوتیاران،ئافرەتان..تاد.بەوپێیە رۆشنبیری سیاسی كۆمەڵێك لە ئاڕاستەو بیروباوەر لەخۆدەگرێت كە مانا، سیستەم، بە پرۆسەی سیاسی دەبەخشێت، هەروەها كۆمەڵێك بنەماو پڕەنسیی جێگیردەخاتەڕوو بۆ كۆنترۆڵكردنی هەڵسوكەوتی تاكەكان لەنێو سیستەمی سیاسییدا.

ڕۆشنبیری سیاسی كۆمەڵێك بەهای سیاسییە‌ هەڵدەستێت بەدیاریكردنی ئاراستەی تاك و رەفتارەكانی لەچوارچێوەی پەیوەندییەكانی بەسیستەمی سیاسییەوە،یان ئەو حالەتی هۆشیاری و كارلێكردنەیە كە هاوڵاتی پەیوەستی پرۆسەی بونیادنانەوەی دەوڵەت و ئبدارەدانی دەكات لەلایەن سیستەمی فەرمانڕەوا‌وە، بەو تێگەیشتنە رۆشنبیری سیاسی دەرهاویشتەی بیرو ئاگایی كۆمەڵایەتی و سیاسی كۆمەڵگایە لەقۆناغێكی دیاریكراودا،جێگیرو وەستاو نییە،هەروەها دەگوازرێتەوە لەنەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە،هەروەك دەرەنجامی پێدراوە سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكان دەكرێت پیشبكەوێت و گۆڕانكاری بەسەردابێت،چونكە بەرەنجامی كەڵەكەبوونی ئەزموون و شارەزاییەمێژوویی و ئایینی كۆمەڵایەتیی و ئابورییەكان بەرهەمهاتووە،كە كاریگەردەبێت بە ڕای گشتی و كارتێكەریش دەبێت لە كۆمەڵگا،ئەو بەشەی رۆشنبیری توانای كارتێكردنی هەیە لە دۆخی گشتی كۆمەڵگا لەنێوان مانەوە و رەتكردنەوەی دۆخی باودا واتە كاریگەری بەسەر هۆشیاری كۆمەڵگاوە دەبێت لە دروستكردنی گۆڕانكاری و ئالوگۆرەسیاسیی و كۆمەڵایەتییەكاندا.

ئەو كۆمەڵگایەی خاوەنی ئاستێكی بەرزە لەرۆشنبیری سیاسی ودركی بە رۆڵبینینی راستی و دروستی سیستەمی سیاسی كردوە توانای ڕووبەڕووبونەوەی هەموو كۆسپ و تەگەرەكانی هەیە كە بەربە پێشكەوتنی كۆمەڵگادەگرێت لەمیانی نوێنەرایەتیكردنی راستی سیستەمی سیاسی لەپاراستن و دابینكردنی پێداویستییەكانی كۆمەڵگا،لەبەرئەوە پەیوەندی هۆشیارانەی نێوان كۆمەڵگاو سیستەمی سیاسی بنەماو قاعیدەیەكی گرنگە بۆ جەستەی رۆشنبیری سیاسی،بۆیە دەوتریت گەلی ئینگلیزی گەرخاوەنی رۆشنبیرییەكی سیاسی بەرزنەبوایە نەیدەتوانی ببێتە خاوەنی ئەو ئیمپراتۆریەتەگەورەیە لەمێژوودا سەرەرای ئەو پێگەجوگرافیالاوازەی كەهەیەتی،وەتەواوی كۆمەڵگا پێشكەوتووەكانی دیكە نەیاندەتوانی بگەنە ئەوبارەی ئێستا گەر خاوەنی ئەو ئاستەبەرزە نەبونایە لەرۆشنبیری سیاسی كە توانیویەتی رێگە بۆ بەهێزبوونی پێگەی دەوڵەت و حكومەتەكەیان بكاتەوە لەئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا،هەروەك ئەو ئازادی و دادپەروەریی و یەكسانییەی لەنێوان تاك و پێكهاتەكان دەبینرێت، هیچ نییە بەبیبوونی رۆشنبیرییەكی بالای سیاسی كە رێگەی بۆ كۆمەڵگاكردۆتەوە تاكو ڕەنگڕیژی سیستەمی سیاسی بكات بەخواست و ویستەكانی خۆی،بۆیە هەر هەوڵێك بۆ هەڵسانەوەی كۆمەڵگا بۆگەیشتن بەئاستی كۆمەڵگا پێشكەوتووەكان پەیوەستە راستەوخۆ بە رۆشنبیری سیاسی لەكۆمەڵگادا،پرۆژەی رۆشنگەری فكری و گەشەپێدانی سیاسی زۆربەیان بەهۆكاری تەكەتولاتی رۆشنبیری سیاسی كۆمەڵگاوە تێكدەشكێت و لەنیوە ڕێگادا شكست دێنێت،لەبەرئەوەیە هەستانەوە بەختی كەم دەبێت لەو كۆمەڵگایانەی خاوەنی رۆشنبیرییەكی سیاسی لاوازو پارچەپارچەیە،چ جای كە سیستەمی سیاسی بۆخۆی هەڵگرو خاوەنی ئەو جۆرە لە رۆشنبیری سیاسی بێت،نەك هەرئەوەندە بەڵكو نەخوێندەواری سیاسی لەكۆمەڵگادا رێگادەكاتەوە بۆ تاڵانكردنی داهاتی گشتی و ستەم و گەندەڵی ئیداری و سیاسی .

ووڵاتانی ئەوروپا خۆبەخۆ نەیتوانیوە حاڵەتی دواكەوتوویی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتوری تێپەرێنێت، بەڵكو بەهۆی رۆڵ و بەشداری چاڵاكانەی فەیلەسوف و بیرمەندانی رۆشنگەری توانیویەتی ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری سیاسی بەرزبكاتەوە بەنموونە رۆسۆ، مۆنتسكیۆ، فۆلتێر، دالامبیر، دیدرۆ،ئەوانە توانیان لەڕێگەی بیروباوەرەكانیانەوە رێگا بۆ ئازادی و برایەتی و یەكسانی و دادپەروەری و مافی مرۆڤ و هاوڵاتیبوون بكەن،ئەوەش لەدواتردا بوو بە بنەمای شۆرشی فەرەنسی و گەشەكردنی رۆشنبیری سیاسی تاكی كۆمەڵگا،چونكە هەموو ئاڵوگۆڕێكی سیاسی و جێگیربوونی سیستەمی سیاسی پەیوەستە بە بەرزی و گەشەسەندویی رۆشنبیری سیاسی،وبنەمایەكی گرنگە بۆ درك كردنی تەحەدیاتەكان لەلایەن كۆمەڵگاوە، لەم نێوانەدا ڕەنگە باشترین نموونە تونس ومیسر بێت بەهۆی ئامادەیی رۆشنبیری سیاسییەوە توانرا پارێزگاری لە بنەماكانی شۆڕش بكرێت گەرچی لەبەلارێداچوونی لەسەرەتاوە.

رۆشنبیری سیاسی لەهەر كۆمەڵگایەك گوزارشتە لەشێوازو ئاستی كارلێككردن لەناو كۆمەڵگادا، ووێنەی تاك و ئاستی كارلێككردنی سیاسی دیاریدەكات بەبەراوردبە تاكی كۆمەڵگاكانی دیكە.

ووڵاتانی دواكەوتوو بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە لەئاستی كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری و فكری هەنگاوی پێشكەوتوانە بنێن، هێشتا لە قۆناغی رۆشنبیری كلاسیكدا ماونەتەوە بەو واتایەی نەگەیشتونەتە ئاستی رۆشنبیریی لیبوردەیی و پێكەوەژیان و یەكترقبوڵكردن .

 گابرییل ئەلمۆندو سیدنی فیرباكۆمەڵگایان بەپێی ئاستی پێشكەوتنی وەك ئەوەی كە پیشتر ماكس فیبر دیاریكردوە بۆ سێ بەش جیاكردۆتەوە:-

- رۆشنبیری سیاسی بەرتەسك،داخراو

ئەم جۆرە رۆشنبیرییە بەوە ناسراوە لەسەربنەمای خزمایەتی و نەریت و ئایین پێكدێت واتە رۆشنبیرییەكە بەرلە رۆشنبیری سیاسی تایبەت بە دەوڵەت كەوتووە،تایبەتە بەژینگەی تەقلیدی و رۆشنبیری ناوچەیی و هۆزگەرایی،ئەم جۆرە لەرۆشنبیری لەو دەوڵەت و ناوچانە زیاتر دەبینرێت كە كە خێڵ و عەشیرەتگەرایی و خزم خزمێنە و تائیفییەت ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت لە دیاریكردنی ئینتمای سیاسی .ئەم رۆشنبیرییە لێڵ و ناجێگیرە گەرنەوترێت هەرنییە بەجۆرێك هەموو پرۆسەی سیاسی و رۆڵ و پێگە گرنگەكان لەلای خودی سەرۆك یان دەستەی بەرێوەبەری دەسەڵات كۆبۆتەوە،ئەم جۆرە زیاتر بەرۆشنبیرییەكی نەرێنی دەناسرێت چونكە بەكۆسپی بەردەم گواستنەوە سیاسییەكان دادەنرێت.

 

- رۆشنبیری ملكەچ.

ئەو شێوازە لەرۆشنبیری سیاسی لەكۆمەڵگا نیمچەپێشكەوتوەكان دەبینرێت كە سیستەمی سیاسی تێیدا گشتگیرە واتە پەیوەستە بەبوونی بونیادی سیاسی پاوانخواز،لەوكۆمەڵگایانەدا سیستەمی سیاسی تاكە لایەنی‌ بەرپرسە لەدروستكردنی بڕیاری سیاسیی دوور لەبەشداری و هاوبەشیكردنی هاوڵاتیان،لەم جۆرە كۆمەڵگایەدا تاكەكان رەزامەندن لەسەر ئەو بڕیارو پلان و سیاساتانەی كە حكومەت دەیهێنیتە دەرەوە،هەروەها حكومەت تاكڕەوی دەكات لەبەڕیوەبردن و قبوڵی هیچ چاودێری و لێپرسینەوەیەك ناكات لەهەمووشی گرنگتر رێگەبەبوونی ئۆپۆزسیۆن نادات،بۆیە هاوڵاتیان لەو جۆرە كۆمەڵگەیەدا هیچ شارەزاییەكیان دەربارەی ماف و ئازادییەكانیان نییە ئەوەش رێگەی بۆدروستكردنی هۆشیاری و رۆشنبیرییەكی ساختەكردۆتەوە بەوەی تەنیا ملكەچی و گوێگرتن لەسەریانە بەرامبەر بەمامەڵەوسیاسەتەكانی حكومەت .

لەم جۆرە رۆشنبیرییەدا هاوڵاتی ملكەچە بەتەواوی بۆحكومەت و دەسەڵاتی ئامادەبوو بەهیچ شیوەیەك بەشداری ناكات لەبەرێوەبردن و دروستكردنی بریاری سیاسی بەڵكو بەتەواوی مەسافەی نێوان دەسەڵات و كۆمەڵگا جیاكراوەتەوە.

رۆشنبیری سیاسی بەشداریكەر.

ئەم جۆرە رۆشنبیرییە لەكۆمەڵگە پێشكەوتووە خاوەن سیستەمە سیاسییە دیموكراتەكان دەبینرێت،بەجۆرێك تاكەكان لەو كۆمەڵگایەدا خاوەنی ئاراستەی دیاریكراوومەعریفەیە دەرهەق بە سیستەمی سیاسی بەشیوەیەكی گشتی،ئاماژەیە بۆ ئامادەیی رۆشنبیری و هۆشیارییەكی بەرز دەرهەق بە كاروباری سیاسی و رۆل و پێگەی وەك هاوڵاتیی لە هەڵبژاردن و كۆروكۆبونەوەو مانگرتن و خۆپیشاندان،ئەم حاڵەتانە ئاماژەیە بۆ چاڵاكی و بەشداری سیاسی و ئینتماكردن بۆ پارتەسیاسییەكان یان كۆمەڵەكانی فشار،بەشێوەیەكی پوخت ئەم جۆرە رۆشنبیرییە تایبەتە بەوكۆمەڵگایەی بنەماكانی دیموكراتییەت تیایدا بەهێزەو ئازادی و مافەكانی مرۆڤ دەستەبەركراون .‌

لاوازی و پارچەپارچەی رۆشنبیری سیاسی لە كۆمەڵگای كوردی لەسەردەمی بەعس و رژێمەكانی بەرلەویش بۆ ئەو سیاسەتە دوژمنكارییە دەگەرێتەوە كە ویستی خۆسەپاندن و ژێردەستەكردنی گەلی كوردی لەخۆیدا هەڵگرتبوو،بەگرتنەبەری سیاسەتی لێكدابرانی كۆمەڵایەتی و سیاسی هەروەها داتەپاندنی باری ئابوری ناوچەكوردییەكان،هەروەك پەرەدان بەبیری خێڵایەتی و دروستكردنی جیاوازی كۆمەڵایەتی لەنێو كۆمەڵگای كوردیدا یەكێكی دیكەبوو لە ئامانجەكان كە تاك و كۆمەڵگای پێ دەخەساند لەنێو ئینتما و پەیوەندییەسەرەتاییەكان .لەوێوە ئەو رۆشنبیرییەی پێشخرا لەو زەمەندا رۆشنبیرییەك بوو لەسەربنەمای ملكەچكردن و سەردانەواندن، رك و كینەو سرینەوەی یەكتر دەرۆیشت، ئەم جۆرە لەرۆشنبیری گەرچی لەئاستی عێراق پەیرەوی لێدەكرا بەڵام لەناوچەكوردییەكان زیاتر ئامانجدارو ئاڕاستەكراوبوو بەئامانجی شێواندنی باری كۆمەڵایەتی و هێشتنەوەی كۆمەڵگالەهەژاری و نەخوێندەواری خۆیدا بۆلەباربردنی شۆرش و خەباتی بەرەنگاربوونەی و رژێمەكانی لەعێراقدا دەسەڵاتداربوون.

دوای ڕاپەڕین و ئازادكردنی شارەكانی هەرێمی كوردستان ئیتر ئەركی بەرزكردنەوەی هۆشیاری تاك و كۆمەڵگا كەوتە ئەستۆی هیزو پارتەسیاسییەكان لەپێناو ئامادەكردنی تاكێكی لێهاتوو كەبتوانێت رۆڵ و بەشداری هەبێت لەبونیادنانەوەی كۆمەڵگاو دامەزراوەكانی حكومەت كە هەمووی پەكی كەوت بوو. بەڵام هێزەسەرەكییەكانی كە پێكهێنەری حكومەت بوون لەو قۆناغەدا نەك هەر پرۆژەو پلانیان نەبوو بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی كۆمەڵگاو رێكخستنەوەی پەیوەندییەكۆمەڵایەتییەكان، بەڵكو هەڵسوكەوت و مامەڵەیان لەگەڵ حاڵەتی داتەپیوی كۆمەڵگاو هەژاری و نەخوێندەواری بەهەمان شێوازی پێشوو بوو كە خۆی لە چەواشەكردن و ڕامكردنی كۆمەڵگادا دەبینییەوە بۆ زیاتر پاوانكردنی پانتاییەكانی كۆمەڵگاو جێبەجێكردنی پرۆژەسیاسیی و پاوانخوازییەكانی خۆیان. ئەوەی حكومەت كاری بۆكرد قوڵكردنەوەی رۆشنبیری و نەریتی ملكەچكردنی زیاترو فراوانتربوو لەكۆمەڵگا، هەروەها ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگا بەدژی نەیارەسیاسییەكانی لەگۆرەپانی كۆمەڵایەتی و سیاسی ئەوەش خۆبەخۆ شەڕێكی ماڵوێرانی لێكەوتەوە كە دابەشبوونی كۆمەڵایەتی و داڕمانی باری ئابوری كۆمەڵگای ئەوەندەی دیكە سەختتر كردەوە بەجۆرێك برا شەڕی برای دەكرد.

لێكترازانی سیاسی نێوان هێزە سیاسییەكان لێكەوتی كۆمەڵایەتی و ئابوری و ئیداری بەدوای خۆیدا هێنا لەكۆمەڵگا، بەشێوازێك شتێك نەما بەناوی ئینتما بۆنیشتمان و رۆشنبیری سیاسی باڵا تاكو دەستی پێوەبگیرێت و بەشداری تاكی لێوە دەستەبەربكرێت لەدارشتنەوەی سیستەمی سیاسی و چاودێریكردنی كاروباری حكومەت و دروستكردنی بڕیار،ئەم حاڵەتە نەك پارچەپارچەیی و لاوازی كەسێتی تاكی كوردی لەرووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە نەگۆڕی بۆ كەسایەتییەكی بەرهەمدارو چاڵاك بەڵكو كۆمەڵگای لەهەموو ئاستەكان دابەشكرد لەنێوان چەند كۆمەڵێك بیروباوەرو شێوازێكی رۆشنبیری سیاسی كە هیچیان سەربە رۆشنبیری سیاسی و باڵانەبوون لەپێناو برەودان بە بیروهۆشی خەڵك بۆبەشداری و رۆڵ بینین لەكۆمەڵگادا .

تاكو بەئێستاش دەگات پارت وهێزە سیاسییەكان و حكومەت برەو بەهەمان هۆشیاری و رۆشنبیری سیاسی دەدەن چونكە دەستەبەری پرۆژە فراوانخوازی و پاوانخوازییەكانیان دەكات لەكۆمەڵگادا، چ لە كەساندنی دەسەڵاتەوە بیگرە تاكو دوورخستنەوەی تاك وكۆمەڵگا لە چاودێری كردنی حكومەت و كاروبارەكانی و چۆنییەتی مامەڵەكردنی كەرتە حكومییەكان،هەموو پێدراوە واقعییەكان ئەوە پشتڕاستدەكەنەوە كە رۆشنبیری تاكی كورد لە جۆری یەكەم و دووەم تێپەڕی نەكردوە،دیارە ئەوەش ئامانجداربووە لەلایەن كاربەدەستانەوە چونكە گەیشتن بەرۆشنبیری بەشداریكەر یان هاوبەشیكردن بۆخۆی زەمینەی فراوانكردنی ماف و ئازادی دەوێت،هەنگاوی دەستەبەركردنی خۆشگوزەرانی كۆمەڵایەتی و فەرهەمكردنی بنەماكانی هاوڵاتیبوونی دەوێت كەهەموو ئەمانەش دەبێتە فاكتەری بونیادنانەوەو چالاكردنەوەی تاكی كوردی وباركردنی بەرۆشنبیرییەكی سیاسی باش كە توانای ژێر چاوخستنی كۆی پرۆسەی سیاسی وفەرمانڕەوایی هەیە، دیارە راستكردنەوەی رۆشنبیری سیاسی و كۆمەڵایەتی خۆبەخۆدەمانبات بەرەو ئەوەی كە پێگەیاندنی سیاسی لەكۆمەڵگادا ڕێكبخرێتەوە لەڕێگەی سەر رێگاخستنی پەروەردەیەكی مەدەنیانەی خێزان وپەرەدان بەبەهاكانی رێزگرتن لەمنداڵ و گەنج و ویستەكانیان، ودوورخستنەوەی حزب لەوەی دەمراستی هەمووكۆمەڵگا بكات وهەوڵی پاوانخوازی بدات و ڕەنگڕێژی كۆمەڵگابكات بەپڕەنسیپە حزبییەكانی خۆی چونكە ئەو شێوازە سەربەجۆری رۆشنبیری ملكەچی ورامكردنی كۆمەڵگایە، تاكو لەوێوە بڕیارو بۆچوونەكانی خۆی بكاتە بەركۆمەڵگاو یەك بیركردنەوەو تێفكرین پەرەپێبدات، وەك باسكرا ئەو حاڵەتە لەكۆمەڵگایانە زیاتر دەبینرێت كە سیستەمێكی گشتگیرە، ئازادی و مافەكانی خەڵك پشتگوێ دەخات و یەك ڕەنگی دەچەسپێنێت.

لاوازی رۆشنبیری سیاسی تاك لەكۆمەڵگادا بەرپرسی یەكەمە لە ناجێگیری سیاسی وقەیرانی سیستەمی سیاسی لەكۆمەڵگادا. هەركۆمەڵگایەك خاوەنی رۆشنبیرییەكی سیاسی بەرزنەبێت حكومەت وكاربەدەستانی وەك غەنیمه مامەڵەی دەكەن لەچەسپاندنی بۆچوون وباوەرەكانی خۆی بەسەریدا، كۆمەڵگالەوحاڵەتە توانای سزادان و لێپرسینەوەی لە حكومەت و كاربەدەستان نابێت، وناتوانێت ببێتە بەشێك لە دروستكردنی بریار لەناو حكومەت و دەوڵەتدا بەڵكو هەمیشە وەك پاشكۆ مامەڵەدەكرێت چكاتێك پێویست بەكۆمەڵگاكرا بەهەزاران دروشم و گوتار شۆڕدەكرێتەوە لەلایەن هەمووهێزە جیاوازەكانەوە، بەوەش كۆمەڵگا لەحاڵەتی بیدەربەستبوونی بەرۆشنبیرییەكی سیاسی باش پەتەوازە دەبێت لەنێوان هێزەكان، ئەم حاڵەتە رێگا بۆ لاوازبوونی حكومەت و دەزگا دەوڵەتییەكان دەكاتەوە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پێویست بەكۆمەڵگا.

لەوكاتەی كۆمەڵگا پارچەپارچەیەو رۆشنبیری سیاسی لاوازە ناكرێت چاوەڕوانی زۆر لەكۆمەڵگابكرێت لە باری سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە، چونكە هەموو كاتێك ئەگەری بەلاڕێدارۆیشتنی هەیە لەڕووی گۆڕینی بریاری سیاسی، بەهۆكاری بەرژەوەندی تایبەتی و كەسی.

قەیرانەكانی سیستەمی سیاسی و فەرمانڕەوایەتیكردن لەو ناوچانەی كە رۆشنبیری سیاسیی تێیدا لاوازە هەمیشە یەكتربڕو قووڵە، وبەخێرایی كاریگەرییەكانی دەگوازرێتەوە بۆپانتاییەكۆمەڵایەتییەكە وەك ئەوەی ئێستا لەهەرێمی كوردستان دەبینرێت،هاوكات بڕیارە چارەنوسسازەكان بەرلەمپەری چەواشەكاری و رۆشنبیرییەكی ساختەدەكەون بۆیە بەزۆری شكست دەهێنن .

  • 1