ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شوان محەمەد / پرسی سەرۆكایەتی هەرێم

پرسی سەرۆكایەتی هەرێم لەم دۆخەی ئێستادا پرسێكی یاسایی و پەرلەمانی نییە، بەڵكو پرسێكی سیاسی و بەرەنجامی تەوافوقەكانی نێوان یەكێتی و پارتیە. 

ئەو مەوعیدەی لە پێشمانە بۆ تەواوبوونی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم، مەوعیدێكی شەرعی و یاسایی نییە، بەرەنجامی تەوافوقیكی نێوان یەكیتی و پارتی و هێزەكانی دیكەیە، نەك شەرعیەتی خەڵكی هەرێم و دەنگدانی گشتی. واتە ئەو مەوعیدە كۆتایی حوكمی سەرۆكایەتی هەرێم نییە، تەنها پیاچوونەوەیە بە گرێبەست و تەوافوقەكانی نێوان یەكێتی و پارتی. 

ئەگەر كەمێك بۆ رابردوو بگەڕێینەوە، یاخود دووساڵ لەمەوپێش ئەوە پێشنیارو چارەسەری یەكێتی بوو بۆ درێژكردنەوەی ماوەكە لەپەرلەمان موسادەقە كرا و بە 30ی حوزەیران ناودەبریت. 

پێموایە یەكێتی باجێكی زۆری ئەو كارەی خۆی داو ئێستاشی لەسەر بێت پێویستی بە بەخۆداچوونەوە هەیە. پرسیارەكە ئەوەیە: ئەگەر یەكێتی مەبەستی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم بوو بۆچی دوو ساڵی درێژكردەوەو هەردوو پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی لێكجیاكردەوە؟؟ 

ئێوە بۆخۆتان دەزانن لەو پەرلەمانەی ئێستا كە زۆرینەی موعارەزەیەكی نامەعلوم و ئیسلامی سیاسی دەستی بەسەردا گرتووە، ئەگەر راپرسی بكرێت بەتەئكید كەسێكی ئیسلامی ملكەچی دراوسێكان، یان كەم ئەزموونێكی هاوشیوەی سوران و عەلی حەمە ساڵح و كەمالی سەید قادر دەكریتە بەدیلی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتیش ئەم دووساڵە نیەتی ئەو شێوە حوكمڕانیەشمان بینی و ئەوەتا لە دوای كوبوونەوەكەی 23/6 ی پەرلەمان سەرەتا پارتی و ئێستاش خەریكە یەكێتیش لەوە تێدەگات. ئەو هێزانە خەریكە پرسی كوردی بەرەو ئاقارێكی تر دەبەن، ئەویش كێشەی تائیفی و دینی و ململانێی سوننەو شیعەیە لەم هەرێمەو خەریكە دەكەوینە ژێر رەحمەتی موجازەفەی لەناوچوون و مانەوە. 

هەندێ لەهێزە ئیسلامییەكان بەرنامەی ئاشتی و پێكەوە ژیانیان پێ نییە، راستە لەنێو جەماوەر میانڕەو خۆیان پیشانئەدەن، بەڵام لەحوكمڕانیدا ئەو مەبەستەیان نییە. هەندێكیش لەژێر ناوی موعارەزەی سیاسی و دیموكراتیدا هاوڕان لەگەڵیان و مەبەستی تریان هەیە. 

بەبڕوای من دیسان دووبارەیدەكەوە بۆمانەوەی ئەم قەوارە سیاسییەی كە هەرێمی كوردستانی پێدەوترێت، پیویستە یەكێتی دەستبەرداری فیكرەی هاوسەنگی هێز بێت، واز لەو شێوازەی مونافەسە بێنێت، كە پاشماوەی بلۆكی سۆڤێت و جەنگی ساردە. دەبێت تەواو بە سیاسەتەكانی خۆیدا بچێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ بوچوونەكانی تاڵەبانی و رێككەوتنە ستراتیجییەكەی لەگەڵ پارتیدا، نەك رێكخستنی ئەو ناجۆرانە لەهەناوی خویدا، لەبەرئەوەی بردنەوەو مانەوە دوو شتی جیاوازن.