ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 سمکۆ محەمەد/ تەكفیرو تەفكیر

بەدەر لە هەموو كێشە گەورەكانی هەرێمی كوردستان كە بە سیاسەتی ناوخۆیی حزبە كوردستانییەكانی نێو پارلەمانەوە گرێدراوە و هەر ئەوان بوون بە داڕێژەری بڕیاردان لەسەر چارەنووسی ئێمە، مەسەلەی تەكفیر و تەفكیر بووە بە بابەتی میدیا و كێشە گەورەكەیان نزم كردۆتەوە بۆ ئاستێك كە زۆربەی ئەوانەی قسە لەسەر سكۆلاریزم و ئایینگەرایی و تاك مەرجەعی ئایین دەكەن بۆ دەستووری كوردستان، نە تەواو تێگەیشتوون و نە پێیان خۆشە ململانێكە بچێتە ئاستی موناقەشەیەكی فكری بەهادارەوە، چونكە ئەوان تەكفیر دەكەن بەرامبەر تەفكیر.

دونیا بریتییە لە پێكەوەیی دژەكان و لە نێو فەلسەفە و ژیانی كۆمەڵایەتیشدا ئەمە سەلمێنراوە، چونكە دەركەوتووە كە هیچ هێزێكی كۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسی، لە دەرەوەی هاوكێشەی سیاسی ناتوانێ‌ ئەویتر بسڕێتەوە، یەكێك لە هۆكارەكانی بەلاڕێدابردنی موناقەشەكە لەبارەی تێگەیشان لەچەمكەكانەوە كە موناقەشەی سكۆلاریزم و ئایینگەراكانی كوردستانە و لەراستیشدا هیچ ململانێیەكی لەو جۆرە بوونی نییە، مەگەر ئەوانەی كە بەوەهم بوون بە پێشڕەوی ئەو جەنگە فكرییە، بەڵام چونكە بیانووەكە ئەوەیە كە تەكفیر دژایەتی تەفكیر دەكات لەپێناوی بەرژەوەندییە گشتیەكانی كۆمەڵگە، خەریكن بابەتی ماف و ئەركی هاووڵاتیان لەهەموو بوارەكان پشتگوێ‌ دەخەن، ئەم هەوڵەش لەوێوە سەرچاوەی گرتووە كە بەشی زۆریان ناخوێننەوە و نازانن بۆچی یاسایەك هەیە بەناوی (نەفی نەفی)، لەلایەكی دیكەشەوە ئەوەیە كە لەلای ئەوانەی ئاسانە تەكفیر كردن، مەسەلەی مانەوەی خۆیانە لە دۆخێكی وەها ناجێگیردا و خراپ كەڵك وەرگرتن لە ناهۆشیاری كۆمەڵگە لەبارەی هەردوو چەمكەكە، چونكە هەم تەكفیر پێویستی بە تێگەیشتنە لە تەفكیر و لەسەریانە بیربكەنەوە، هەم تەفكیریەكان لەسەریانە ململانێكان لەجغزێكی بەرتەسكدا كۆ نەكەنەوە و گەمە لەسەر چارەنووسی سیاسی خەڵكە بەناو خەڵكەكە نەكەن و تەفكیر و تەكفیر تێكەڵ نەكەن لە پێناوی سەركەوتنی هاوكێشەیەكی سیاسیدا.

مەسەلەی دانان و دانپێدانانی دەستووری كوردستان بەندە بە یەكلایی كردنەوەی دۆخی سیاسی كوردستان لەگەڵ عیراق و بڕیاردان لەسەر چارەنووسی یەكپارچەیی عیراق لەلایەن دەوڵەتانی زلهێزەوە، بەڵام مەسەلەی دەستووری كوردستان كە ئایا سكۆلاریستیانە بنووسرێتەوە، یان پشت بە تاك مەرجەعی ئایینی ببەستێت، بۆتە كێشەیەكی لاوەكی و هەم بەناو شارەزاكان و هەم میدیاكارەكان بازاڕی پێوەدەكەن، بەمكەش خەڵكیان فریوداوە كە گوایە لەرێگەی بەندی شەشەمەوە مەترسی دەكەوێتە سەر دەستوورێكی سكۆلارەوە كە وا نییە، لەراستیشدا دەستوور هەر دەبێ‌ سكۆلار بێت، چونكە هەموو ئەو چەمكانەی كە لەسیاسەتدا و لەدەوڵەتداری و لەژیانی رۆژانەماندا كاری پێدەكەین و تەنانەت دانانی دەستوور بۆ كۆمەڵگەی كوردستان كە زیاتر لە ئاینێك و كولتوورێكی تێدایە و بەندی 6 كراوە بە بیانوو، هەموو ئەمانە بەبێ‌ ئەوەی ململانێی لەسەر بكرێ‌ دەبێت لەپەراوێزی چەمكی عیلمانیەتدا كاری پێبكرێت، چونكە هەر بۆ خۆی دیموكراسی مانای جێگە كردنەوەی چەمكەكانی دیكەیە، پەرلەمان و دەزگاكانی دیكەی حكومەت و هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی مانایەكی سكۆلاریستانەی هەیە، بەڵام بەهۆی ناحاڵی بوونی بەشێكی زۆر لەو كەسانەی جەنگەكە تیرتر دەكەن و دەیانەوێ‌ جەنگە ئەسڵەكە بزر بكەن، ئەو كێشەیە دروستدەكەن گوایە جەنگێكە لەنێوان تەكفیر و تەفكیر، لەڕاستیدا ئەمە بچووك كردنەوەی كێشەی سیاسی و چارەنووسی ناوچەكەیە.