ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمکۆ محەمەد/ سیاسەت‌و بێ‌ بەهاكردن

 

سیستمی سەرمایەداری هاوچەرخ سەلماندی كە لە هەر قەیرانێكدا خۆی دەرباز دەكات و بیانوویەكی لۆژیكیش پێشكەش بەخەڵك دەكات. لەرۆژئاوا و ئامریكا ئەو رەوتە فكرییە نوێیەش كە ئێستا سەریهەڵداوە و گوایە خوێندنەوەی نوێ‌ بۆ مامەڵەكردنی سەرمایەداری دەكات و گەرەكیەتی روحیەتی ئینسانی بگەڕێنێتەوە، شكستی خوارد و نەیتوانی وەكو سەدەی بیست خەڵك بخرۆشێنێت و ناڕەزایەتی گەورەتر بكات لە قەیرانی سیاسی و ئابووریدا، هەروەها رێگەی لەو موناقەشەیەش گرت كە بازنەی گفتوگۆكان بكاتەوە و ببێتە ئەلتەرناتیڤ، بەمەش سیاسەت لەبری خوڵقاندنی فەزای گشتی، سیاسەتی گوێنەگرتن و پشتگوێ خستنی خوڵقاند و هەموو شتێكی بێ‌ بەهاكرد.

میدیا و راگەیاندن كە خۆی ئەو بازاڕەیە بۆ ریكلامكردنی بازاڕی سیاسی و ئابووری و بەرهەمهێنان، یەكێكە لەو كەرەستانەی لەهەموو قەیرانە جیاوازەكاندا لەخزمەت سیستمی سەرمایەداری هاوچەرخ بووە، ئەوەی كە ئەم رستەیە دەسەلمێنێت، ئەوەیە كە ئەم میدیایە لەبری هۆشیاركردنەوەی خەڵك و گەڕانەوەی بەهاكان بۆ ئینسان، بەپێچەوانەوە بۆتە بەشێك لە ئاڵۆزكردنی شیرازەی كۆمەڵایەتی و تێكدانی فكر و گوێنەگرتن و بێ‌ بەهاكردنی هەموو ئەو شتانەی لە رابردوودا بەهایان هەبووە، تادەگاتە ئەوەی كاریگەری دەروونی هەبووە لەسەر ئینسان، دروستكردنی ئەستێرەی درۆینەی سەر شاشە بەناوی چاودێری سیاسی و رۆشنبیری كارتۆنی و دەستەبژێری سیاسی و بازرگانی بێویژدان و بڵاوكردنەوەی دیوە نادروستەكەی ململانێی سیاسی و سەربازی و ئابوورییەكان، بەمەش ئەم میدیایە بوون بە بەشێك لەو ماكینەیەی لەپێناوی خزمەتكردنی سیستمی سیاسی نوێ‌، ئینسان ببێت بە كاڵایەك كە خۆی لەدژی خۆی بەكار بهێنرێتەوە بۆ بێ‌ بەهاكردنی بەهای ئینسانی.

یەكێك لەو دیاردانەی كە لەهەموو شتەكان بێ‌ بەهاتر كراوە، لە پەنا چەمكی ئازادی بیروڕا دەربڕین، رێگەدراوە لەبری رەخنەی جددی ژەهر بڵاوبكرێتەوە، ئەمەش وای كردووە خوێندنەوەی كتێب و رۆژنامە و نووسەرەكان ببن نموونەی ناشیرین، هەراج كردنی كتێب بەنرخێكی كەم لەسەر شەقامی شارێكی وەكو سلێمانی و پشتگوێ‌ خستنی لەلایەن خەڵكەوە، مەترسیدارترین دیاردەیە كە ئەگەر سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری بێت و ئەمە حاڵەكەی بێت، دەبێ‌ بترسین كە بەهای رۆشنبیری و نووسین لەشارەكانی دیكە چۆنە؟. ئەمە سەرەتای ئەو دیاردەیەیە كە بێ‌ بەها بوونی حزب و بەتاڵكگردنەوەی سیحرە سیاسیەكەی كە لەسەدەی 19 و 20 یەكێك بوو لەدیاردە هەرە بەنرخەكانی سەرەتای سەرهەڵدانی مۆدێرنەو كەرەستەیەك بوو بۆ رزگاركردنی ئینسان لە كۆت و بەندی خێڵایەتی و بنەماڵەو دواكەوتوویی، هەروەها رادەستكردنی ئیختیار بوو لەرێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرانەوە بۆ دیاریكردن سنووری دەسەڵات و دەستاودەستكردنی بەهەر شێوازێك بێت، كەچی ئێستا هەر ئەو شێوازە كۆنە لەحزبگەراییە بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فۆڕمی خۆی گۆڕیوە و بووەتە بەشێك لەپاڵنەرەكان لەبری بەدەستهێنانی ئازادی و هیواكانی دیكەی ئینسان، كوشتنی ئیرادە و بیركردنەوە و تەسككردنەوەی تێگەیشتن بۆ ئاستێكی نزم و خۆ بەكەمزانین، ئەمە لەكاتێكدایە كە هەر ئەم سیستمە لەرێگەی ئەو كاڵاو شمەكانەی بەرهەمیهێناوە، ئینسان هاندەدات بەشداربن لەو فەزایەی كە خوڵقاندوویەتی.

  • 1