ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمکۆ محەمەد/ گەڕانەوە بو دكتاتوریەت

لەو ئاڵوگۆڕانەی هەفتەی رابردوو لەعیراق كە لە دەرەنجامی ناڕەزایەتی خەڵك سنوورێك بۆ گەندەڵی دانرا، هەروەها لەكوردستانیش سەبارەت بە یاسای پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم و ئینكاریكردنی حزبەكانی دیكە فەزایەكیان خوڵقاند كە بەهەموو لایەك نەسازان لەسەر كێشەیەكی بچووكتر لە كێشەكانی خەڵك.

دەركەوت ئەوەی سیاسەت گەمەی تێدا دەكات بۆ حزبەكان هەموو ئامانجێكە، تەنها بۆ ژیانی خەڵك هیچ ئاسۆییەكی نییە، هەروەها ئەوەی كە سەرۆك وەزیرانی عیراق هەوڵی داخستنی كەناڵە میدیاییەكانی عیراق و نووسینی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی دا، دەركەوت سەرەتای دەركەوتنی سیستمێكی دیكەی دیكتاتۆریەتە لەم دۆخە نیمچە دیموكراسییە كە زیاتر لە 10 ساڵە شانازی پێوە دەكرێت.

بۆیە هەموو ئەمانە ئاماژەی ناڕاستەوخۆن كە رەوتێك و هێزێك لەپشت ئەو هەوڵانەوە هەیە گەرەكیەتی لەعیراق و لە كوردستانیش دەسەڵات و سیستمی دیكتاتۆریەتی نوێ‌ بچەسپێنێ. 

ئیشكردن بە مەرجەعیەت لەلایەن حكومەتی عیراق و شیعەكانەوە لەبری سیستمێكی نوێی مۆدێرن، وەكو بەشێك لە سیستمی سیاسی و كۆمەڵایەتی وایە بۆیە فەرهەنگی گەڕانەوەی دیموكراسی قەبوڵ دەكات، هەروەها هەوڵدان بۆ لاسایكردنەوەی ئەمجۆرە تاك مەرجەعییەتەی كە لەعیراق هەیە بۆ هەرێمی كوردستان، بەشێكە لەو هەوڵانەی كە بۆ پاشەكشە لەو دیموكراسییەی كە هەڵا و زەنای بۆ دەكرا و بەناوی دیموكراسیەوە هەم بوو بەهۆی رژانی خوێن لەنێوان تایەفەكان، هەمیش تێگەیشتنێكی خوڵقاند بەبێ‌ پاڵپشتی كردنی سیستانی بۆ حەیدەر عەبادی و پاڵپشتی كردنی سەدر و دەستلەكاركێشانەوی جێگری سەرۆك كۆمار بەشێكە لەو سەرەتایەی كە عیراق و كوردستان چاوەڕوانی دەكات، هەروەها ئەو هێزەی كە عەبادی لەرێگەی تایفیەوە وەریگرتووە و كاری پێدەكات، باشترین سەلمێنەرە كە گەڕاندنەوەی سیستمی دیكتاتۆری بەعینوانێكی تر، بەمەش هەم دۆخی سیاسی و ئابووری عیراق دوا دەخات بۆ كاتێكی نادیار، هەمیش چارەسەرێكی بنەڕەتی سیستمی سیاسی ناكات، ئێستا ئەم مەترسییە خەریكە دەگاتە كوردستان و بەناوی بوونی مەرجەعێكی سیاسی و نەتەوەییەوە جارێكی تر وەكو سێبەری سیستم بگەڕێتەوە.

دیكتاتۆرییەت ئەوەنییە هیزێك یان حزبێكی دیاریكراو هەموو دونیابینی خۆی بەسەر خەڵكدا بچەسپێنێت و ژیانی سیاسی لەحزبێكدا قەتیس بكات وەكو بەعس، بەڵكو ئەو هێزەیە كە دەتوانێ‌ یاسا لەرێگەی تەشریعەوە بچەسپێنێت و خەڵكیش لەترسی سەرهەڵدانی ستەمی دیكەی خێڵ و بنەماڵە و هێزە نایاساییەكان شەرعیەتی پێدەدەن، ئەوەی ئێستا لە عیراق وەكو رێگەگرتن و دادگایی گەندەڵكاران خەریكە بەپێی بڕیاڕێكی یەكلایەنە دەبێتە مەترسی بۆ خەڵكانی هەلپەرست لەبۆشایی یاسا و سیاسەت، دەبوو چەند ساڵێك بەر لەئێستا ئەو دیكتاتۆریەتە چەكەرەی بكردبا، ئەم فەزا سیاسییە كە لەپەنا مەرجەعیەتی مەزهەبی بەنیازە شكۆی دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە، باشترە لەو فەزا خاڵیەی كە لەتەواوی عیراق و كوردستان بەناوی دیموكراسی و ئازادی سیاسی هەیە، كەوابوو كوردستانیش بە هەموو ئیشكالیاتەكانیەوە لەسەریەتی ئەو گرەوە بكات ئایا دەتوانێ‌ خۆی خاڵی بكاتەوە لە دیكتاتۆریەتی سیاسی بەناوی دیموكراسیەتەوە، ئایا دەتوانێ‌ خۆی پاك بكاتەوە لەو هەموو مافیا بێ‌ ناسنامەیەی كە بەناوی نیشتیمانپەرەوە كە لەراستیدا دیكتاتۆرن و پێویستیان بە دیكتاتۆریەتێكی دیكەیە.

  • 1