ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمکۆ محەمەد/ لەگڵۆپی سەوزەوە بۆ گڵۆپی سوور ‌

چەند ساڵێك بەر لەئێستا تاریق هاشمی كە خاونی پۆستێكی باڵا بوو، بەهۆی تێوەگلانی بەكەیسێكی ئەمنی سیاسییەوە، لەدەست رژێمەكەی مالكی ناچاركرا نەك هەر پۆستەكەی جێبهێڵێت، بەڵكو رابكات و بچێت بۆ توركیا لەترسی ئەوەی سیاسەتێكی دیاریكراو كە دژ بەمەزهەبەكەی خۆیەتی دادگایی نەكەن، ئێستا ئەگەرچی هەمان دۆخی سیاسییە لەعیراق، كەچی مالكی لەترسی خودی شیعەكان گڵۆپە سەوزەكەی كوژایەوەو لەپەنای سیاسەتدا لەترسی یاسا رابكات بۆ تاران و لەوێشەوە ناچار بكرێت بگەڕێتەوە بۆ عیراق، كەوابوو دەركەوت ئەم سیناریۆیە بۆ كەسانی دیكەی نێو دەسەڵاتی سیاسی چەند بارە دەبێتەوە و ئاسان نییە راكردن لەسیاسەت و خۆ رزگاركردن لەگڵۆپی سوور. 

ئەگەر تادوێنی شەڕی سوننەو شیعە كە مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە، كاریگەری لەسەر یاساناسەكان بووبێت و تاریق هاشمی ناچار بەرژێمی توركیا كردبێت لەدەستی شیعەكانی عیراق رابكات، حاڵەتێكی ئاساییەو خوێندنەوەی قوڵی گەرەك نییە، چونكە دوو رەوتی ئیسلامی دژ بەیەكترن و هەمیشە لەبۆسەدان بۆ یەكتر، بەڵام ئەوەی مالكی ناچار دەكات بەو جەبەرووتەی رابردووەوە لەترسی دادگایی سیاسی لەفڕۆكەخانەی بەغدا رێگەی پێنەدرێت سەفەری سوریا بكات و بەناچار بەرەو تاران هەڵبێت و پاشان لەژێر فشاری دەرەوەو نێوخۆ بگەڕێتەوەو هەڕەشە بكات لەبارەی لیژنەی كەوتنی موسڵ، چیرۆكێكی سەیرە كە جگەلەوەی گڵۆپی سووری لەدژ هەڵكرا، خوێندنەوەی جیاوازی سیاسی و یاسایی هەڵدەگرێت، لەكاتێكدا هەم حكومەتەكەی كەئێستا عەبادی و عیراقیەكان هەم شیعەگەرێتیە و هەم مەرجەعی شیعە بەڕێوەی دەبەن، هەم سەر بەو دەوڵەتەن كە مالكی پەنای بۆ برد، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەوانەی لەگەندەڵی تێوەگلاون و بەڵگەیان لەسەر هەیە، ئەگەر سەر بەهیچ كام لەو رەوتە ئاینیە نیین كە باڵادەستە، چۆن دەتوانن لەترسی دادگاییكردنی گەندەڵكاران رزگاریان بێت و بۆ كوێ‌ سەفەر دەكەن؟، ئایا دەتوانن چۆن لەترسی یاسا دەربازیان بێت لەسیاسەت رابكەن، ئەی دەبێ‌ كێ‌ لەبری گڵۆپی سوور گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵبكات؟. 

ئەوەی كە خاوەنی ئەم سیناریۆگەلەیە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت، بەكۆمەڵێك كارێكتەری ناسراو نمایشی سیاسی دەكات و یەك لەدوای یەكیش، كارێكتەرەكان هەر لەرێگەی كەسێكی ترەوە رووبەڕووی چارەنووسێكی نادیار و چاوەڕوان نەكراو بكاتەوە، لێرە پرسیارەكە ئەوەیە ئەدی بۆچی یاسا بەكاردەهێنێت بەرامبەریان لەحاڵێكدا جگە لەجێبەجێكار و مەئمورێك هیچی تر نەبوونە؟، خۆ دەكرا تەنها جێگۆڕكێ‌ بەپۆست و جێگە و رێگەی سیاسیان بكات، لەحاڵێكدا هەموو كارێكتەرەكان ئاراستەكراوی یەك دەرهێنەری سیاسین، ئەویش ئامریكایە كە هەم گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵدەكات و هەم گڵۆپی سووریان لەدژ بەكاردەهێنێت، ئەم چیرۆكە هەڵگەڕاوەو پێچەوانە كراوە دەرهەق بە سیاسەت و سیاسیەكانی ناوچەكە، قوڵبوونەوەی گەرەك نییە، بەقەد ئەوەی بەرچاو روونییەكە بۆ ئەو سیاسیانەی كە لەنێو هاوكێشەكەدا بوون و نەیانتوانی خۆیان بپارێزن و رێزێك بۆ خۆیان و بۆ حورمەتی خەڵك دابنێن، بۆیە دواجار بەگڵۆپی سوور دووچاری سزای سیاسی دەبنەوە.

  • 1