ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمكۆ محەمەد/ ئایلان... سیمبولی بازرگانی سیاسیەت

ئایلان كە لە میدیای كوردیدا كراوە بە ئالان و لەدەرەنجامی كۆچكردن بەرەو ئەوروپا لەگەڵ خوشك و دایكی خنكان و بوو بە سیمبولێكی دیكەی وەكو عومەری خاوەر و محەمەد دوڕەی فەڵەستین و خۆ سوتانەكەی بن عەلی تونس و ڤیان دەخیلی دوای ئەنفالكردنی كچانی ئێزیدی ناوبانگیان دەركرد، ئەم جۆرە سیمبولە یە ئەگەرچی راستەقینەیە و بەڕاستی كەسێك دەبێتە قوربانی، بەڵام لەپشتیەوە سیناریۆیەكی سیاسی هەیە كە لەدەرەنجامی ململانێی نێوان دوو جەمسەر سەرهەڵدەدات، ئەویش رۆژئاوا و ئامریكایە كە بەجەستەی رۆژهەڵاتیەكان سیمبولی جەنگەكان دەكەن بە سیبول و دواجار بازرگانی سیاسەت پێوەدەكەن. 

سیمبول حاڵەتێكی خۆڕسك نییە نە لەسیاسەت و نە فەزای كۆمەڵایەتی، بەتایبەتی ئەو سیمبولەی كە وەكو ئایلان منداڵە و باوكیشی نازانێ‌ بۆچی لەماوەیەكی كەمدا خێزانەكەی دەخنكێت و خۆی رزگاری دەبێت، نازانێ‌ بۆچی دەبێت لەنێو ئەو هەموو قوربانیەی كەلەئەنجامی كۆچی نایاساییدا بەرەو رۆژئاوا، بەفلتەری توركیادا دەڕۆن و دەخنكێنن و بزر دەبن و بێسەرشوێن دەبن، تەنها ئایلان دەبێتە سیمبول و میدیای دونیا بازرگانی پێوە دەكات، ئەوەش نازانێ‌ بۆچی دەبێت دوای خنكانی منداڵ و ژنەكەی رێزی لێبگیرێت و دەوڵەت لەدوای دەوڵەت فیزای پێبدەن و سەرۆك لەدوای سەرۆك ناوی بهێنن و تەلەفۆنی بۆ بكەن، كەچی بەرلەوەی چارەنووسی بەوشێوەیە بێت و خۆی بداتە دەست قاچاخچیەوە، بەڵام ئەو رێزەیان لێنەگرت كە وێڵی ژیان بوو بۆئەوەی نەمرێت و خانەوادەی لێ تێكنەچێت تاكو كوڕەكەی ببێتە سیمبول. 

هەمیشە سیمبول وەختێك ئامادە دەكرێت و بڕیاڕ لەچارەنووسی دەدرێت، وەختێك سیاسەت بەنیازن سیناریۆكان بگۆڕن، چونكەبەدەركەوتنی ئەو سیمبولە وێ،ەكەی كاریگەری دەنگدانەوەی دەبێت، هەروەك ئەوەی كە عومەری خاوەر كردی و بوو بەوێنە و سیمبولی هەڵەبجە و دواتر سیاسەت و ئاراستەی سیاسەتی گۆڕی، ئایلان یەكێكە لەو سیمبولانەی كە لەدوای خنكانی، دەوڵەتانی دونیای رۆژئاوا كۆبونەوەی جددی لەسەر دەكەن و بڕیاری دەرگا كردنەوە بۆ پەنابەر دەدەن، ئەو پەنابەرەی كە لەسەر جەستەی ئەو بازرگانە سیاسیەكە دەكرێت، لەحاڵێكدا دەبوو بەبێ‌ ئەو سیناریۆیانە و بەبێ‌ خنكانی ئەو مناڵە بێناز و ئەو ژن و كوڕ و كچە بێتاوانانە دەرگایان بكردبایەوە و بەخاتری سەركەوتنی سیناریۆ سیاسی و بازرگانیەكەیان، سیمبولێكی وەكو ئایلان دروست نەكەن. 

پرسیاری بزر نەبوون و ئاشكرا بوونی سیمبول تەنها لە كۆتایی سیناریۆكان نییە، بەڵكو لەوێوە دەستپێدەكات كە كارێكتەرێكی دیكەی چالاكی نێو گەمەكە دەبێتە هۆكار بۆ شەرعیەت پێدانی سیاسەت لەپێناو سیاسەت، ئەویش كەسی پشت ناساندنی سیناریۆكەیە و كارێكتەری فۆتۆگرافەرە، هەروەك ئەوەی فۆتۆگرافەرێكی توركی لەدوای كۆتایی هاتنی سیناریۆكانی پشت شەڕی 8 ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، كە لەدوای 23 ساڵ وێنەكە ئاشكرا دەكات كە موڵكی ئەوە، ئەمە بۆخۆی چیرۆكێكی دیكەی لەدایك بووی نێو سیناریۆكەیە، مەبەست لەو فۆتۆگرافەرەیە كە نێوی خۆی ئاشكراكرد، ئەمەی ئێستاش دەبینرێت هەمان تێگەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەناڵی جیاوازی راگەیاندن زۆرە و بزر نابێت، بۆیە راستەوخۆ فۆتۆگرافەر خۆی ئاشكرا دەكات، یەكەم بۆ ئەوەی پاداشتی بەسیمبول كردنی ئەو وێنەیە وەربگرێت، دووهەم شەرعیەت بە بازرگانی سیاسی بدات كە واقیعیەتە.

  • 1