ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمکۆ محەمەد/ ناڕەزایەتیی بێدەنگ

رای گشتی دەورێكی كاریگەرتر لەدەوری حزب یان گروپێكی سیاسی هەیە و دژایەتی ئەو دیاردانە دەكات كە زیان بە گشت دەگەێنێ‌، بەو پێیەی كە پێداویستی گشتی و دەسەڵاتێكی سەرووی دەسەڵاتی سیاسیە، هەركات ئەم فەزایە بەهێز بوو ئەوا دەتوانێ‌ سیاسەت ئاراستە بكات و بەپێچەوانەشەوە ئەگەر لاواز بوو ئەوا گروپی سیاسی ئیستغلالی دەكات.

ناڕەزایەتی یەكێكە لەو كارتانەی كە لەئاستی فەزای گشتیدا رەنگ دەداتەوە بەرامبەر سیستمی حوكمڕانی، وەختێك ناڕەزایەتی نەما، ئیدی مانای هەژاری ئیرادەگەرێتیە لەبەرامبەر ئەو گوتارە زاڵە سیاسیەی كە هەم جیاوازی چینایەتی دروست دەكات و هەم جیاوازی بیروڕا دەخنكێنێت.

یەكێك لە جۆرەكانی ناڕەزایەتی بێدەنگی فەزای گشتییە بەرامبەر بەدەسەڵات و حكومەت، بەمەرجێك ئەم بێدەنگییە وەكو نەریتێكی سیاسی بەردەوام بێت و لەبەمانا و بەهای خۆی كەمنەكاتەوە، یان لانیكەم رادەستی گروپێكی سیاسی نەكات بۆ مەرام و ئامانجی خۆی بەكاریبهێنێت. 

بێدەنگی یەكێكە لەناڕەزایەتیە مەترسیدارەكان كە كۆمەڵگەی هۆشیار هەندێك جار بەكاریدەهێنێت و دژ بەشەڕ و ئاشوبە و ئەو كاتانەش دەور دەبینێت كە دۆخێكی نائاسایی یەخەی كۆمەڵگە بەگشتی دەگرێت نەك نێوانی دوو حزبی دیاریكراو، چونكە دەسەڵات لەهەندێ‌ حاڵەتدا هێندەی بەبێدەنگی قەڵس دەبێت، هێندە بەفەوزاو ژاوەژاو و ئانارشیستەكان قەڵس نابێت، بەوپێیەی كە لەبێدەنگیدا دەسەڵات و حكومەت ناتوانن نەك بەزۆر خەڵك ناچار بكەن ژیانی سیاسی و حكومڕانی بەردەوام بێت، بەڵكو بەیاساش ناتوانن رێگە لەو شێوە ناڕەزایەتییە بگرن، لەكاتێكدا بێدەنگی هیچ زیانێك لە دامودەزگای حكومەت و سیستمی سیاسی و ژیانی كۆمەڵایەتی نادات، لەبەرامبەریشدا توندوتیژی لە ناڕەزایی زیانی گەورە لەبەرژەوەندی گشتی دەدات، بۆیە زۆرجار حكومەت خوازیاری ئاژاوە و توندیژییە و زۆرجار بەسیناریۆش بێت لەرێگەی فابریكەیەكەوە توندوتیژی دروست دەكات بۆ ئەوەی شكست بەڕەوایەتی ئەو ناڕەزایەتییە بهێنێت كە فەزای گشتی دەوری تێدا دەبینێت. 

ئۆپۆزسیۆنی كوردستانی دەریانخست خراپترین نموونەی ئۆپۆزسیۆنن، چونكە نەیانتوانی فەزای گشتی بەكاربهێنن وەكو هێزێكی كاریگەر و هۆشیاری بكەنەوە، ئەمە لەوێدا سەلمێنرا كە بینیمان ئەم ئۆپۆزسیۆنە هیچ بەرههەمێكی نەبوو بۆ فەزای گشتی جگە لە بەرژەوەندی سیاسی خۆی و ئەندامەكانی نەبێت، ئەمە جگە لەوەی كە نەیتوانی خەڵك فێرە هۆشیاری سیاسی و ناڕەزایەتی مەدەنی بكات تاكو هەم خەڵك دروست بكات و دەسەڵات خۆی بناسێت، هەم فێریان بكات چۆن مامەڵە لەگەڵ ژیانی دروستكراوی سیاسی كوردستان بكەن و لەو رێگەیەوە فێری بەشداری سیاسەت بن و فشار بخەنە سەر دەسەڵاتی حكومەت نەك دەسەڵاتی حزبی، وەختێك پێچەوانەكەیمان بینی هیچ جۆرە بەرهەمێكی شارستانی و دەستكەوتێكی نەبوو جگە لەدروستكردنی ڤیگۆری میدیایی كە تەنها بۆ خزمەتكردنی خۆیان و بەدەستهێنانی بەرژەوەندی خۆیان لەنێو پارلەمان و حكومەت و خۆدەوڵەمەند كردن نەبێت، ئەمەش لەوێوە سەرچاوەی گرتووە كە ئەم عەقڵیەتە بەو پێوەرە مامەڵەی دەكرد كە لێپرسراوێتی نەبوو بەرامبەر پێشمەرگەو فەرمانبەرو بنەماڵەی شەهیدو دامودەزگا ئەمنیەكان و هتد.

  • 1