ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمکۆ محەمەد /كوردو نێوانەكان

كورد لەوەتەی هەیە لەسەردەمی شۆڕش كە شۆڕی نەكردووە بەڵكو یاخی بووە لەدەوڵەتەكان، هەمیشە لەنێوانەكاندا ماوەتەوەو خۆی رزگار نەكردووە لەدووڕییان، بۆیە نەئەمیان بووەو نەئەویان، لەلایەك لاگیری لەكێشەی خۆی و لەلایەك لاگیری ئەوانی تری كردووە، لەلایەك خۆكۆكردنەوە و لەلایەك خۆ هەڵواسین بەئەوانی ترەوە، لەلایەك وەكو نەتەوەیەك ژێردەست و زوڵملێكراو و لەلایەك وەكو دەسەڵاتێكی ستەمكار مامەڵەی كردووە، لەلایەك سەر بەئاینی زاڵ و لەلایەكی تر دژە گوتاری ئاینی توندڕەو بووە، ئێستا خاوەنی نیمچە دەوڵەت و دەسەڵاتی خۆیەتی، هێشتا لەو نێوانە دەرنەچووە كە شوناسی خۆی ئاشكرا بكات.

لەو نێوانانەی كە كورد هەم وەكو سیاسەت و هەم وەكو نەتەوەو هەم وەكو ئاین تێیكەوتووە، لەئەنجامی خۆی یەكلایی نەكردنەوە گورزی كوشندەی بەركەوتووە، بۆ نموونە ئەگەر سیاسەتێكی موستەقیمی گرتبێت و وەكو خۆی سیاسەتی كردبێت كە بەگوتارێكی یەكگرتوو بەشداری هاوكێشەی سیاسی كردبێت، ئەوا دوچاری ململانێیەكی گەورە بۆتەوەو بەهەموو دوژمنەكانی دژی وەستاونەتەوە، ئەگەرنا پارچە پارچە بووە، ئەگەر وەكو نەتەوە بەیەك ئاراستە كێشەی خۆی نمایش كردبێت، ئەوا نەتەوەكانی دیكە بەرەگەزبەرست و شۆڤێنی و دیكتاتۆر تەماشایان كردوون، ئەگەر لاگیری لەتایفەی جیاوازی مەزهەبی كردبێت هەروەك ئەوەی لەعیراق دەگوزەرێت و بەناڕاستەوخۆ دابەشبوونەتە سەر مەزهەبەكان، ئەوا لەهەردوولا تەكفیر كراوە، بۆیە هەمیشە لەنێوانەكاندا ماوەتەوە و قوربانی بەگوتاری نەتەوەیی خۆی داوە لەبری ئەوەی بەنێوانەكان بدات.

كێشەی كورد بۆیە هەمیشە بەشێكی كێشەكەی نێوانەكان بووە، ئەگەرچی پەیوەندی بە دابەشبوونیەوە هەیە بەسەر چوار دەوڵەتی جیاواز، بەڵام بەشێكی دیكەی ئینكاری كردنی واقیع بووە و بەخەیاڵ و هەندێكجاریش لەدژی یەكتر سیاسەتیان كردووە، ئێستا هەمان ئەو سیناریۆیانەی مێژوو دوبارە دەكەنەوە كە لەرابردوودا تۆمار كراون.

ئێران و توركیا باشترین نموونەی ئەو نێوانەیە كە كورد خۆی لەگەڵ هیچكام لەو دەوڵەتانە ساغ نەكردۆتەوە، ئەم حاڵەتە لەئاستی دیبلۆماسیەتی دەرەوەش هەستی پێدەكرێت، چونكە نێوانەكان لەلای كورد گرێدراوی بیرێكی تەسكەو فراوانكردنی ئەو بیرە، هەروەك گوتراوە بیری فراوانی گەرەكە، تەجاوز نەكردنی ئەم دونیابینیە تەسكە لەغروری سیاسیەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو لەسایكۆلۆژیەتێكی سیاسیەوەیە، بۆیە هەمیشە لەو نێوانەدا رزگاری نابێت.

شەرعیەتی رابردووی كورد بەو پنتە تۆماركراوانەوە ئاساییە كەدژی خۆی بووە، چونكە قەڵەمڕەوییەكەی هەم سنووردار بووە و هەم شۆڕشگێڕی بووە، بەڵام ئێستا كەفراوان بووەو لەدەسەڵاتی دوژمن یان نەیارەكانیشی دەرچۆتە دەرەوە، بەدیاردەیەكی نائاسایی دەزانێ‌، بۆیە نەبۆی دابەشدەبێت و نەدەتوانێ‌ بەپشكداری بەڕێوەی ببات، نەلەنێو خۆیدا خۆی قبوڵ دەكات و نەقبوڵیەتی نێوانی بكرێت، باشترین نموونەش سیناریۆكانی ئەم دواییە بوو، یان باشترین نموونە ئەوەیە لەر‌وژئاوا و باكوور و باشوور پەیوەندییە سیاسی و بازرگانی و دیبلۆماسیەكانی لەدژی خۆی بەكاردەهێنێ‌، ئەمە یەكێكە لەو كارتە بەهێزانەی كە نەیارەكانی لەدژی خۆی بەكاریدەهێننەوە و هەم دەیخەنەوە نێوانەكان و هەم خۆی دەخاتەوە نێوانەكان.

  • 1