ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمكۆ محه‌مه‌د / سروشت و شارچێتی..

له‌سه‌ره‌تای ململانێكانی ئه‌مدواییه‌ی نێوان گۆڕان و پارتییه‌وه‌ دیاربوو كه‌ سیاسه‌ت سروشتیش ده‌كات به‌ بیانوو بۆ لایه‌نگرانی خۆی و دروستكردنی ده‌مارگیری شار و دژه‌ شاره‌كانی كوردستان، چونكه‌ له‌ سیناریۆ سیاسیه‌كانیانه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون كه‌ چۆن خه‌ڵك له‌دژی یه‌كتر به‌كاربهێنن، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ به‌ شارچێتی شه‌ڕی سروشت ده‌كه‌ن، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی باران بارینێكی زۆره‌وه‌ به‌م سه‌ره‌تای زستانه‌وه‌ كه‌ پێشبینی ده‌كرا، لافاو زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستانی گرته‌وه‌ و بووه‌ هۆی زیانی ماددی بۆ خه‌ڵك و به‌تایبه‌تیش خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كان، ئه‌مه‌ش بۆ لایه‌نگرانی حیزبێك دژی حیزبێك و شارێك دژ به‌شارێكی تر باه‌تێكی گرینگ بوو، بۆیه‌ هه‌ر زوو بووه‌ مایه‌ی شه‌ڕی ته‌له‌فون و فه‌یسبوك و شه‌ڕی میدیایی له‌رێگه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌، به‌مه‌ش جارێكی تر شاره‌كان دابه‌شی سه‌ر هه‌ردوو زۆن بوون به‌شێوه‌یه‌كی تر. 

هێشتا كورد له‌وه‌ تێنه‌گه‌یشتووه‌ كه‌ دیارده‌ی سروشتی هیچ په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌ت و شار و ده‌سه‌لێت و حكومه‌ته‌وه‌ نییه‌، هه‌روه‌ك چۆن بومه‌له‌رزه‌ له‌ هێڵی هیندستان و نیپاڵ و پاكستان و ئێران، هه‌روه‌ها لافاو وتۆفان له‌ ئاسیا و به‌تایبه‌تیش له‌ چین و كۆریا و ژاپۆن و تایوان و هتد رووداوی سروشتی به‌رده‌وامن، به‌یێ ئه‌وه‌ی هیچ میدیایه‌ك خه‌ڵك هانبده‌ن دژی ده‌وڵه‌ت كه‌ بۆچی سروشت زیان له‌خه‌ڵك ده‌دات، هیچ ده‌وڵه‌تێكیش دژی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی دیكه‌ توانج نادات له‌وه‌ی تر، چونكه‌ خۆشییان له‌و شار و ده‌سه‌لێته‌ حوكمڕانه‌ نییه‌، به‌لێم له‌كوردستان چونكه‌ خه‌ڵك وا په‌روه‌دره‌ كراوه‌ به‌كۆنه‌ قینی چه‌وتی سیاسی و شارچێتی و حیزبایه‌تی كوێرانه‌، به‌ردێك له‌ئاسمانه‌وه‌ به‌ربێته‌وه‌ سه‌ر هه‌ولێر، كه‌واته‌ خه‌تای پارتیه‌ و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ سلێمانی به‌ربێته‌وه‌ كه‌واته‌ خه‌تای یه‌كێتیه‌، چونكه‌ ده‌سه‌لێتدارن، هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فێر نه‌كراون ئینسانی ناتۆرالی بن و وه‌كو خۆی ته‌ماشای بابه‌تی سروشتی و ده‌ستكردی واقیعی بن، بۆیه‌ دیارده‌ی سروشتیش ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ سیاسه‌تی ئه‌و زۆنه‌ی كه‌ تێیدا حیزبێك ده‌سه‌لێتداره‌، ئه‌مه‌ ترسێكی تره‌ كه‌ كوردستان سه‌رباری ئه‌وه‌ی دابه‌شبوووه‌ به‌سه‌ر حیزبه‌كانه‌وه‌، جارێكی یتر دابه‌شبوونێكی دیكه‌ هه‌یه‌ به‌سه‌ر شاره‌كانه‌وه‌ كه‌ هه‌رده‌ڵێی كورده‌كان سه‌ر به‌ كوردستانێكی یه‌كپارچه‌ نین، بۆیه‌ ئه‌م دابه‌شبوونه‌ ئه‌گه‌ر رێگه‌ی لێنه‌گیرێت دیارده‌ی دیكه‌شی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. 

سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ حكومه‌تی كوردی دوای ئه‌زمونی 25 ساڵ بێ باكن له‌خزمه‌تگوزاری و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ده‌یان ساڵه‌ی ئاوو و ئاوه‌ڕۆكان، بێ باكن له‌و هه‌موو ره‌خنه‌و گله‌ییه‌ی خه‌ڵك له‌ خزمه‌تگوزاری به‌هه‌موو ماناكانییه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌موو ساڵێك جگه‌ له‌ گونده‌كانی سه‌رسنوور كه‌ دوچاری توڕه‌بوونی سروشت ده‌بن و زه‌ره‌رو زیانی گیانی و ماددیش ده‌كه‌ن، كه‌یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌ته‌، بۆیه‌ ئه‌م سیناریۆیه‌ هه‌موو ساڵێك دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ شاره‌كان، ئه‌مه‌ به‌شێكی خه‌تای حكومه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانه‌، به‌لێم مه‌ترسی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سیاسه‌ت له‌پشت خه‌ڵكه‌وه‌ پێبكه‌نن به‌و كه‌سانه‌ی دیارده‌ی سروشتی وه‌كو خه‌تای حكومه‌ت و سیاسه‌تی زۆنێك ته‌ماشا بكه‌ن، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان هه‌موو ساڵێك ئه‌م شه‌ڕی میدیایه‌ ده‌بینین.

  • 1