ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمكۆ محه‌مه‌د / خۆشه‌ویستی و سیاسه‌ت

سیاسه‌ت له‌هه‌موو دونیادا هێنده‌ كاریگه‌ری نیگه‌تیڤی هه‌یه‌ كه‌به‌های بۆ هیچ شتێك نه‌هێشتۆته‌وه‌ جگه‌ له‌ كۆیله‌كردنی گشت بۆ ده‌سته‌بژێر و سه‌رمایه‌ی بێ بنه‌ما، ئه‌مه‌ی كه‌پێی ده‌گوترێت سیاسه‌ت، له‌كوردستان چونكه‌ به‌هه‌ڵه‌ كاری پێده‌كرێت، هه‌موو شتێكی كه‌مكرده‌وه‌ له‌زه‌ینی گشت و هه‌موو به‌هایه‌كی ئینسانیشی خستۆته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوون، سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی ناجۆری كۆمه‌لێیه‌تی و نه‌مانی خۆشه‌ویستی، له‌بری ئه‌وه‌ش چاندنی رق و كینه‌ و ره‌فتاری شه‌ڕانگێزی و ده‌مارگیری له‌عه‌قڵیه‌تی زۆربه‌ی خه‌ڵك، نه‌مانی ئاكار و رێز بۆیه‌كتر، دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ژیاندۆستی و نزیكبوونه‌وه‌ له‌ مه‌رگدۆستی، نه‌مانی ئیراده‌ی تاك و كۆنتڕۆڵكردنی گشت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند كه‌سێك، ئه‌نجامی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یه‌ كه‌ وه‌همی خۆشه‌ویستی بۆ سیاسه‌تی حیزبه‌كان خوڵقاندوویه‌تی.

خۆشه‌ویستی چۆن بمێنێ وه‌ختێك دیارده‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی یه‌كتر و هه‌میشه‌ ئاماده‌ له‌هه‌موو كات و شوێنێكدا بۆ جه‌نگ و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌كی ئه‌كتر به‌زمانێكی ناشیرین و زبر، له‌و په‌روه‌رده‌ نائه‌خلاقیه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا كه‌ سیاسه‌ت میدیای پێ په‌روه‌رده‌كردبێت و به‌هه‌ڵه‌یدا برد، میدیاش له‌بری رێگری له‌م بابه‌ته‌ و چاندنی خۆشه‌ویستی و هۆشیاری كۆمه‌لێیه‌تی و كاركردن له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی نه‌وه‌یه‌ك بۆ ئاینده‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌زمانێك كاری كرد كه‌ ئاستی یه‌كه‌می بێ ئایدیایی ئینسانی تێپه‌ڕاند و ئاستێكی بالێتری نائه‌خلاقی به‌ ئایدیایه‌كی سیاسی تایبه‌ت تۆماركرد، كه‌ میدیای هیچ ولێتێك له‌دۆخی ناجیگیردا ئه‌مه‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ بینیبێت، تائه‌و راده‌یه‌ی مامه‌ڵه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌وته‌وه‌ كه‌ لاسایی هه‌مان جۆری ململانێ بكه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر كه‌ سیاسیه‌كان به‌ سیناریۆ له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌یكه‌ن، هه‌روه‌ها واتێبگه‌ن ئه‌مه‌یه‌ ململانێ جۆراوجۆره‌كانی ژیان، له‌كاتێكدا هه‌موو میدیاكاره‌كان ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ ئه‌ركی میدیا هه‌مه‌چه‌شنه‌یی بیركردنه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌هه‌مووی گرینگتر خۆشه‌ویستیه‌. 

خۆشه‌ویستی چۆن بمێنێ وه‌ختێك سیاسه‌توانانی ولێت له‌بری ئه‌وه‌ی له‌ هۆڵه‌كانی كۆمه‌لێیه‌تی خه‌ڵك كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆ ته‌ماشاكردنی ئۆپێرا و شانۆ و سینه‌ما و هونه‌ری ژیان، ناچار بكرێن بچن بۆ گوێگرتنی به‌زۆر له‌گوتاری ئاگراوی له‌دژی ئه‌ویتر و هاندانیان له‌دژی یه‌كتر، یان له‌باشترین حاڵه‌تدا كۆكردنه‌وه‌یان له‌ مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی كه‌سێكی مردو و یان كوژراو و گیانله‌ده‌یتدانی كه‌سه‌ ئازیزه‌كانیان، ئه‌ویش به‌خاتری نوێكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی دوژمنه‌كانیان، خۆشه‌ویستی چۆن بمێنێ وه‌ختێك سیاتوانه‌كانی ولێت هه‌میشه‌ برینی رابردوو بكولێننه‌وه‌ و نه‌وه‌یه‌ك ئاماده‌بكه‌ن بۆ به‌رده‌وامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه‌ دۆزه‌خه‌ بۆ گشت و به‌هشتیش بۆ گروپێكی سیاسی و بازرگانی جه‌نگ. 

خۆشه‌ویستی چۆن بمێنێ وه‌ختێك سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ ته‌واوی ئینسانی كوردی له‌ سروشت و جوانیه‌كان دوور بخاته‌وه‌ و فڕێیبداته‌ نێو ژاوه‌ژاوی شاره‌وه‌ كه‌ هیچ سیمایه‌كی شاری مۆدێرنی نییه‌، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ش بچه‌سپێنێ له‌عه‌قلیه‌تی گشت كه‌ هه‌موو پێداویستیه‌كان له‌ نێو شاره‌كانن نه‌ك گوند و سروشت، بۆ خۆشیان بۆ پشوو و حه‌سانه‌وه‌ی خۆش بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سروشت و ڤێللا دروست بكه‌ن و له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵدا منداڵه‌كانیان په‌روه‌رده‌ بكه‌ن، به‌جێهێشتنی خه‌ڵك له‌و دووڕیانه‌دا كه‌ نه‌ له‌گه‌ڵ شاردا هه‌ڵبكات و نه‌ جارێكی تر بتوانێ بگه‌ڕێته‌وه‌ سروشت بۆ لادێكان، هه‌مان ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ به‌رهه‌مده‌هێنێ كه‌ ویستی سیاسه‌ته‌ بۆ خۆشه‌ویستیه‌ك كه‌ ئه‌وان گه‌ره‌كیانه‌ نه‌ك خۆیان.

  • 1