ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمكۆ محه‌مه‌د/ هێشتا له‌عێڕاقین!

به‌و هاتن و چوونه‌ شكستخواردووه‌ی كه‌ له‌ژێر عینوانی دانوستاندنه‌ له‌گه‌ڵ عێراق و به‌و پابه‌ندبوونه‌ی نوینه‌رایه‌تی كورد هه‌یه‌تی له‌ پارله‌مانی عێراق و به‌مانه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار وه‌ك پۆستێكی سیادی مه‌زن و به‌مانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كان له‌حكومه‌تی عێڕاقی و به‌و هه‌موو كیشه‌ ئابوریی و كارگێڕییه‌ی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها به‌ پابه‌ندبوونی به‌شێك له‌ فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی، به‌و هه‌موو كێشه‌ هه‌ڵپه‌سردراوه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پێكهاته‌ی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌روه‌ی كورد و عه‌ره‌به‌وه‌ هه‌یه‌، به‌و هه‌موو ململانێیه‌ی له‌نێو شیعه‌ و سوننه‌ هه‌یه‌، هێشتا كورد به‌ناو سه‌ر به‌عێڕاقه‌ و نه‌ئه‌وان خۆیان نه‌بان ده‌كه‌ن له‌كورد و نه‌كوردیش به‌بێ ئه‌وان و یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی سیاسی و ئابوری ده‌توانێ سه‌ربه‌خۆیی خۆی رابگه‌ێنێ، بۆیه‌ هێشتا هه‌ر له‌عێڕاقین. 

راپرسی دوا بانگه‌وازی كورده‌ بۆ بونیاتنان و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی، ئه‌م پرسه‌ ئه‌گه‌رچی مافێكی ره‌وای نه‌ته‌وه‌ییه‌ و به‌شێكی كورد له‌گه‌ڵ كاته‌كه‌یدا كۆك نییه‌ و به‌ناله‌باری ده‌زانێ، ئه‌مه‌ به‌شێكی راستی تێدایه‌، چونكه‌ بانگه‌وازه‌كه‌ له‌وه‌ختێكدایه‌ كه‌ نه‌عێڕاق و نه‌ هه‌رێمی كوردستان و نه‌ ناوچه‌كه‌ له‌ سه‌قامگیری سیاسی و ئابوریدا ناژی، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هێشتا نه‌خشه‌ی سیاسی و جوگرافی ئابوری ئاینده‌ی سێ پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی عێراق دیارنییه‌ چی به‌سه‌ردێت، هێشتا ده‌ستووره‌ كارپێنه‌كراوه‌كه‌ی عێڕاق نه‌یتوانیوه‌ كه‌سایه‌تی و سه‌روه‌ری عێڕاق بگه‌ڕێنێته‌وه‌ شوێنی خۆی، هێشتا دیارنییه‌ ئایا خودی شیعه‌كان خۆیان به‌و هه‌رێمه‌ رازی ده‌بن كه‌ پێی ده‌گوترێت هه‌رێمی شیعه‌، یان سیستمی پارێزگاكان قبوڵ ده‌كه‌ن، كه‌چی كوردیان لێبووه‌ته‌ مێردزمه‌ و چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌یان بۆ ناكرێت كه‌ هێشتا كورد له‌عێڕاقه‌. 

ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ به‌شێكی زۆری چاره‌نووسی ناوچه‌كه‌ له‌رووی سیاسیه‌وه‌ و به‌تایبه‌تی چاره‌نوسی ته‌واوی ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی جوگرافیای هه‌ر چوار پارچه‌كه‌، گرێدراوی چاره‌نوسی سوریا و مانه‌وه‌ و نه‌مانه‌وه‌ی خودی ئه‌سه‌ده‌، ئه‌ویش تائێستا له‌نێوان به‌رداشی حه‌زی ئامریكا و روسیایه‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، ئه‌مه‌ كاریگه‌ری زۆر نیگه‌تیڤی خستۆته‌ سه‌ر پرسی كورد له‌هه‌رێمی كوردستان كه‌ بۆته‌ پرسێكی نێوخۆ كه‌ له‌راستیدا به‌شێكی زۆری نێوخۆیی نییه‌، بۆیه‌ تائێستا پرسه‌ گورگانه‌كه‌ی دوا نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ عێڕاق و دانیشتن له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و ده‌ره‌وه‌ی به‌رپرسانی فه‌رمی عێڕاقی، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی فرۆشتنی نه‌وت و داهات و بودجه‌ و به‌رپرسیاریه‌تی ده‌وڵه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ هاولێتی دیارنییه‌، دیارنیه‌ ئایا كورد سه‌ر به‌خۆیه‌ یان سه‌ر به‌عێڕاقه‌. 

ئه‌گه‌ر كێشه‌ی كورد له‌ژێر ده‌ستی خۆیه‌تی و ته‌نها راپرسی ماوه‌، بۆچی مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك یه‌كێكه‌ له‌دۆسیه‌ زیندووه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێم، چۆن به‌بێ ئه‌و شاره‌ كه‌ هێشتا یه‌كلایی نه‌بۆته‌ ئایا ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ جوگرافیای ده‌وڵه‌تی كوردی، یان ده‌بێته‌ هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ، بانگه‌واز بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌نگویه‌ش راسته‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی ده‌نگی بانگه‌وازه‌كه‌دا، كه‌ركوك شێوه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌كی وه‌رگرتووه‌، بۆیه‌ سزادراوه‌ به‌بڕینی بودجه‌كه‌یان له‌لایه‌ن عێڕاقه‌وه‌، له‌هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا ده‌بێت وه‌لێمێكی راسته‌قینه‌ و شه‌فافانه‌ به‌م كه‌یسه‌ بدرێته‌وه‌، ئایا كوردستان خاوه‌نی هه‌موو جۆره‌ سه‌ربه‌خۆییه‌كی خۆیه‌تی، یان هێشتا سه‌ر به‌عێڕاقه‌.

  • 1