ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمکۆ محەمەد/ ناكۆكیه‌كانی‌ سه‌رمایه‌داری‌ لۆكاڵی ..!

ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی‌ ده‌رباره‌ی‌ گه‌شه‌سه‌ندنی‌ خێرایی‌ ده‌كرێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌هه‌ر شوێنێكی‌ لۆكاڵیدا بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كورت خۆشگوزه‌رانی‌ وه‌كو خه‌ونێك نیشانی‌ خه‌ڵك ده‌دات‌و دواتر له‌پێناو پاراستنی‌ سه‌رمایه‌كه‌ لێیده‌ستێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌رابردوودا سه‌رمایه‌داری‌ له‌سه‌ر قازانج ژیاوه‌و به‌رده‌وام بۆ خۆبه‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی‌ خۆی‌، هێزه‌ لۆكاڵییه‌كانی‌ داگیركردووه‌، ئێستا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هێزی‌ لۆكاڵی‌ له‌شێوه‌ی‌ خۆی‌ دروستده‌كات، بۆئه‌وه‌ش كه‌ به‌رده‌وام بێت له‌هه‌ر لۆكاڵێك ئاستێك به‌رهه‌مدێنێت تاكو نادڵنیایی‌ له‌دۆخی‌ به‌رده‌وامدا بهێڵیته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا چاره‌سه‌رێكی‌ كاتی‌ بۆ بدۆزێته‌وه‌و وه‌كو كاڵایه‌كی‌ بایه‌خدار بیفرۆشێته‌وه‌ به‌كایه‌ی‌ سیاسه‌ت‌و به‌و خه‌ڵكانه‌ش كه‌چاوه‌ڕێی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانیان له‌لایه‌ن ئه‌م سیستمه‌وه‌، كێشه‌ی‌ كوردو مه‌زهه‌ب‌و تایه‌فه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ وه‌كو حوسی‌‌و لیبییه‌كان كه‌ گرێدراوی‌ كێشه‌ی‌ نه‌وت‌و بازاڕو سیستم كراوه‌، باشترین سه‌لمێنه‌ره‌ كه‌ سه‌رمایه‌داری‌ جیهانیی‌ بۆچی‌ له‌لۆكاڵیه‌كاندا نوێنه‌رایه‌تی‌ ده‌كات؟. 

تێگه‌یشتن له‌م سه‌رمایه‌داره‌ی‌ كه‌ له‌ژێر عینوانی‌ قه‌یرانی‌ نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌ب‌و تایه‌فه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بێ‌ شوناسه‌كان هه‌یه‌تی‌ كه‌ له‌په‌نای‌ ئه‌م شوناسه‌ ونه‌دا قه‌یرانی‌ ئابووری‌ خوڵقاندووه‌، بیرۆكه‌یه‌كی‌ نوێیه‌ له‌تێكه‌ڵكردنی‌ وێنه‌ سیاسی‌‌و ئابورییه‌كان له‌نێو بۆشاییه‌ك كه‌ خۆی‌ خوڵقاندوویه‌تی‌، هه‌روه‌ها كۆكردنه‌وه‌ی‌ ناكۆكییه‌كان كه‌ دووره‌ له‌سروشتی‌ خۆی، سه‌ره‌تا له‌بنكه‌ مادییه‌كه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات‌و دواتر ده‌چێته‌ نێو نه‌سیجی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، بۆنموونه‌ پێداگری‌ له‌سه‌ر جیاوازی‌‌و په‌رته‌وازه‌كردنی‌ گشتێكی‌ دیاریكراو له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ بێ‌ كێشه‌داو گواستنه‌وه‌ی‌ بۆ فه‌وزایه‌ك به‌ناوی‌ دیموكراسی‌‌و ئازادی‌‌و رزگاركردنیان، دواجاریش سه‌رقاڵ كردنیان به‌كێشه‌ی‌ سیاسی‌‌و ئابووری‌ تاكو جارێكی‌ تر سه‌رقاڵی‌ سه‌قامگیری‌ بن، ده‌بێ‌ باجی‌ ئه‌و به‌رهه‌مهێنانه‌ لۆكاڵییه‌ بده‌نه‌وه‌ كه‌ سه‌رمایه‌داری‌ گه‌ره‌كیه‌تی‌، نموونه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد كه‌ جگه‌ له‌دابه‌شبوونی‌ به‌سه‌ر چوار پارچه‌دا، كێشه‌كانیشی‌ جودا كردۆته‌وه‌و پێداگیری‌ له‌سه‌ر مافی‌ هه‌موو گروپه‌ دروستكراوه‌كان به‌ناوی‌ پشكداری‌ سیاسی‌ له‌جوگرافیای‌ دیاریكراودا بۆ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ سه‌رمایه‌داری‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ كردووه‌، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ باشترین وێنه‌ی‌ وه‌همییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك به‌گشتی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ فابریكه‌ی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌، وا تێبگات كه‌ كێشه‌كه‌ ره‌گوڕیشه‌ی‌ لۆكاڵی هه‌یه‌، باشترین نموونه‌ی‌ ئه‌و كۆلاج كردنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌عیراق و سوریاو توركیاو لیبیاو یه‌مه‌ن هه‌یه‌و سه‌رقاڵ كراون به‌مه‌سه‌له‌ی‌ مافی‌ سیاسیه‌وه‌، له‌حاڵێكدا ئه‌سڵی‌ باسه‌كه‌ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ سه‌رمایه‌یه‌ له‌ئاستی‌ لۆكاڵیدا. 

كۆلاج كردنی‌ به‌زۆری‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌نێو بازنه‌یه‌كی‌ دیكه‌دا كه‌ بازاڕو زێده‌باییه‌كی‌ نوێ له‌شێوه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ پوڵ له‌ڕێگه‌ی‌ پوڵێك كه‌ به‌های‌ سامانی‌ لۆكاڵییه‌، له‌ژێر ناوی‌ پێكه‌وه‌ ژیان‌و لێبورده‌یی‌ كه‌ خودی‌ ئه‌و شعارانه‌ ته‌نها بۆ بره‌ودانه‌ به‌جوداخوازی‌‌و جه‌نگی‌ تایه‌فی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌‌و هتد، هه‌روه‌ها خۆ به‌دوورگرتنی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ بۆته‌ پێشه‌نگی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌م جۆره‌ سه‌رمایه‌داره‌ بێ‌ داهاته‌ سه‌ربه‌خۆیه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ له‌كوردستان ده‌بینرێت، توانایه‌كی‌ له‌ڕاده‌به‌ری‌ ده‌وێت بۆ ناسین‌و مامه‌ڵه‌كردن‌و قبوڵكردن، یان لابردنی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ناڕازییه‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ له‌كوردستان ده‌گوزه‌رێت به‌هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانییه‌وه‌، ئه‌و به‌زۆر كۆلاج كردنه‌ ئابووری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و فه‌رهه‌نگییه‌ یه‌ كه‌ له‌لۆكاڵیدا نه‌بێت جێگه‌ی‌ نابێته‌وه‌ بچێته‌ ئاستێكی‌ به‌رزترو شوناسی‌ جیهانیی‌ وه‌ربگرێت، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ ئه‌و موناقه‌شه‌یه‌ بێت كه‌ تائێستا نه‌زانراوه‌ چۆن‌و كه‌ی‌‌و له‌كوێوه‌ ده‌ست پێبكه‌ین.

  • 1