ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمكۆ محه‌مه‌د/ ده‌وڵه‌ت بابه‌تێكی دواخراو بۆ نادیار 

له‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو كه‌ بارزانی له‌گه‌ڵ عه‌مبه‌رین زه‌مانی رۆژنامه‌نووسی ناسراوی توركی سه‌باره‌ت به‌دۆخی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌ت سازكرابوو، له‌وێوه‌ دوو شت تێگه‌یشتم، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا میدیای كوردی له‌ ئاست پرسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ قورسه‌كان، میدیایه‌كی بچووك و ده‌نگ لاوازه‌ و هیچ كاریگه‌رییه‌كی نییه‌، تێگه‌یشتنی دووه‌م ئه‌وه‌بوو كه‌ ده‌وڵه‌تی كوردی بۆ ئاینده‌یه‌كی نادیار دواخراوه‌، چونكه‌ پێده‌چێت كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌ واته‌ نه‌ته‌وه‌ و ده‌وڵه‌تی دیكه‌ نییه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی كێشه‌ و رێگری له‌خۆیدایه‌، بۆیه‌ ئاماده‌یی نییه‌ ئێستا ده‌وڵه‌ت رابگه‌ێنێت و گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئابوری هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ عێڕاقه‌، بۆیه‌ ئه‌م كه‌یسه‌ دواخراوه‌. 

بارزانی له‌گه‌ل عه‌مبه‌رین زه‌مان ئه‌وه‌ی راگه‌یاند كه‌ تائێستا نه‌توانرا سه‌رۆكێكی تر دیاری بكرێت بۆ پۆسته‌كه‌ی، بۆیه‌ وه‌كو كێشه‌ی دیموكراسی له‌كوردستان ته‌ماشاكراوه‌، هه‌ڵبه‌ت مانه‌وه‌ی بارزانیش وه‌كو زانراوه‌ تاكو ساڵی 2017 ده‌بێت، كه‌واته‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی كورد لێی بۆته‌ گرێی ده‌روونی سیاسی و ده‌بێت بگاته‌ ئامانج، تاكو دوو ساڵی دیكه‌ ته‌نها باس و خواس ده‌بێت و له‌میدیاكاندا موناقه‌شه‌ ده‌كرێت، به‌وپێیه‌ی كه‌ دروستكردن و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت خۆسازدانێكی ته‌واوی ده‌وێ بۆ دانانی بناغه‌ی ته‌لارێكی نوێ، به‌لێم پرسیاری بێ وه‌لێم ئه‌وه‌یه‌ كێ ئه‌م قه‌واره‌یه‌ دواده‌خات؟. ئایا ئه‌وه‌ كورد خۆیه‌تی یان هێزێكی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌ ویسته‌كه‌ی كوردی دواخستووه‌؟. 

دواخستنی پرسی ریفراندۆم و ده‌نگدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردی له‌نێوخۆ و به‌رده‌وامبوونیشی له‌ئاستی میدیاكانی ده‌ره‌وه‌، تێستێكی سیاسی و میدیایی دوولایه‌نه‌یه‌ كه‌ هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كار بۆ پراكتیك كردنی ده‌كه‌ن، یه‌كێكیان بۆئه‌وه‌یه‌ كه‌ دونیا رابهێنن ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ به‌چه‌ند هه‌رێمێكه‌وه‌ ده‌بێته‌ سوپڕایز بۆ جهان، ئه‌ویدیكه‌یان مانای دواخستنی ئه‌و پرسه‌یه‌ كه‌هێشتا ئه‌م باسه‌ وه‌كو میوه‌یه‌كی نه‌گه‌یشتووه‌ و ماویه‌تی له‌ئاستی نێوخۆییدا، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ئاستی لۆكاڵی و په‌یوه‌ندی حێزبه‌ كوردیه‌كان ده‌گوزه‌رێت و له‌راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ كێبه‌ركێ له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆبوونی رۆژئاواو باشور ده‌كرێت كه‌ به‌فیدرالیزمی ناوچه‌یی ناسراوه‌، باشترین سه‌لمێنه‌ره‌ كه‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی بۆ چوار پارچه‌ی كوردستانی گه‌وره‌یه‌، ده‌بێ دوابخرێت بۆكاتێكی نادیار. 

یه‌كێك له‌ و هۆكارانه‌ی كه‌ پێمان ده‌ڵێت ده‌وڵه‌تی كوردی بۆجارێكی دیكه‌ دواخرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان هیچ ئاماده‌سازییه‌كی سیاسی نێوخۆیی نییه‌، به‌تایبه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ده‌ستووری عێڕاق كه‌ كێشه‌یه‌كی چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌ نه‌ك له‌گه‌ڵ كورد، به‌ڵكو له‌نێوان سوننه‌ مه‌زهه‌ب و شیعه‌كانی عێراقیش وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ش هێشتا ناوچه‌كه‌ واته‌ چ رۆژهه‌لێت به‌گشتی و چ عێراق به‌تایبه‌تی، وه‌كو ده‌وڵه‌ت چاره‌نووسه‌كه‌ی دیارنییه‌ چۆن پارچه‌ پارچه‌ ده‌بێت، یان چ سیستمێك له‌م ولێته‌ بێ ناسنامه‌ و بێ كه‌سایه‌تیه‌ قه‌بوڵ ده‌كرێت، چونكه‌ هێشتا هه‌رێمی كوردستان ئه‌و توندوتۆڵییه‌ی له‌رووی سه‌ربازییه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هه‌م له‌یه‌ك كاتدا جه‌نگی دژ به‌ داعش بكات و هه‌م خۆی بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت سازبكات، به‌وپێیه‌ی كه‌ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت پێویستی به‌ سه‌قامگیری و ئه‌منیه‌تی سه‌رتاسه‌ری هه‌یه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ چاوی له‌بینینی ئه‌و خه‌ونه‌یه‌، وه‌ختێك ده‌بینین ناچوه‌كه‌ ئارام نییه‌ و هه‌رێمی كوردستانیش له‌گێژاوی كێشه‌گه‌لێكی ئابوری و سیاسیدا ده‌ژی، كه‌واته‌ ده‌بێ دوابخرێت بۆكاتێكی نادیار. 

  • 1