ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمکۆ محەمەد / قه‌یرانی‌ خوێندنه‌وه‌ .. ! ‌

 

ده‌ركه‌وتووه‌ هیچ شوێنێك به‌بارته‌قای‌ كوردستان له‌قه‌یرانی‌ خوێندنه‌وه‌دا نییه‌ كه‌ هیچ په‌یوه‌ندی‌ به‌ قه‌یرانی‌ ئابوورییه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ سێ خانه‌ی‌ وه‌رگێڕان‌و بڵاوكراوه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ هه‌مان پرسیاریان لێكردم كه‌ گوایه‌ كورد گرنگی‌ به‌خوێندنه‌وه‌ی‌ فكر نادات، ئه‌مه‌ یه‌كێك له‌و زانیاریانه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ساڵێك دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، كه‌وابوو ده‌بێ‌ لێره‌وه‌ تێبگه‌ین كه‌ قه‌یرانی‌ خوێندنه‌وه‌ نه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌كردنه‌وه‌ی‌ پێشانگای‌ كتێبه‌و نه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ بوون‌و نه‌بوونی‌ خانه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌و چاپ‌و په‌خشه‌وه‌ هه‌یه‌و نه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ سانسۆره‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی‌ به‌شێوه‌ی‌ خوێندنه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كورد به‌ عه‌قڵ مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ك هیچ شتێكدا ناكات، به‌تایبه‌تی خوێندنه‌وه‌ی‌ كتێب، باشترین سه‌لمێنه‌ر بۆ ئه‌م راستییه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ خوێنه‌رمان نییه‌، تاكو خوێندنه‌وه‌ بۆ نه‌بوونی‌ فكر بكات له‌نێو كوردستان، كه‌ ئه‌مه‌ گله‌یی‌ به‌شێك له‌ خانه‌ی‌ پاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ عه‌ره‌بییه‌كان بوو. 

به‌ده‌سته‌وه‌ گرتن‌و كڕینی‌ كتێب له‌پێشانگای‌ ساڵانه‌ وه‌كو مۆدێلێك‌و گه‌رم كردنی‌ بازاڕ وه‌كو كاڵایه‌كی‌ جوانكاری‌ بۆ ماڵ‌و نێو مه‌كته‌به‌، دیوێكی‌ دیكه‌ی‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی‌ خوده‌ له‌خوێندنه‌وه‌ی‌ كتێبه‌وه‌ بۆ گه‌مه‌كردن به‌خود، به‌وپێیه‌ی‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كتێب به‌شێكی‌ كاڵای‌ بازاڕ بێت، به‌شه‌كه‌ی‌ دیكه‌ی‌ مه‌عریفه‌یه‌، كه‌وابوو ئه‌گه‌ر كڕیاره‌كانی‌ كتێب هێنده‌ خولیای‌ مه‌عریفه‌بن، ئه‌و پرسیاره‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ ئایا بۆچی‌ ئاستی‌ هۆشیاری‌ ئه‌و خوێنه‌ره‌ كه‌مه‌ی‌ له‌ كوردستان له‌لایه‌ن ده‌زگاو خانه‌ی‌ كتێب چاپكردنه‌وه‌ ئاراسته‌ ده‌كرێت‌و ئه‌وان هانیان ده‌ده‌ن، نه‌ك هه‌ر كتێبی‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ دیاریكراو بكڕن، به‌ڵكو ریكلامیشی‌ بۆ بكه‌ن؟ لێره‌ به‌شێكی‌ ئه‌و نهێنییه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ كورد ناخوێنێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ هۆشیار بێت‌و هۆشیاری‌ بۆ نه‌وه‌كانی‌ داهاتوو به‌رهه‌م بهێنێت، به‌ڵكو به‌شداری‌ له‌پێشانگایه‌كدا ده‌كات بۆئه‌وه‌ی‌ شوناسی‌ خوێنه‌ری‌ ساخته‌ وه‌ربگرێت، كه‌ ئه‌مه‌ دیوه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ دروستبوونی‌ قه‌یرانی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ كتێبه‌. 

هۆكارێكی‌ دیكه‌ی‌ قه‌یرانی‌ خوێندنه‌وه‌ له‌كوردستان، نه‌بوونی‌ شه‌مه‌نده‌فه‌رو پاس‌و شێوه‌ مۆدێرنه‌كانی‌ گواستنه‌وه‌ له‌شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی‌ تر هه‌یه‌، هه‌روه‌ها بوونی‌ ئه‌و هه‌موو ماشێنه‌ كه‌ خه‌ڵك به‌رده‌وام هه‌ردوو ده‌ستی‌ به‌ ستێرنی‌ ماشێنه‌وه‌یه‌و عه‌قڵی‌ له‌لای كێشه‌كانی‌ هاتوچۆو ده‌روونی‌ له‌لای‌ به‌ڵای‌ نائاگاهانه‌وه‌یه‌، ئه‌مانه‌ هۆكارگه‌لێكن كه‌ كارێكی‌ كردووه‌ هه‌میشه‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ كتێب قه‌یران به‌خۆیه‌وه‌ ببینێ‌، سه‌رباری‌ ئه‌مه‌ش سه‌رقاڵ كردنی‌ خه‌ڵك‌و زۆربه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌خوێننه‌وه‌ به‌كێشه‌ی‌ لاوه‌كی‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ ژیانی‌ تاكه‌ كه‌سه‌وه‌ هه‌یه‌. 

بێ به‌ها كردنی‌ مه‌عریفه‌‌و له‌بری‌ ئه‌وه‌ راده‌ستكردنی‌ رۆشنبیری‌‌و خودی‌ رۆشنبیر بۆ ئاشكراكردنی‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌‌و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌شدا نه‌بوونی‌ هۆشیاری‌ كۆمه‌ڵگه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی‌ خۆی‌‌و ده‌وروبه‌ری‌، ئاراسته‌كردنی‌ خه‌ڵك چ له‌ڕووی‌ سیاسی‌‌و چ له‌ڕووی‌ فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ له‌لایه‌ن میدیای‌ نابه‌رپرس، باشترین سه‌لمێنه‌ره‌ كه‌ خوێنه‌ر تادێت كه‌م ده‌بێته‌وه‌و سیحری‌ به‌های‌ نووسین‌و مه‌عریفه‌ به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ پاڵه‌وانه‌كانی‌ سه‌ر شاشه‌ كه‌ به‌داتایه‌كی‌ كه‌م‌و تێگه‌یشتنێكی‌ كه‌مه‌وه‌ بۆ كایه‌ جیاوازه‌كان، هۆشیارییه‌كی‌ شێواو ده‌رخواردی‌ خه‌ڵك ده‌ده‌ن‌و ده‌یكه‌ن به‌ رۆشنبیرییه‌ك‌و له‌مێشكی‌ خه‌ڵكدا ره‌نگبداته‌وه‌، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی‌ ده‌بینرێ‌ خه‌ڵك به‌زمانی‌ ئه‌و میدیایانه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ تادێت قه‌یرانی‌ خوێندنه‌وه‌ گه‌شه‌ ده‌ستێنێت.

  • 1