ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمکۆ محەمەد/ یه‌كی ئایار له‌ ئینته‌رناسیوناله‌وه‌ بۆ ناسیونال

جیهان تادێت له‌ رووی‌ چینایه‌تییه‌وه‌ سته‌مكارتر و ناخۆشتر ده‌بێت و سیستمه‌ سیاسییه‌كانی‌ دونیاش به‌بیانووی‌ جه‌نگی‌ دژه‌ تیرۆر له‌ پاشه‌كشه‌دان بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی‌ خۆشگوزه‌رانی‌، ئه‌م سته‌م و پاشه‌كشه‌یه‌ له‌ مافی‌ چینایه‌تی‌ به‌شێكی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ گه‌شه‌سه‌ندنی‌ ته‌كنۆلۆژیاوه‌ هه‌یه‌، كه‌ كرێكاری‌ یه‌خه‌ سپیی‌ وه‌كو ئه‌لته‌رناتیف داناوه‌، به‌شه‌كه‌ی‌ دیكه‌ی‌ خوڵقاندنی‌ ئه‌و سیناریۆیه‌یه‌ كه‌ ناوی‌ نراوه‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ و شكستی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت، كه‌ بۆته‌ هۆكارێك بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ بێكاری‌ و سڕینه‌وه‌ی‌ ئاسه‌واری‌ ململانێی‌ چینایه‌تی‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسییه‌كاندا، بۆیه‌ یادكردنه‌وه‌ی‌ یه‌ك-ی‌ ئایار ساڵ به‌ساڵ له‌ كولتووری‌ چینایه‌تییه‌وه‌ كه‌ راگرتنی‌ چه‌رخی‌ كارخانه‌كان و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ له‌ سته‌مكاری‌ چینایه‌تی‌، بۆته‌ له‌ بیربردنه‌وه‌ی‌ تێگه‌یشتنی‌ ئینته‌رناسیونالی‌ بۆ كێشه‌ی‌ ناسیونال كه‌ ئایدیایه‌كی‌ سه‌پێنراوی‌ سه‌ر ئینسانه‌.

ئه‌وه‌ی‌ كه‌ مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر چینی‌ كرێكار و له‌ بیربردنه‌وه‌ی‌ رۆژی‌ یه‌كی‌ ئایاره‌، مه‌ترسییه‌كی‌ سیاسی‌ و فه‌رهه‌نگییه‌ كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ مۆدێلێكی‌ جێگیر، سیاسییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌ قه‌ناعه‌تێكی‌ بۆ ئه‌م چینه‌ دروستكردووه‌ كه‌ حزبێك نییه‌ پێشڕه‌وایه‌تییان بكات، چونكه‌ له‌ رووی‌ ماتریالییه‌وه‌ شكستی‌ سیاسییان هێناوه‌ و له‌ فه‌زای‌ دیموكراسیشدا نابن به‌ ژماره‌ له‌ پارله‌مانه‌كاندا، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش كه‌ كرێكاران خۆیان ناتوانن جیهانی‌ سیاسی‌ بگۆڕن، فه‌رهه‌نگیشه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌ هاتنی‌ فكری‌ توندڕه‌وی‌ و سیناریۆی‌ دوژمنكاری‌ به‌رامبه‌ر سیستمی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌، رۆشنبیرییه‌كی‌ به‌رهه‌مهێناوه‌ كه‌ له‌بری‌ به‌رگری‌ له‌ مافی‌ كار و هه‌قده‌ست و شۆڕش له‌ دژی‌ سیستمی‌ ئابووری‌ گه‌نده‌ڵ دژی‌ كرێكار، كارێكی‌ كردووه‌ كه‌ به‌ناچار پابه‌ندی‌ ئه‌و فه‌زایه‌بن كه‌ بۆته‌ فه‌رهه‌نگی‌ گشتی‌، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی‌ دیكه‌ی‌ په‌شیمان بوونه‌وه‌ی‌ چینێكه‌ له‌ ئینته‌رناسیوالیستییه‌وه‌ بۆ ناسیونالێك كه‌ له‌ نێوان ده‌سته‌بژێری‌ سیاسی‌ و رۆشنبیریدا بۆته‌ سووته‌مه‌نی‌، له‌كاتێكدا كرێكار هه‌م بنه‌مایه‌كن بۆ دامه‌زارندنه‌وه‌ی‌ سیستمی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ده‌سه‌ڵات، هه‌م بۆ خزمه‌تی‌ فكر و فه‌رهه‌نگی‌ كۆمه‌ڵگا كه‌ رۆشنبیری‌ بێهه‌ڵوێست وه‌كو پاڵه‌وانی‌ ئایدیا كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گرن. 

له‌بیربردنه‌وه‌ی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ چینایه‌تی‌ له‌ زه‌ینی‌ كرێكاراندا كه‌ له‌ بیروباوه‌ڕی‌ ته‌واوی‌ هێزه‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و فه‌رهه‌نگییه‌كان و رێكخراو و سه‌ندیكاكان ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌، دوو هۆكاری‌ سیاسی‌ هه‌یه‌ كه‌ پێده‌چێ‌ به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو بێت، له‌ ئاستی‌ كوردستاندا كه‌ به‌هۆكاری‌ كێشه‌ی‌ ناسیونالی‌ و مه‌زهه‌بی‌ و به‌ناو نیشتمانییه‌وه‌ بۆته‌ فاكت، گورزێكی‌ كوشنده‌ی‌ له‌م عه‌قیده‌ سیاسییه‌ داوه‌ كه‌ هه‌موو ململانێكانی‌ له‌ هه‌ناوی‌ خۆیدا كۆكردۆته‌وه‌، له‌ ئاستی‌ كوردستاندا به‌بیانووی‌ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ سیاسی‌ ماوه‌ كه‌ پێویسته‌ بگاته‌ ئامانجی‌ خۆی‌، له‌ ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تیشدا به‌هۆكاری‌ نه‌مانی‌ فكره‌كه‌ وه‌كو فه‌لسه‌فه‌ كه‌ ئه‌زموون كرا پراكتیك ناكرێ‌، هۆكاری‌ دووهه‌م به‌هۆی‌ نه‌مانی‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ كه‌ كێشه‌ی‌ كرێكار وه‌كو ئه‌و كێشه‌یه‌ی‌ له‌ سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌ و بیسته‌م هه‌بوو نه‌ما، له‌ په‌نا ئه‌مه‌شدا بوونی‌ قه‌یرانی‌ ئابوری‌ جیهانی‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر كوردستان و عیراق، به‌ڵكو ته‌واوی‌ جهانیشی‌ گرتۆته‌وه‌، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ په‌راوێزی‌ سیاسه‌تدا كه‌ دونیای‌ سه‌رمایه‌داری‌ مۆدێرن به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ململانێكان هه‌م فۆڕم و هه‌م ناوه‌ڕۆكیان گۆڕاوه‌، بۆیه‌ ته‌واوی‌ حزبه‌ چه‌پ و كرێكارییه‌كانیش ناتوانن مه‌وقیعیه‌تی‌ چینی‌ كرێكار بگه‌ڕێننه‌وه‌ شوێنی‌ خۆی‌، چونكه‌ له‌ ئینته‌رناسیوناله‌وه‌ بووه‌ به‌ قه‌ناعه‌تێكی‌ ناسیونالی‌ ئابووری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌.

 

  • 1