ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمکۆ محەمەد 

كۆمەڵگەی دەست واڵا و مەسرەفچی، ئەو كۆمەڵگەیە نییە وەكو پێناسەكراوە لەرابردوو كە سەخی تەبیعەت و دڵفراوانە، بەڵكو ئەو كۆمەڵگەیەیە كە هێشتا چاوی بە دیاردە شارستانیەكان نەكراوەتەوە كە زیاتر لە ئۆفەرێكی پێشكەش دەكات و ناچاری دەكات لەرێگەی ئیتساتیكای شمەك و كاڵاوە، بەبێ‌ هۆكار كڕیار بێت، بۆیە هەمیشە ناكۆكە لەگەڵ بەكارهێنانی شمەك و كاڵا ناپێویستەكان كە زیادە مەسرەفن. 

سەرمایەداری هاوچەرخ یەكێك لەو میكانیزم و تەكتیكانەی دەستی بۆ بردووە، جوانكردنی بازاڕ و پێشكەشكردنی زیاتر لە هەڵبژاردەیەك بێت بۆ هەر شمەك و كاڵایەك، بۆ ئەمەش لەڕێگەی هەڵخەڵەتانی چاوی كڕیارەوە دیزاینێكی جیاوازی بۆ تەماشاكەران و سەردانیكەرانی بازاڕ رەخساندووە، تاكو كڕیار یان بەكاربەر ناچار بكات ئەكەر پێویستیش نەبێت شمەك بكڕێت، یەكەم بۆ ئەوەی لەپەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانیدا نمونەی شمەكی گرانبەها وەكو شانازی باس بكات، دووەم وەكو ماڵێكی دەوڵەمەند و خاوەن شمەك خۆی نمایش بكات یان پێناسە بكات، ئەم حاڵەتە بۆیە دەڵێم لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكاندا زیاتر رەنگیداتەوە، چونكە ژنان كارێكتەرێكی چالاكی مەسرەفچی و كڕیاری بەبێ‌ هۆكارن بۆ كڕینی شمەك و كاڵا هەر ئەوانیش بوونە بە بەشێك لە گەرمكردنی بازاڕ و دروستكردنی ناكۆكی.

ناكۆكی ئەو شمەكانەی كە بۆ كۆمەڵگەی كوردی بوونەتە هۆكاری تێكچوونی شیرازەی كۆمەڵایەتی و تێكچوونی شیرازەی ئابووری كە بەرپرسیار دیار نییە لەم دۆخە، ئەوەیە كە بەشێكی زۆری شمەكەكان و كاڵاكان پێویستی ژیانی رۆژانە و زەروورەت نین بۆ ماڵ، هەروەك چۆن لەدروستكردنی تەلار و خانوو بۆ نیشتەجێبوون، زیاتر لە تابقێك دروستكراو زیاتر لەژوورێكی پێویست لەرووبەرێكی گەورەدا، كە پێویست نییە و بەكار نایەت، تەنها ئەوە نەبێت كە عەقلیەتێك هەیە لەپشت ئەم دیاردەیەوە كە بەتەكتیكی نوێ‌ ئەو پارە نەقدیەی بەدەست كەوتووە، لەرێگەی جیاوازەوە بگەڕێتەوە بۆ بانكەكان و بازرگانەكان كە شمكەی ناپێویست دەفرۆشن و لەرێگەی كڕیاری كوردەوە یەكلایی دەكەنەوە. 

دیوێكی دیكەی ناكۆكی كۆمەڵگەی كوردی لەگەڵ ئەو شمەك و كاڵایانەی بازاڕ بۆ بەكاربەر دەستەبەركراون، ئەوەیە كە شارەزایی تەواو نییە بۆ كارپێكردنیان و بەكارهێنانیان وەكو پێویستیەكی گرینگ، بۆیە هەمیشە شاهیدی ئەوەین لەهەر ماڵێكدا بڕێكی زۆر لەشمەكی بەكارهاتوو دەبێتە خاشاك، ئەمەش جگە لەزیانی گیرفان بۆ هاووڵاتی، شارێكیش لە خاشاك و ماوە بەسەرچوو و پیسبوونی ژینگە بەرهەمدەهێنێ‌، هاووڵاتی كورد بەبێ‌ ئاگا لەم لایەنە بوونە بەبەشێك لە تێكچوونی سیمای شار. 

ناكۆكییەكی دیكە ئەوەیە كە بەهۆی نەبوونی بازاڕەوە، بازرگان و خاوەن كۆمپانیاكان فێڵێكی دیكەی بازاڕیان وەكو ئۆفەر پێشكەش كردووە، ئەوەش بوونی قیستە بۆ كڕینی هەر كاڵایەك، ئەمە تەنها زیانی بۆ گیرفان و دەخلی تاك نابێت، بەقەد ئەوەی زیانێكی گەورە بە شێوەی بەڕێوەبردنی خەڵك دەگەێنێ‌، چونكە قیس یەكێك لە تەكتیكە پڕ لەكێشەكانی سیستمی ئابووری جهانە، دەوڵەت هەبووە بەهۆی قیستەوە لەئاستی سەرەوە و خوارەوە زیانێكی گەورەی داوە، نموونە یۆنانە بەهۆی قیستەوە لەئاستی بانكی و دواتریش لەئاستی خوارەوە یەكلایی كرانەوە، كارێكی هێندە نێگەتیڤی هەبوو كە بووە هۆی داڕمانی ئابووریی دەوڵەت، هەڵبەت ئەمە بچووك بكەینەوە وەكو چۆن دەوڵەت بكەین بە خێزان، ئاوها كێشەی بۆ هەموو خێزانێكی كورد بەرهەمهێناوە، ئەمە ئەو ناكۆكیە مەترسیدارەیە كە شمەك و كاڵا خوڵقاندوویەتی.

  • 1