ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمکۆ محەمەد / نهیلیزمی سیاسی كوردی! ‌

 

كامڵترین شت لە سیاسەتی نوێ‌ و لە لای خودی سیاسییەكان، بووە بە ئەو ئامانجە سەرەكییەی كە گرنگترین شت ئەوەیە بەرژەوەندیی گەورەكان بپارێزرێت لە رێگەی پیرۆزكردنی حزب و ئاینی سیاسییەوە، لە بەرامبەر ئەمەشدا بەهیچ كردن و شان خاڵیكردنەوە لە بەرپرسیارێتی داهاتوو، ئەم پێشەكییە دەقاودەق یەكسانە بەو دیمەنانەی كە لەرابردوودا ئێمە شاهیدی بووین، ئەوەی كە بەشێك لە سیاسەتی حزبە گەورەكانی كوردستان ئەوە بووە هێزی بچووك دروست بكەن، بۆ ئەوەی نیهلیستیانە مامەڵە لەگەڵ ئامانجەكانی خۆیان و ئیدیۆلۆژیەكەیان بكەن، تاكو سیاسەت وەكو كردەیەكی نكوڵی لێكردن لە بەرامبەر ئەوانی تری لایەنگر بەكاربهێنن. 

میراتگری لە بێبڕوایی و دەستنیشانكردنی سەرەتاییترین باوەڕێك بە ژیان بەگشتی و سیاسەتیش بەتایبەتی، پرسیارێكی خوڵقاندووە كە ئایا بۆچی گروپە سیاسییەكان، وەكو ئەوەی قوڕمیش كرابن لە دژی یەكتر هەڵسوكەوت دەكەن، تا ئەو رادەیەی مەرجی نەمانی یەكتریان هەیە كە مەرجەكانیان لە غەریزەی بێمتمانەیی بۆ خوارەوەی كۆمەڵگە زیاتر سنووری بڕیوە.

مەبەستم لەقوڕمیش كردنی بەردەوامە، بۆ نموونە دروستكردن و وروژاندنی قەیرانی جیاوازی سیاسی لەنێوان گروپە سیاسیەكان، بەشێوەیەك رەسم كراوە گوایە لەسەر بنچینەی چاكەو خراپەو خۆ بەپاڵەوان زان و بێگەردی سیاسی و ئەوانی تر بە خیانەتكار و گەندەڵی بونیاتنراوە، ئەمە یەكێكە لە میكانیزمەكانی خۆسەپاندن بێت لەژێر دروشمی دیموكراسی و ئازادی كە هەندێكجار لە رێگەی فكرەوە دەكرێتە پێوەر بۆ نیشتیمانپەروەری، وەختێكیش مەرجەكان كاریان نامێنێت‌، ئیدی گروپە بچووكەكان نیهلیزمیەتەكەیان ئاشكرا دەبێت و دەچنەوە نێو گروپە گەورەكان. 

جیاوازی كارێكتەرە بچووكەكانی نێو سیاسەت و ئەو راسپاردنەیان كە وەكو ئەركێكە لەسەریان، ئەو كردەوە نیهلیستیەیە كە وەكو بونیاتنەری رادیكالیزمێك خۆی نمایش نەكردووە، مەبەستم لە رادیكالیزم ئەو توندڕەویەیە كە تارادەی ئیختیاری مەرگ دەخەنە خزمەت ئیدیۆلۆژیای ئەوانی تر، بەپێچەوانەوە مۆراڵێكی نوێ‌ رەواجی پێدراوە كە سەودای تواناكانە بەرامبەر مەیلی بوون بە ئەستێرەیەكی لۆكاڵی سیاسی و بەختەوەری ژیان بۆ خۆیان، ئەم دیمەنەیان زیاتر لە نێو گروپە سیاسیە ئاینییەكاندا هەستیپێدەكرێت، وەختێك لە رێگەی شاشەی میدیاوە بەبێ‌ هیچ پاساوێكی لۆژیكی كێبەركێی یەكتر دەكەن و لەبنەچەشدا كارێكتەری سیناریۆیەكی سیاسین بۆ گروپە گەورەكان، ئەم كێبەركێیە لە كاتێكدایە گروپە بچووكەكان وەكو حاڵەتێكی سروشتی مانادار بۆ قایلكردنی بنكەی كۆمەڵایەتی، خۆیان دەكەن بەمۆدێل، لەحاڵێكدا ئەگەر بەدەیققەت تەماشای ئەم كردە سیاسیە بكەین لە نیهلیزمێكی سیاسی بەولاوە هیچی تر نییە.

نەبوونی داوەرییەك لەلایەن خەڵكی ئەو گروپە بچوكە نیهلیستیانەی كە گوایە سیاسەت دەكەن، یەكێكە لەو هۆكارانەی بەردەوامی بەم ئاراستەیە دەدەن، بەهەدەردان و كوشتنی توانای مرۆیی خەڵكی ناهۆشیار و ئەو خەیاڵەیان كە بۆژیان هەیانە، هەروەها ئەو باوەڕە كۆنەی كە لەرێگەی چاكەكارییەوە دەكرێت بۆ بەدەستهێنانی بەهەشتێك لەسەر زەمینی واقیعی سیاسی، جگە لەناهەقی بەرامبەر خەڵكێك كە هێشتا بڕوایان بەبەكارهێنانی توانا هەیە، تەنها نوستالیژیایەك دەمێنێتەوە كە برتییە لە دەستكەوتی یادەوەری سیاسی و هیچی تر، ئیشكالیاتی گەورە ئەوەیە كە ئەم هەقیقەتە هەموو ئەو خەڵك دەیزانن كە كارێكی هیچگەراییە دەرهەق بەو ویستەیان كە جیاوازی ئاسمان‌و رێسمانی هەیە لەگەڵ ویستی سیاسییە نیهلیستیەكان.