ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمكۆ محه‌مه‌د / لە نێوان "ئەنەکەسە و پەیەدە"دا

ھەر یەکێک لە پارچەکانی کوردستان وا ھەڵکەوتوونە دەڵێی سیناریۆ داڕێژەرەکەی سیاسەت ئەو فەزایەی خوڵقاندووە کە نوێنەرایەتیی کورد یەکتر قبووڵ نەکەن، لە نێوان حزبەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەم دۆخە لە ھەموو پارچەکانی تر ئاشکرا تر دەبینرێ، ھەفتەی رابردوو لە یەکێک لە میدیاکانی باشووری کوردستان دوو کەس یەکێکیان بەناوی "شێرزاد" گوایە نوێنەرایەتی کانتۆنی جەزیرە و پەیەدە دەکات و کەسێکی تر بەناوی "نەواف" گوایە نوێنەرایەتی ئەنەکەسە بوو، دوو کەسن لەو حزبانەی دژایەتی یەکتر دەکەن لە سووریا، ئەوان بۆ بینەر و چاودێرە سیاسییەکان بە دژایەتیکردنی یەکتر سەلماندیان ئەوەی پێی دەوترێت ر‌وژئاوای کوردستان، بریتین لە دوو بەرەی جیاوازی دژ بە ستراتیژیەتی داھاتووی کورد، وەک چۆن ئەم سیناریۆیەمان لە باشووری کوردستانیش بینیووە کە زیاتر لە ٥٠ ساڵە شاھیدی سیناریۆکانیانین، شێرزاد و نەواف تەنیا بەرگریکەری باشوور و رۆژئاوا نین بە تەنیا، بەقەد ئەوەی بەرگریکەری سیاسەتی ئێران و تورکیان. 

من لەمێژە شاھیدێکی وردی ئەو دۆخە ناسەقامگیر و ناجێگیرەی رۆژئاوام و لەدوای بەناو بەھاری عەرەبیشەوە چاودێری سیاسەتی رۆژئاوای کوردستانم کردووە کە لە پەراوێزی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەڕێوە دەچێت، بەڵام ھەوڵم داوە خۆم بەدوور بگرم لە ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە، تا ھیچ نەبێت نەبم بە لایەنگری ھەرکام لەو دوو ھێزەی ھەموو شتێکن تەنیا سەربەخۆ نەبێت، ھەروەک ئەوەی بە ئیدارە سیاسییەکەیانەوە دیارە و بە بەرگریکردن لە ئەسەد دیارە. 

ئەو دیمەنانەی لە رۆژئاوا لە دوای سیناریۆکانی بەھاری عەرەبی سەریان ھەڵداوە و دژایەتی یەکتر دەکەن و خزمەتیش بە دوژمن، ئەمە جگەلەوەی ھەرکەیان ئەویتر بە خیانەتکار و سەر بە میت و ئیتلاعاتی ئێران دەخوێننەوە، رێگرییەکانی بەردەم یەکتر تەنیا دوو عەقڵیەت نییە بۆ سیاسەت کردن لەو ھاوکێشە سیاسییەی لە سووریا دەگوزەرێت، بەڵکو بووەتە بەشێک لە کولتووری سیاسی و لاسایکردنەوەی رابردووی کوردستانی باشوور، ھەر ئەوەی نوێنەرەکانیان ئەوەندەی خەریکی رەنگدانەوەی سیاسەتی دوژمنن، ئەوەندە خەریکی پاراستنی بەرژەوەندی کوردی نین، تا نێوانیان کورت نەبێتەوە. 

خۆبزرکردنی شووناسی نەتەوەیەک لە نێو ھاوکێشەیەکی سیاسی و سەربازی کە ناوچەکە بە سروشت بووەتە جێگەی ململانێی ئابووری و سەربازی کە بەشێکی بۆ یەکلاکردنەوەی بازاڕی چەکفرۆشییە، بەشێکە لەو ئەجێندا دەرەکییەی ھەردوو حزبی پەیەدە و ئەنەکەسە جێبەجێی دەکەن. ئەمەشیان نەک ھەر بە سیاسەت، بەڵکو بە کردار سەلماندوویانە، ھێشتا دەوڵەتی بەناو سووریای ئەسەد لەسەر پێی خۆی ماوە. 

ئەوان لەسەر جیۆگرافیایەکی بچووک کە بەشێکە لە کوردستانی گەورە شەڕی سەلماندنی بوونی حزبی دەکەن کە سەلماندنێکی بچووکە لەڕووی عەقڵییەوە، لە کاتێکدا ئەو جیۆگرافیایە ئایندەی ناوچەکەی لەسەر بنیات دەنرێت و چەندین ھێزی ئیسلامی و چەکداری تر خەریکی خۆ کۆکردنەوەن بۆ پشکداربوونیان لەو ئایندەیە، ئەم دوو نوێنەرە کوردە یەکتر دەسڕنەوە و یەکتر قبووڵ ناکەن و بەبێ ئەوەی ئاگایان لە خۆیان بێت، ھەموو شتێکن تەنیا نوێنەری کورد نەبێت. 

سەرەنجام دەمەوێ ئەوە بڵێ کە ئەم دوو ھێزە ھیچ ئومێدێکیان نەھێشتووەتەوە کە خۆمانی لەسەر بنیات بنێین تا لە بەشەکانی تری کوردستانی گەورە جودایان بکەینەوە، جگە لە بزرکردن و ناشرینکردنی شووناسی کوردی.