ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەتا پێویستیمان بە نەخۆشخانەی كوردستان نەبێت بە حكومی و كەرتی تایبەتەوە، نازانین چ سزایەك بۆ نەخۆش دانراوە لەبری چاكسازی، ئاسەواری جەنگی نێوخۆیی و شەڕی دەروونی دكتۆر و كارمەند و كێشەی نەبوونی پاكوخاوێنی و كێشەی ئاسانسێر و گەندەڵی لەدروستكردنی تەلاری نوێ‌ و بەفیڕۆدانی كەرەستە تەندروستیەكان و پێداویستیەكانی دیكە و رێكنەخستنی قاوشی تایبەت بە نەخۆشییە هەستیارەكان و هتد. بەشێكی زۆر لەو سزایانە پێكدەهێنن كە نەك هەر بەخاوەن نەخۆشی نیشان دەدەن، بەڵكو خودی نەخۆشەكەش بەبینینی دەبێ‌ ئازار بچێژێت و كەسیش نییە وڵامی ئەوە بداتەوە بۆچی نەخۆشخانە بۆتە سزاخانە. 

یەكێك لەمەرجە بنەڕەتییەكانی نەخۆشخانە لەهەموو دونیادا، ئەوەیە كە بەپێی سیستمی تەندروستی تەلار دروستدەكرێت و بەپێی سیستم قاوش بۆ نەخۆشی تایبەت دیاری دەكرێت، نهۆمی چوارەمی نەخۆشخانەی رزگاری كە تایبەتە بە نەخۆشییەكانی دڵ و جەرگ و نەخۆشییە هەستیارییەكان، رێك لەبەرامبەر نەخۆشخانەی تەواری یە، واتە دەڕوانێتە سەر نەخۆشخانەی فریاكەوتن كەخراپترین شوێنە بۆ نەخۆشی دڵ و ئەو نەخۆشانەی بەهۆی كێشەی جەستەیانەوە لە مردن نزیكن، باشترین سەلمیچنەریش ئەوەیە كە هیچ شەوێك نییە نەخۆشی قورس لەو فریاكەوتنە گیان لەدەستنەدات و نەخۆشەكانی دڵ شاهێدی ئەو دیمەنە ترسناكانە نەبن، وەختێكیش پرسیار لەوە دەكەی كێ‌ بەرپرسە لەم دۆخە و لەم جوگرافیایە كە مەترسییە بۆ سەر نەخۆش، كەسێك نییە بەرپرسیارێتی نیشانبدات و ریفۆڕمێك لەو ئاستە نزمەی سیستمی تەندروستی بكات كە بە بارتاقای شارێكی گەورە خەرجی تێدا كراوە، ئەم حاڵەتە لە نەخۆشخانە تایبەتەكانیش بەهەمان شێوەیە كە جۆرێكی تری سزاخانەیە لەبری نەخۆشخانە. 

خەستەخانە تەنها شوێنی بیماری و ئۆپەراسیۆنی جەستەیی نییە، بەڵكو شوێنێكە بۆ حەسانەوەی دەرونیش كە رەنگە بەهۆی جەنگی بەردەوامی كوردستان و جەنگەكانی ئەمدواییەی داعش بەشێكی زۆری خەڵك لەرووی دەروونیەوە كێشەیان هەبێت و كاریگەری لەسەر ئۆرگانەكانیان دانابێت، یان ئەو هەموو خورادنانەی كە لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێوە هاوردە دەكرێن، ئەوەی من بینیومە لە بەشێكی زۆر لەخەستەخانەكانی كوردستان بەتایبەتیش نەخۆشخانەی رزگاری، ئەوەیە كە لەچەشنی سزایەكی دەروونی دەچێت و نەخۆش هەست بەوە دەكات تاوانێكی ئەنجامداوە دەبێت سزابدرێت، بۆ نمونە پاشماوەی جەنگی نێو خۆیی لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەستیارترین شوێنی نەخۆشخانەكەیە كە لە سزا دەچێت و هیچ حیسابێك بۆ باری دەروونی نەخۆش و خاوەن نەخۆشەكە نەكراوە، شوێنی گوللە و شوێنی كوشتن بەئاسەواری پەنجەرە و دیوارەكانەوە دیارە، لەوێ‌ چیرۆكی ناخۆش و ترسناكت لەكەسانی شاهێدحاڵەوە گوێ‌ لێدەبێت كە ئاسەواری ئەو گوللانە چین و مانەوەیان لەپای چییە و بۆچی نەسڕاونەتەوە، وەختێك پرسیار لە بەرپرسی كارگێری هەر نەخۆشخانەیەك دەكرێت ئەم ئاسەوارە بۆچی ماوە و بۆچی لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری جەنگ دەچێت، هەركەس لەلای خۆیەوە شانی خۆی لێ خاڵی دەكاتەوە و حكومەت وەكو جەستەیەكی سەربەخۆ سەرزەنشت دەكرێت، وەكو ئەوەی نەخۆشخانە ئۆرگانێكی سەر بەحكومەتی هەرێم نەبێت، لەحاڵێكدا ماوەی دوو ساڵ زیاترە سێكتەری تەندروستی زیاتر لەهەموو سێكتەرەكان خەرجی بۆ كراوە، كەچی بەواقیعی لەسزاخانەیەك دەچێت بۆ نەخۆش.