ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمکۆ محەمەد / گوناهـ و تاوان

گوناهـ و تاوان دوو زاراوه‌ن و یه‌ك مانایان هه‌یه‌، به‌ڵام یه‌كێكیان زاراوه‌یه‌كی ئه‌خلاقییه‌ و به‌ سۆز مامه‌ڵه‌ی له‌ ته‌كدا ده‌كرێت و ئه‌ویتریان یاساییه‌، رووناكبیرانی رۆژئاوا به‌ پێی عه‌قڵی خۆیان و به‌ پێی ئه‌و پرنسیپه‌ ئاینییه‌ كۆنه‌ی باوه‌ڕیان پێی هه‌بووه‌، گوناهـ و تاوانیان وه‌كو دوو چه‌مكی ئه‌خلاقی جیاواز دۆزیوه‌ته‌وه‌ و نه‌فره‌تیان له‌ بكه‌ره‌كانیان كردووه‌، كه‌چی ئه‌م زاراوانه‌ نه‌ك هه‌ر رۆژانه‌ هه‌ستی پێده‌كرێت له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌، بگره‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه‌ كاری پێده‌كرێت به‌بی ئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌ی ئه‌خلاقیاته‌وه‌ رێگه‌ی لێبگیریت یان له‌ رێگه‌ی یاسا، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ هه‌ر دوو باره‌كه‌یی دیار و نادیار، لێره‌ له‌ كوردستان خۆی گوناهـبار و تاوانباره‌ به‌ هه‌قی گشتی. 

ئه‌و سیستمه‌ ره‌وشتییه‌ی كه‌ پێشتر رۆژئاوای به‌ڕێوه‌ ده‌برد، ئێستا به‌ شێوه‌یه‌كی ئاڵۆزتر كایه‌ جیاوازه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ته‌نییوه‌، ئه‌وه‌ی جیاوازی نێوان رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاته‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان ره‌خنه‌یان له‌و چه‌مكانه‌ گرت كه‌ ژیانی كۆنتڕۆڵ كردووه‌ و رێگه‌ی له‌ هه‌ر جۆره‌ دابڕان و داهێنانێك گرتبوو، كه‌چی له‌ رۆژهه‌ڵات رووناكبیره‌كان زیاتر پابه‌ندی ئه‌و موفره‌دانه‌ن كه‌ ئه‌خلاقی جێكه‌وته‌ به‌رهه‌میهێناوه‌، بۆیه‌ كه‌ قسه‌ دێته‌ سه‌ر رووناكبیری كوردستان وه‌كو ده‌سته‌بژێرێك كه‌ به‌كاری خۆی هه‌ڵناستیت، به‌ گوناهـبار و تاوانبار هه‌ژمار ده‌كرێت، له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ رووناكبیر تاكێكی ئاساییه‌ نییه‌ له‌ مانا و جه‌وهه‌ری گوناهـ و تاوان تێنه‌گه‌یشتبێت، به‌ڵكو ئه‌وان له‌ پشتی ماناكانیشدا خوێندنه‌وه‌یان بۆ جیاوازییه‌ چینایه‌تی و ره‌گه‌زایه‌تییه‌كان هه‌یه‌، بێده‌نگبوونیان گوناهـ و تاوانه‌ ده‌رهه‌ق مافی گشتی. 

زۆربه‌ی شیكردنه‌وه‌ ده‌روونیه‌كان گرنگیان به‌و سوچ و گوناهـ داوه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی په‌روه‌رده‌ی رابردوو و سایكۆلۆژیای خێزان وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی بچووكی كۆمه‌ڵگه‌ دروستبووه‌، بۆیه‌ تاوانبار و گوناهـبار به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ سزاكه‌ی، به‌و پێیه‌ی كه‌ ئامرازه‌كانی ناپاكی و زیان گه‌یاندن به‌ گشت له‌ پێناوی به‌ده‌ستهێنانی ویستی تاك یان پاراستنی كولتووری دواكه‌وتووی گشتی، هه‌ستكردن به‌ گوناهـ و تاوانكردن له‌ كرده‌وه‌كانی رابردوودا ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌مه‌ش له‌وێوه‌ هه‌ستی پێده‌كرێت وه‌ختێك تاكێك بیر له‌ رابردوو و منداڵێتی خۆی ده‌كاته‌وه‌ چۆن په‌روه‌رده‌ كراوه‌ و چۆن سنووری گوناهـ و تاوانیان به‌ پێوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ داناوه‌ كه‌ به‌شی زۆری هه‌ڵه‌ بووه‌، نه‌ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ بۆ منداڵ بۆ ناسینی گوناهـ و تاوانی راسته‌قینه‌، هۆكاری سه‌ره‌كین كه‌ پیاوای دڵڕه‌ق و توندڕه‌وی داهاتووی لێبه‌رهه‌مبێت وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان هه‌یه‌. 

ئه‌گه‌ر مانای گوناهـ و تاوان بریتی بێت له‌ گوێڕایه‌ڵ نه‌بوون به‌ پرنسیپه‌ ئاینیه‌كان، یان ئه‌و سنوورانه‌ی كه‌ یاسا دایناوه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێت به‌ دوای ئه‌و كه‌سانه‌دا بگه‌ڕێین كه‌ تاوانیان نه‌كردووه‌ و ده‌ستیان له‌ ئازاردانی كه‌سدا نه‌بووه‌، چونكه‌ به‌شی زۆری كرده‌ی رۆژانه‌ی خه‌ڵك هه‌ر له‌ خێزان و په‌روه‌رده‌ و مامه‌ڵه‌ی رۆژانه‌ی بازاڕه‌وه‌ بگره‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌خلاقه‌وه‌ هه‌یه‌، تا ده‌گاته‌ ئه‌و ئازاردانه‌ی یه‌كتر كه‌ چێژی لێده‌بینن، به‌ سووك ته‌ماشاكردنی كه‌سێك و شكاندنه‌وه‌ی كه‌سێك و زیانبه‌خشین به‌ كه‌سێك و به‌گومڕاكردنی كه‌سێك له‌ لایه‌ن گشته‌وه‌ و به‌گومان ته‌ماشاكردنی كه‌سێك به‌ تۆمه‌تی جیاواز، كۆمه‌ڵه‌ خه‌سڵه‌تێكن كه‌ ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هه‌ڵگرییه‌تی، به‌ڵام پرنسیپێك نییه‌ گشت سزا بدات، بۆیه‌ تاك ده‌بێته‌ قوربانی ئه‌و سزایه‌ و به‌ گوناهـ و تاوانبار ته‌ماشا ده‌كرێت.