ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمكۆ محه‌مه‌د / تۆڵه‌ی سیاسی

سیاسه‌ت ئه‌گه‌ر به‌شێكی هونه‌ری ده‌سه‌ڵاتدارێتی و به‌شێكی تری ئیداره‌دانی ته‌نگژه‌ بێت، به‌شه‌كه‌ی دیوێكیشی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی هێزێكه‌ له‌ دژی هێزێكی تری به‌رامبه‌ر، به‌ڵام تۆڵه‌یه‌ك به‌ یاسا یان گه‌مه‌كردن له‌ناو كاری دیپلۆماسیدا به‌هه‌ر مانایه‌ك بێت جیاوازی نییه‌، ئه‌وه‌ی ئێسته‌ له‌ كوردستان ده‌گوزه‌رێت و به‌تایبه‌تی له‌ دوای 23ی حوه‌زیران كه‌ له‌ په‌رله‌مان چوار لایه‌نی ناو حكوومه‌ت به‌بێ لایه‌نه‌كه‌ی تر پڕۆژه‌یه‌كیان خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، جگه‌ له‌ پرسی ته‌نگژه‌ی ده‌ستوور و ده‌سه‌ڵات و سیستمی سیاسی، بیانوویه‌كی نوێ بوو بۆ دواخستنی پێشكه‌وتنی دۆزی كورد بۆ داهاتوویه‌كی نادیار، له‌ حاڵێكدا هه‌موو لایه‌ك له‌ دژی یه‌كتر پشتیان له‌و كۆبوونه‌وه‌ نهێنییانه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ عێراق و سووریا و ئێران له‌لایه‌ك و توركیا له‌لایه‌كی تر دژی كورد سازی ده‌ده‌ن، ئه‌وان ئه‌مه‌ به‌تۆڵه‌ له‌ دژی خۆیان نازانن، كه‌چی تۆڵه‌ی سیاسی له‌ یه‌كتری ده‌كه‌نه‌وه‌.

تۆڵه‌ی سیاسی كردارێك نییه‌ له‌ فه‌زایه‌كی خاڵیدا كۆ كرابێته‌وه‌، به‌ڵكو پێوه‌ندی به‌ رابردوویه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ژێر ناونیشانی په‌ندێكی كوردیدا كۆ كراوه‌ته‌وه‌ و پێی ده‌گوترێ (شه‌ڕ به‌ كۆنه‌ قین ده‌كرێت)، ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌رچی لۆكاڵییه‌ و بیركردنه‌وه‌ی سه‌رده‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تییه‌ و بۆ سه‌رده‌می پۆست سه‌رمایه‌داری ناشێ، به‌ڵام به‌هۆی ئاڵوگۆڕی فه‌زای سیاسی له‌ دنیادا، لاسایكردنه‌وه‌یه‌كه‌ له‌ سیاسه‌تی نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، به‌ڵام به‌ قه‌باره‌ی بچووك، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر زلهێزه‌كان به‌ سیناریۆی گه‌وره‌تر و به‌ ململانێی دژه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان ده‌پارێزن، ئه‌وا حزبه‌ كوردییه‌كانیش له‌ باشووری كوردستان، به‌هه‌مان شێوه‌ كه‌ڵكیان له‌ ده‌نگی ئه‌و حزبه‌ بچووكانه‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ كه‌لێنه‌ سیاسییه‌كانی خۆیانی پێ پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت به‌كارهێنانی ئه‌و هێزانه‌یش چ له‌ناو حكوومه‌ت و چ به‌كارهێنانی باڵه‌كانی خۆیان وه‌ك كارتێكی نهێنی به‌ نه‌ته‌وه‌ و ئاین و بیروڕای جیاوازه‌وه‌، هێزێكی نادیاره‌ له‌ دژی كوده‌تایه‌كی نادیار، بۆیه‌ ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ دووره‌ له‌ خه‌مخواردن بۆ داهاتووی كوردستان، بگره‌ كاردانه‌وه‌یه‌كه‌ دژی یه‌كتر و جۆرێكه‌ له‌ تۆڵه‌ی سیاسی به‌ده‌نگی جیاواز و نیسابی یاسایی له‌ناو په‌رله‌مان.

تۆڵه‌ی سیاسی ته‌نیا له‌ یاده‌وه‌ری و ساڵڕۆژی كاره‌ساته‌كاندا زیندوو نابێته‌وه‌ كه‌ تووڕه‌بوونی حزبی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌وێدا هه‌ستی پێ ده‌كرێت كه‌ هه‌م هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان حزبه‌ كوردییه‌كانی سه‌رتاسه‌ری كوردستان نییه‌، هه‌م له‌ ته‌نگژه‌یه‌كی سیاسیدا هه‌ستی پێ ده‌كرێ به‌تایبه‌ت له‌ ده‌زگه‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن كه‌ وه‌ك كارتێك به‌كار ده‌هێنرێت و له‌ به‌رامبه‌ریشدا حزبێك به‌ته‌نیا وه‌ك ناپاك ته‌ماشای ده‌كات، له‌ حاڵێكدا ئه‌و ده‌زگه‌یه‌ی كه‌ هی یاسادانانه‌ و له‌سه‌رووی هه‌موو ده‌زگه‌كانی حكوومی و سیاسییه‌وه‌یه‌، هه‌م موڵكی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، چونكه‌ ده‌نگی گشتیی پێ دراوه‌، هه‌م شوێنێكه‌ بۆ چاره‌سه‌ری شه‌ڕی سیاسی، كه‌چی بۆ راگرتنی ئارامی و سه‌قامگیری و به‌ سیستماتیك كردن، سیقه‌یان به‌ خۆیان نییه‌ و به‌ناچار نوێنه‌ری بیانی داوه‌ت ده‌كه‌ن بۆ راگرتنی ئاشتی و ئارامی و دووركه‌وتنه‌وه‌ی تۆڵه‌ی سیاسی له‌ یه‌كتر.

ئه‌گه‌ر به‌ڕوویه‌كی تردا ته‌ماشای سیاسه‌ت بكه‌ین له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه‌ هیچ باوزه‌ڕێك نه‌ماوه‌ خه‌ڵك چاره‌نووسی خۆی راده‌ستی هێزێكی سیاسی بكات، ئه‌وا هه‌میشه‌ و رۆژانه‌ ئه‌و شێوه‌ تۆڵه‌یه‌ ده‌بینین كه‌ گرووپه‌ سیاسییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كتر نایكه‌ن، به‌ڵكو به‌رامبه‌ر خه‌ڵكه‌، چونكه‌ به‌رله‌وه‌ی حزبێكی سیاسی له‌ گه‌مه‌یه‌كدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت، مانای وانییه‌ دۆڕاوه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ خه‌ڵكه‌ له‌و بردنه‌وه‌ پێشه‌ی قۆناغی سیاسی دوا ده‌كه‌وێت و باجه‌كه‌ی ده‌داته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی له‌ كوردستان به‌هۆی شێوازه‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌ سیاسییه‌كه‌، هیچ كه‌سێك نه‌ماوه‌ سه‌ر به‌ حزبێك نه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك هاووڵاتییش باجی تۆڵه‌ی سیاسه‌ت نه‌داته‌وه‌، وه‌ك هه‌وادار و ئه‌ندام و لایه‌نگری حزبێك باج ده‌دات كه‌ ئه‌مه‌ تۆڵه‌ی حزبییه‌.

  • 1