ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمكۆ محەمەد / نووسەرو سیاسەت

سەدەی رابردوو چونكە هەموو شتێك لەجێگەی خۆیدا بەهای مابوو، لەئاستی فەرهەنگیشدا سەدەی فكر و رۆشنبیری بوو بۆ ئاراستەكردن و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە، بەڵام ئەم سەدەیە رێك پێچەوانەیە كە خەڵكی نووسەرو رۆشنبیر ئاراستە دەكەن، ئەویش ئەو ویستەیە كە بۆتە نەریت و لەسەر شاشەی میدیاوە تەزكیە وەردەگرن، نەك ئەو تێگە و چەمكگەلەی كە رۆشنبیر دەیزانێو بەخاتری هۆشیاری كۆمەڵگە، گەرەكیەتی ئەجێندای سیاسیەكان شكست پێبهێنێ. بۆیە نووسەر بۆتە ئەو كارێكتەرەی كە لەجیاتی سیاسەت ئاراستە بكات، سیاسەت لەرێگەی خەڵكەوە ئاراستەی دەكات.

با لەوێوە دەست پێبكەین بۆچی هیچ شتێك بەهای نەماوە بەنووسین و قسەكردنی رۆشنبیریشەوە، ئایا ئەمە تەنها پەیوەندی بەپێشكەوتنی تەكنۆلۆژیاوە هەیە كە ماسمیدیای بەرهەمهێناوە، وەڵامەكە نەخێرە، چونكە مانای ژیان و گۆڕینی ستایلی ژیان و بەرگری لەویستە بایەخدارەكان دەكات، بەرلەوەی لەڕێگەی یاسا و سیاسەت و ئابووری و بازرگانیەوە بێنرخ بكرێت، لەڕێگەی بەناو رۆشنبیری بێدەروەست و میدیاكار و پاشكۆكانی دیكەوە بێبەها كرا كە لەجیاتی رێزگرتن لەگشت، ئەوە بوو خەڵك و خۆشیان كرد بەچەند پارچەیەكەوە كە بریتییە لە شارو عەشرەت و بنەماڵەو دەستەگەری سیاسی و هتد، جەنگێكیان بەرپاكرد كە بەبێئاگا جەنگی شارەكان و جیاوازی شارەكان و جیاوازی تەنانەت تاكەكانیش، بەبێئەوەی خەڵكی هیچ شارێك ئاگای لەو تێگەیشتنە هەبێت، وەختێك ئەو حاڵەتە بۆتە یارمەتیدەری سیاسەت و كۆمەك بەدۆخەكە دەكات و دەرەنجامیش هیچ وەڵامێكی جیاوازی نییە بۆ ئەو ئاسۆیەی كەخەڵك چاوەڕوانی دەكات، هەر ئەو دۆخەكە بەرهەمدەهێنێ كە خۆیان كاریان بۆ كردووە بەناوی نوسەری سیاسیەوە.

لەدوای ئەو ئەو فەزا ناجێگیرە سیاسییەی كە فەزای ئابوورییەكی تەواو شڵەژاوی بەرهەمهێناو خەڵكیشی قەناعەت پێكرد كە ئەمەی ئێستا دەگوزەرێت واقیعێكی دروستكراوەو خەیاڵ نییە، چونكە جێگەی متمانە نییە دەستەبژێرێك ژیانی گشت دیاری بكەن و سەرەنجامیش هەموو لایەك لەگەڵ دۆخەكەدا دەڕۆن و قەبوڵی دەكەن، دەركەوت كە لەپەنا سیاسییەكان، زۆربەی ئەو رۆشنبیرو نووسەرانەی لەسەر فەزا سیاسییەكە دەنووسن و بەرگری لەسیاسەتی حزبەكەیان یان تێگەیشتنە لۆكاڵیەكەیان دەنووسن و قسە دەكەن، تا ئەو رادەیە غافڵگیرن كە لەبری ئەوەی دونیابینی خۆیان بەیان بكەن و خەڵك هۆشیار بكەنەوە، شەڕی بەبێئاگا و بەوەكالەت دەكەن بۆ ئاراستەیەكی سیاسی نادیار، ئەویش لەكوێدا هەستیپێدەكرێت، ئەوكاتەی كە بەشێكی زۆر لە كارێكتەرەكانی سەر شاشەی تەلەفزیۆن و میدیا بەگشتی، ناتوانن ئینتیمایان بەسەربەخۆیی فكرەوە بپارێزن، بەڵكو وەكو نووسەرێكی سیاسی، پێناسە بۆ ئینتیما دروستدەكەن كە دەبنە نووسەری سیاسی. 

مەترسی نووسین لەهەموو مەترسییەكانی دیكەی سیاسەت لەلایەن سیاسیەكانەوە خراپترە، چونكە ئەوان دەتوانن لەپەنا هەڵسوكەوتی رۆژانەیان وەكو حەربا خۆیان بگۆڕن و شەرعیەتیشی پێبدەن، بەڵام نووسەرو رۆشنبیر كە شوناسیان جودایەو نابێت هیچ بەرژەوەندییەكیان لەفەزای ناجێگیر هەبێت، بەپێچەوانەوە ئەو مەترسییە جێگیر دەكەن لەزەینی خەڵك كە لەلایەك ملكەچی واقیعی سەپاو بن.

لەلایەكی دیكەوە جەنگی وەقیعگەرایەتی بكەن، مەبەست لەو جەنگەش ئەوەیە كە خەڵك بكەن بەكۆمبارسی فیلمێكی سیاسی سەرقال كراوە، بۆئەوەی بێباوەڕو باوەڕدارانی سیاسەت تێكەڵ بەفەزایەكی سیاسی بكەن، ئەمەشیان ناوناوە خۆشەویستی بۆ سیاسەت، ئەو سیاسەتەی كە بۆتە وەهمێك بۆ گشت كەهیچ بەرهەمێكی گونجاوی نییە، جگە لەوەی نوسەری سیاسی بەرهەمدەهێنێ.