ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سمکۆ محەمەد / 20 ساڵی دیكە لەگەڵ داعش 

 

دوای ئەوەی سەرۆك ئەركانی سوپای ئامریكا باسی لە 20 ساڵی دیكە كرد بۆ بەردەوامی جەنگ لەگەڵ داعش، دەركەوت كە سیاسەتی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر دەوڵەت بچووكەكان و ئەوانەش كە بێدەوڵەتن، لەسەریانە 20 ساڵی دیكە ئارام بگرن و بەشداری لەو گەمەیە بكەن، جا بەشدارییەكە بە جەستە و خوێن بێت یان بە سەروماڵ بێت یان بە لەدەستدانی جوگرافیا و دەسەڵاتی سیاسی بێت، كەواتە دەركەوت گەمەكە پێویستی بەو ماوەیە هەیە كە داعش بمێنێت كە ئامانجە سیاسی و ئابوورییەكە گەرەكیەتی. 

ئەگەرچی سەرۆك ئەركانی سوپای ئامریكا باسی لە بنەبڕكردنی فكری داعش دەكات لەناوچەكە، بەڵام هیچ روون نییە كە فكری داعش كامەیە و مەبەست لە توندڕەوی ئیسلامی چییە، لەكاتێكدا كە داعش سەرباری ئەوەی درێژە پێدەری فكری قاعیدەیە و قاعیدەش درێژەپێدەری فكری ئیخوان و وەهابییە و ئەوانیش دیارن لەكوێوە سەریان هەڵداوە و چۆن گەیشتوونەتە ئەم ئاستە، بەڵام گریمان ئەو مێژووەمان لەداعش دوورخستەوە، لێرە دوو جۆر فكری توندڕەوی لەدژی یەكتر هەم ماكینەی راگەیاندنیان هەیە هەم لەدژی یەكتر هەریەكەیان سەر بەجەمسەرێكی سیاسی نێودەوڵەتین و هەم بەشرۆڤەی تایبەت خوێنی یەكتر حەڵاڵ دەكەن كە سەرەنجام ئینسان باجەكەی دەداتەوە، دواجار هەرچۆنێك بن داعش بەرهەم دەهێننەوە، كەواتە دەبێت 20 ساڵی تر ئێمە شاهیدی كوشت بڕین و كاولكاری و شەڕ و نەهامەتی بین لەناوچەكە. 

داعش تائێستا نە شوناسێكی دیاری ئاینی هەیە و نە شوناسێكی هەیە وەكو دەوڵەتێك یان قەوارەیەك لەناوچەكە، كەچی مومارەسەی دەوڵەت دەكات و بە نوێترین چەكیش شەڕ لەگەڵ ئەو هێزانە دەكات كەبەرەنگاری دەبنەوە، ئەمە دوو بەرچاو روونی پێشكەش دەكات، یەكێكیان ئەوەیە كە داعش پنتی سەرتایە و هەر پنتەش دەبێت كۆتایی بەسیناریۆكان بهێنێت كە هێزە نێودەوڵەتییەكان لەگرەوی مانەویدا گرەوی ئابووری و هەیمەنەی سیاسیش دەكەن، مەبەستم لەوەیە كە داعش هاوكاری باشی ئەو هەلومەرجەیە بۆ درێژە پێدان بەململانێی دژەكان كە بەشێكیان مێژوو و بەشێكیان كولتوور و بەشێكیان ئابووری هەنووكەیی سەلمێنەری واقیعەكەن، ئەو واقیعەی كە وەهمی نەتەوەیی و ئاینی و باوەڕی دروستكردووە. 

داعش بۆیە پێویستی بەو زەمەنە هەیە كە بۆ 20 درێژكرایەوە تەمەنی، چونكە هەم جەنگی داعش روون نییە لەدژی كێیە و بۆچی دەیكات و كەی و چۆن دانی پێدادەنرێ‌، هەم ئەوەیە كە لەخزمەت كۆمپانیاكانی چەكفرۆشی و تەلارسازیدایە، ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی كە گرەوی چاككردنەوەی كاولكاری جەنگیانداوە بەوەكالەتەكانی هەواڵگری لەلایەك، هەم ئەوەی كە تیمە سەربازییە رۆژئاوایی و ئەمریكییەكان لەرێگەی راهێنانی هێزە عەرەبی و كوردیەكان وەكو بزنس خۆیان بەرهەمدەهێننەوە، ئەمە لەبەرامبەر لێدوانی باڵیۆزی روسیایە كە چەك ناداتە هێزە نافەرمیەكان، تەنها لەرێگەی عیراق و سوریاوە نەبێت، كەواتە دەركەوت هێزە نێودەوڵەتییەكان كە خاوەن ڤیتۆن لەناوچەكە لەخەمی كۆمەككردنن بە قەیرانی ئابووری نێودەوڵەتی كە تەواوی رۆژئاوا و ئامریكای گرتۆتەوە و روسیاش گەرەكیەتی بەشی هەبێت لەرووی ئابووری و هەژموونی سیاسییەوە، كەوابوو راستە راستەڕێكردنی ناوچەكە بەخزمەتی جەمسەرە سیاسییەكانە، بۆیە پێویستی بەو زەمەنە هەیە تاكو قەرەبووی ئابووری و سیاسی بكاتەوە لەلایەك، هەروەها باڵانسی سیاسی رێكبخاتەوە لەلایەكی تر، ئەمەش رەوایەتی بە درێژەدان بەتەمەنی داعش دەدات بۆ تەمەنێكی لەخۆی گەورەتر.

  • 1