ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان لە بەرامبەر كۆچی دوایی كاك نەوشیروان مەستەفا بروسكەیەكی هاوخەمی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و بنەماڵەكەی كۆچكردوو نارد، بەمەش كارێكی باشیان كردو دەست خۆشەیان لێ دەكەم بۆچی؟

حزبی شیوعی كوردستان دێرینترین حزبی كوردستانەو سەرەڕای خەباتگێڕی و بەخشینی دەیان هەزار شەهیدە لەپێناوی گەل و نیشتمان، هەروەها ئەو حزبە بەردەوام هێزی سەرەكی تێكۆشان بووە لەپێناوی بنیاكردنی كولتوری لێبوردەیی و دیموكراسی و بەیەكەوە ژیانی ئاشتیانە لەنێوان جیاوازییەكان ئەمەش یەكێكە لە خەسڵەتە هەرە گرنگ و جوانەكانی حزبمان و هەروەها خاڵی جیاكەرەوەی شیوعییەكانیشە لەگەڵ خەڵكانی تر، نەوشیروان مەستەفا جگە لەوەی كەسی یەكەمی حزبێكی دیاری كوردستانە، هەروەها زیاتر لە پەنجا ساڵیشە یەكێك بووە لە كاراكتەرو كەسە دیارەكانی ناو بزاڤی سیاسی كوردستان و ناكرێت ئەمە نایدە بكرێت، لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەگەر بڕیاری باس لەو توندرەوی و توندو تیژیانە بكەین كە حزب و هێزە سیاسیەكانی كوردستان لەكایەی ململانێدا لەبەرامبەر یەكتریدا پەیڕەویان كردووە دەبێت ئەو باس كردنە لەسەر بنەمایەكی فیكری فەلسەفی سۆسیۆلۆژی بێت، واتا لەژێر رۆشنایی میتۆدە زانستیەكان باس لەو ململانێتی و توندوو تیژیانە بكرێت، نەك بەپێچەوانەوە، واتا ناكرێت رووداوە ناخۆشەكان وەكو حیكایەتی گوێی ئاگردان بگێردرێتەوە، بەڵكو دەبێت دیرلسەو شرۆڤەیەكی عەقڵانی بۆ بكرێت، نەك رووكەشانەو لەسەر بناغەی تۆڵە ئەو باس و مەسەلە ناخۆش و ئازار بەخشانە بوروژێنرێن لای من جوانترین چەمكی فیكری و فەلسەفی و مرۆیی كە مرۆڤ دایهێنابێت چەمكی لێبوردەییەو خراپترین چەمكیش كە مرۆڤ لەكایەی ململانێدا پەیڕەوی كردووە، تۆڵەیە دواجار دەڵێم هەرگیز زوڵم و رووداوە ناخۆشەكان لەبیر ناكرێن بەڵام دەبێت ئەو لە بیرنەكردنە لەسەر بنەمای دووبارە نەبوونەوەی ئەو كارەسات و رووداوانە بێت نەك بەكولاندنەوەی برین و سەر شاركردنی چەمكی تۆڵە.

بۆیە منیش وەكو هاوڕێیەكی حزب پرسەو هاوخەمی خۆم بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و خانەوادەی كاك نەوشیروان مستەفا دەردەبڕم و بەهیوام داهاتووی سیاسی و حزبایەتی لە كوردستان پڕ بێت لە تەبایی و ئاشتەوایی و بەیەكەوە ژیان و شانازیش بە حزبەكەم دەكەم كە بەدرێژایی مێژوو قوتابخانەی فیكری شۆڕشگێری و نیشتمانی و دیموكراسی و ئاشتەوایی بووە لە كوردستان پێویستە ئێمەی شیوعیەكان پێشرەوی خەبات بین لە پێناوی بیناكردنی ئەو كولتورەی كە راستی و ناڕاستی جوانی و ناشیرینی بەتەنها لەلای حزبێك و كەسێكی دیاری كراو نییە، بەڵكو هەموومان بەشدارین لە هەڵەو راستییەكان، بەڵام هەر حزبێكیش بە رێژەی خۆی.