ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(اخوان المسلمین) لەمیسر هەشتا ساڵ رووبەڕووی سەركوتكردن و توند تیژی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی میسر بوونەوە، نەزیندان و نەكوشتن و نەڕاوەدوونان لەداكۆكی كردن لەفیكری سیاسی و ئایینی ساردی نەكردنەوەو هەر بەپێوە وەستان، بەڵام دوای راپەرینەكانی بەشێك لەوڵاتانی عەرەبی كە بەناهەق ناویان نا (بەهاری عەرەبی) و لەهەقیقەتدا بەهاری ئیسلامییەكان بوو، هەر ئەو (اخوان المسلمین) تەنها یەك ساڵیش نەیتوانی لەگەڵ دیموكراسییەت هەڵبكات، چونكە دوای ئەوەی ئەو حزبە ئیسلامییە سیاسییە لەرێگای دیموكراسییەت دەسەڵاتی میسری وەرگرت هەر چەند رۆژێك (محەمەد مورسی) كەلەلایەن (اخوان) كرایە سەرۆكی میسرو كەوتە لێدانی فیكری دیموكراسی و مافە مەدەنی و ئازادییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی گەلی میسر.

واتا دیموكراسییەت ئەو پەیژەیەی كە ئیسلامییەكان پێیدا سەركەوتن بۆ سەر عەرشی دەسەڵات هەر لەلایەن خوودی خۆیان خەریك بوو ئەو پەیژە بشكێنن واتا رێك ئەو وتەیەی بیرمەندی عەرەب و ماركسی فالح عبدالجبار هاتەدی كە دەیگوت دیموكراسییەت چەكێكە بەدەستی ئیسلامییەكانەوە كە شەڕی خودی دیموكراسیەتی پێ دەكەن واتا ئیسلامییەكانی میسر كە دەیان ساڵ رووبەڕووی زیندان و كوشتن بوونەوە لەیەكەم تاقیكردنەوەی حوكمڕانی فەشەلیان هێناو محەمەد مورسی و هەزاران كەسی تریان خرانە زیندان.

ئەوەی ئەمڕۆش لەئێراندا دەگوزەرێت ئەگەر لەرووی واقیعی راپەڕینی گەل بێت لەپێناوی نان و ئازادی، ئەوە فاكتەرەكانی پشت راپەرینی گەلی ئێران فەشەلێكی تری ئیسلامی سیاسییە لە حوكمڕانی كردنی وڵات، ئەگەرچی لە ساڵی (1979)ەوە هێزێكی ئیسلامی سیاسی لە فۆرمێكی هەرە تەسكی مەزهەبی دەستیان بەسەر سەرجەم جومگە سەرەكییەكانی ئێراندا گرتووەو فیكرو ئایدولۆژیای مەزهەبیان كردەوە روانین و تێگەیشتن بۆ ماف و نان و ئازادییەكانی خەڵك، لە عێراقیش بەهەمان شێوە هەر دوای روخانی سەدام و رژێمەكەی ئیسلامی سیاسی لەهەمان فۆرمە مەزهەبیەكەی ئێران دەستی بەسەر عێراق گرت و سەرجەم كوچەو كۆڵانەكانی عێراقیان كردە شەڕی عەلی و معاویەو عومەر، پرسیار ئەوەیە چۆن لە قۆناغی پێشكەوتنی شارستانییەتی مرۆڤ لەهەموو روێكەوە ئیسلامی سیاسی توانی دەست بەسەر ئێرانی شاملۆو عێراقی ابی نواس و میسری (بخیب محفوز) دابگرێت و قەناعەتیش بەخەڵك بكات كە نوێنەری راستەقینەی ئەوانن؟ دڵنیام لە ئایندەیەكی نزیكدا ئیسلامی سیاسی شیعەگەرایی لە ئێران و عێراقیش بەهەمان مەرەدو چارەنووسی ئیسلامییەكانی میسر دەچێت، بەڵام داخەكەم لاوازی و بێ‌ بەرنامەی حزبە چەپ و دیموكراسی و ماركسییەكان ناتوانن ئەو بۆشاییە سیاسییە ئیدارییە پڕ بكەنەوە كە ئیسلامی سیاسی لەدوای خۆی بەجێی دەهێڵێت و هەر لاوازی ئەوانیشە یەك بەیەكی خەڵكی ئەو وڵاتانە دەڵێن ساڵ بەساڵ خۆزگەم بە پار.

  • 1