ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كە رژێمی توركیا دوور لەهەر جۆرە پابەندبوونێك بەیاسا نێودەوڵەتییەكان و بە پێچەوانەی هەموو پرەنسیپ و نەریتە ئەخلاقییەكان هێرشی بۆ سەر شاری (عەفرین)ی رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد، هەر دوای ئەوە موفتی ئاینی توركیا بەفەرمی فتوای جیهادی لەدژی كوردی رۆژئاواداو سوپای توركیاشی بە سوپای ئیسلام و شەركەر لەسەر ئاین و شكۆی توركیا ناوهێنا، بۆیەش داوای لە مەلاو سەرجەم ناوەندە ئاینییەكانی توركیا كرد بەهەر شێوەیەك پێیان دەكرێت بەچەك – پارە ماددی و مەعنەوی پاڵپشتی سوپای ئیسلام بكەن دژی (گومڕاو كافرە كوردەكان)!!

هەڵبەت یەكەم جار نییە كە نەتەوەی سەردەشت - تورك – عەرەب – فارس – لەهەر چوار وڵاتی ئێران - توركیا – سوریا – عێراق و ئاین بەكاردەهێنن و دەیكەنە چەك و ئامرازی شەڕكردن لەدژی گەلی كورد، خومەینی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران گوتی كێشەی كورد ئەوەیە ناویان لەقورئان نەهاتووە، سوریا چواریەكەی سەربازی ناردە كوردستان و بەبیانووی شەڕكردن لەدژی كوردە هەڵگەراوەكان لە (ئاین و عروبە) لەسەرەتای حەفتاكان شەڕی شۆڕشی ئەیلولی پێكردن.

تورك لەژێر ئاڵای ئاین و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیاتر لەچوار سەد ساڵ هەوڵی توانەوەو سڕینەوەی مۆرك و ناسنامەی نەتەوایەتی كوردیانداو ویستی لەناوی ببات، رژێمی بەعس بە ئایەتێكی قورئان (ئەنفال) ئەنفالی سەدان كوردی كردو لەبیابانەكانی عەرعەرو سعودیە زیندە بەچاڵی كردن، وا ئێستا رژێمی توركیاش بە چڵەزەیتونی ئاین لەعەفرین سیاسەتی كورد قڕان ئەنجام دەدات.

لەبەرامبەر ئەوەشداو وەكو وەڵامدانەوەیەكی موفتی توركیا وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی داوای لەگوتاربێژو مامۆستایانی ئایینی كرد كە رۆژی هەینی 27/1/2018 لەسەرجەم مزگەوتەكانی كوردستان نزاو پاڕانەوە بۆ (عەفرین) ی گەمارۆدراو بكەن و دوعای سەركەوتن بۆ خەباتگێڕانی كوردستان لەوشارەدا بكەن، جێگای خۆشحاڵییە بەشێكی بەرچاو لەگوتاربێژو پیاوانی ئایینی پابەندی ئەو بڕیارە بوون و گوتاری هەینی خۆیان تەرخانكرد بۆ داكۆكی كردن لە عەفرین، بەڵام بە داخەوە بەشێكی زۆریشیان وتارەكەیان بە بەرژەوەندی رژێمی توركیا ئاراستەكردو تەنانەت یەكێك لەو مەلایانە بەئاشكرا گوتی راستە شەر لەنێوان سوپای تورك و كوردە، بەڵام سوپای تورك موسڵمانەو كوردەكانیش عولمانی كافرن، هەڵبەت من دەست خۆشە لە وەزارەتی ئەوقاف و هەموو ئەو مەلا بەڕێزیان دەكەم كە لەئێستادا بەرگری كردن لە شاری عەفرین بەئەركی سەرشانی خۆیان دەزانن و ئەمەش رۆحییەتێكی بەرزی نیشتمانیە، هیواداریشم وەزارەت بەدواداچوون بۆ ئەو كەسانە بكات كەپابەندی بڕیاری وەزارەت نەبوون و بەڵكو دژیشی بوون.

  • 1