ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

   

(شیشیلە لە شان) گەنجێكی بەنگلادیشییە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا خەمی ژیان‌و ئازاری نەبوونی گەیاندییە كوردستان، كەس نەیدەزانی ئەو گەنجە دەرچووی زانكۆیە‌و نووسەر‌و شاعیرێكی بەتواناشە، بۆیە ئەو چەند ساڵەی لە هەرێمی كوردستان بوو وێڕای پەیداكردنی بڕێك پارە، هەروەها بە وێنەی كۆمەڵناسێك‌و گەنجێكی بە سەلیقە‌و وردبین بەشێكی زۆری بیرەوەرییەكانی ئەو چەند ساڵەی وڵاتەكەمانی یاداشتكردووە‌و وەكو ستونێكی رۆژنامەوانی لە رۆژنامەیەكی وڵاتەكەیدا بڵاوی دەكاتەوە. لە كوردستان مانگی ڕەمەزان ماناو بڕەوێكی زۆری هەیە، بەشی زۆر خەڵكی ئەو وڵاتە بە رۆژو دەبن، بیانوی بە رۆژوبوونەكەشیان ئەوەیە دەوڵەمەند و تێرەكان برسی و هەژاریان بەبیربێتەوەو بیكەنە دەرفەت و بۆنەیەك بۆ ئەوەی لەو مانگەدا لە چوار چێوەی سی رۆژدا هەمووان وەكو یەك برسی بن، بەڵام ئەوەی سەیرە كوردەكان لەو مانگەدا بەقەد هەر یازدە مانگەكەی تر نان دەخۆن، لەو مانگەدا سەدا هەشتای ئاژەڵ و پەلەوەر سەر دەبڕدرێن و ئێواران دەخرێنە سەر سفرەی بەربانگ شكاندن. هەر لە رەمەزاندا خەڵكی لە جیاتی ئەوەی لاوازبن قەڵەودەبن زۆرجار لەبەر خواردن نوێژو ئەركە ئاینییەكانی تریان لەبیر دەچێت، لەو مانگەدا ئەوەی نەخۆشی شەكرەو درێژخایەنی هەبێت هێندە گۆشت و شلەو برنج و شیرنەمەنی دەخوات یان دەمرێت یاخود لە پەلەوپۆ دەكەوێت و حەپ و تەپ جووڵەی نامێنێت، ئەوەی وەكو گوێزی هەورامانیش ساغە زۆریان تووشی قۆڵۆن و گوشاری خوێن و ئازاری گەدەو دوازە گرێ‌ دەبن، ئەو ماڵەی من تیایدا چایچی بووم كابرای خاوەن ماڵ سێ‌ حەجی كردبوو، سێ‌ ژن و هەژدە منداڵی هەبوو، جا لەوەش گەڕێین كە حاجی چەندە بەچاوێكی سووك سەیری منداڵەكانی دەكرد تەنانەت ناوی هەندێك لە منداڵەكانیشی لەبەر نەبوو. ئێواران نیوەی منداڵەكانی دەناردە سەربان بۆ ئەوەی بزانن مەلا بانگی دا یان نا، كاتی بەربانگ شكاندنیش ئەگەر جۆرەها گۆشت و شلەو برنج و سەوزەو میوە لەسەر سفرە دانەندرابا چی پاقڵاوە‌و گندۆرەو سەلكە تور هەیە دەیگرتە ژنەكانی، سەعاتێك بەرلە بانگدان لەبرسان داركاری یەك بەیەكی هەر هەژدە كوڕو كچەكەی دەكرد، ناوە ناوەش دەیگوت ژن زەعیفەو (ناقس العقلن). هەر لەو مانگەدا نرخی خواردەمەنی چەند قات بەرز دەبێتەوەو رەمەزان دەبێتە دەرفەتێك بۆ خۆ دەوڵەمەندكردنی فرۆشیارەكان، لەكاتێكدا سەرجەم فرۆشیارەكان خۆشیان بەرۆژون. جارێكیان لەمانگی رەمەزان كوڕی خاوەن ماڵەكە ناچاری كردم لەگەڵیا بچم بۆ دزینی گیسكێك، شەو هێنامانەوە گوتی رووەو قیبلە سەری ببڕە! گووتم بۆ ڕووەو قیبلە؟ گووتی لە شەریعەتی ئاینەكەماندا هەر ئاژەڵێك رووەو قیبلە سەر نەبڕدرێت گۆشتەكەی حەرام دەبێ‌!! منیش گووتم ئاخر گیسكەكە دز یارییە؟ گووتی قەیناكە شەریعەت بەڕێی خۆی و دزیش بەڕێی خۆی.

 

  • 1