ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

(شیشیلە لە شان) گەنجێكی بەنگلادیشییە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا خەمی ژیان ‌و ئازاری نەبوونی گەیاندییە كوردستان، بۆیە ئەو چەند ساڵەی لە هەرێمی كوردستان بوو وێڕای پەیداكردنی بڕێك پارە، بەشێكی زۆری بیرەوەرییەكانی ئەو چەند ساڵەی وڵاتەكەمانی وەكو ستونێكی رۆژنامەوانی لە رۆژنامەیەكی وڵاتەكەیدا بڵاوی دەكاتەوە.

مزگەوت لە كوردستان مێژووێكی دێرینی هەیە‌و بەشی زۆری كوردەكانیش شانازی بە مزگەوتەكانیان دەكەن، تا سەرەتاكانی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم مزگەوت لە ژیانی كوردەكان رۆڵێكی گرنگی هەبوو هەم ناوەندێكی ئایینی‌و هەم رۆشنبیری‌و كۆمەڵایەتیش بوو، زۆربەی شاعیر‌و گەورە ئەدیبانی ئەدەبی كلاسیكی كورد لە مزگەوت‌و تەكیە‌و خانەقاكان پێگەیشتوون‌و بگرە ئەو ناوەندە ئاینییانە لە دروستكردن‌و پێگەیاندنی شۆڕش‌و سەركردە شۆڕشگێڕەكان كاریگەری دیارییان هەبوو.

یەكەم كەسیش لە كوردەكان كە كچی خۆی ناردۆتە قوتابخانە، زانایەكی ئایینی كورد بووە بە ناوی (مەلای گەورەی كۆیە)، بەڵام دوای پەنجاكانی سەدەی بیستەم مزگەوت ئەو رۆڵە گرنگە لە دەست دەدات، دوای ئەوەی حزبایەتی لە كوردستان پەیدا دەبێت، ئیدی كۆمەڵگای كوردستان دابەش دەبێت بۆ سەر كۆمەڵێك یەكەی سیاسی‌و پیاوانی ئایینی‌و مزگەوتیش تێكەڵاوی دنیای سیاسەت دەكرێن‌و بگرە لەو ململانێیە سیاسییەی لە نێوان حزبەكان‌و چین‌و توێژە كۆمەڵایەتی‌و ئابوورییەكان دروست دەبێت دەرەنجام بەشێك لە مزگەوتەوكانیش دەكرێنە مینبەر‌و ناوەندی پەلاماردانی بیروباوەڕی دیموكراسی‌و پێشكەوتووخوازی‌و مافی مرۆڤ.

كێشەی كورد لە سەدەی بیستەم ئەوەیە خاوەن فیكر‌و ئایدیۆلۆژیا‌و سیاسییەكان هەرگیز ململانێی فیكری‌و مەعریفیان لەگەڵا یەكتری نەكرد، بەڵكو لەم بارەیەوە بە دوو شێوە مامەڵەیان لەگەڵا یەكتری كرد یان وەكو دوژمنی باوەكوشتەی سەیری یەكتریان دەكرد، یان لەسەر بنەمای سازش‌و موجامەلەی سارد كۆڕ‌و كۆبوونەوەی گەرم دەكرد، بۆیەش سڕكردن‌و نەبوونی ئەو ململانێیە وایكرد رەوڕەوەی بەرەوپێش چوونی كورد بەپێی پێویست بەرەوپێش نەچێت‌و هەر ئەوەش وایكرد ئایین لە فۆڕمی ئیسلامی سیاسی‌و توندڕەوی گەشە بكات، بەمەش ناوەندە ئاینییەكان لە فێرگەی پێگەیاندنی نالی‌و جزیری‌و مەولەوی، بوونە شوێنی هات‌و هاوار‌و پەلاماردانی فیكری پێشكەوتووخوازی‌و بەها مرۆییەكان، جاران خەڵكی روویان لە مزگەوتەكان دەكرد وەكو ماڵی خوا، ئێستا بەشی زۆری مەلایەكان كە دابەش بوونە بەسەر حزبەكان ئەو ماڵەیان كردووە بەهی خۆیان‌و لە وتاری هەینیدا چۆن لە بەرژەوەندی سیاسی حزبەكانیان بێت ئەوە دەڵێن.

لە ئێستاشدا بەشێك لە ناوەندە ئاینییەكان كە جاران ناوەندی بەهەرمهێنانی رۆشنگەری بوون، ئێستا مرۆڤێك دروست دەكات كوردبوون بە گوناهی كبیرە دەزانێت.

  • 1