ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(6)

(شیشیلە لە شان) گەنجێكی بەنگلادیشییە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا خەمی ژیان و ئازاری نەبوونی گەیاندییە كوردستان، بۆیە ئەو چەند ساڵەی لە هەرێمی كوردستان بوو وێڕای پەیداكردنی بڕێك پارە، بەشێكی زۆری بیرەوەرییەكانی ئەو چەند ساڵەی وڵاتەكەمانی وەكو ستونێكی رۆژنامەوانی لە رۆژنامەیەكی وڵاتەكەیدا بڵاوی دەكاتەوە.

ئێمە بەنگلادیشی گەورە و بچووکمان، ژن و پیاومان خوێندەوار و نەخوێندەوارمان شانازی بەناو و مێژوو و سەروەرییەکانی وڵاتی خۆمان دەکەین، کەس جورئەتی ئەوەی نییە بەچاوتی بێڕێزی و کەمتەرخەمی سەیری سونبوڵ و ڕەمز و شارستانیەتی ڕابردوو و ئێستای بەنگلادیش بکات. بە خراپ ناوهێنانی گەل و نیشتمان و زمان و کولتوور و جوانییەکان هێڵی سوورە-کەچی لە کوردستان بەشێکی دیاری خەڵکی بەتایبەت سیاسی و کادیری حزبەکان زۆر بە کەمی باسی نیشتمان و نەتەوە و ڕەمز و ڕابردووی خۆیان دەکەن، ئەوەی بەتوندی و بەتۆخی بەوپەڕی توندڕەوی گرتوویانە و باسی دەکەن حزبایەتی بەرتەسک و ململانێیە لەسەر شتە لاوەکی و کەم بایەخەکان، بەشی زۆری کوردەکان حەز و ئارەزوویان بۆ زانیاری لەبارەی ڕابردووی وڵاتەکەیان لە ئاستێکی یەکجار نزمدایە. دەرچووی ناوەندە ئاینییەکانن، بەڵام هیچ لەبارەی خانی و مەولانا خالید و شێخ مارف و جزیری نازانن، دەرچووی کۆلێژی ئاداب بەشی زمانن، نازانن ستوونێکی ڕۆژنامەوانی بە زمانێکی ڕاست و پاراوی کوردی بنووسن و لە شوێنە فەرمییەکانیش بە زمانێکی شەق و پەق و لاوازی کوردی قسە دەکەن، نەک هەر ئەوە، بەڵکو لەو (٢٧) ساڵەی حوکمڕانی خۆماڵی خۆیان، لەجیاتی ئەوەی هەوڵی بەهێزکردن و بوژاندنەوەی کولتوور و زمان و فەرهەنگی خۆیان بدەن و مێژووی سەروەرییەکانیان بە نەوەی نوێ بڵێنەوە، هەڵمەتێکی گەورەیان دژی زمان و کوردبوون و سونبوڵ و ڕەمزەکانی خۆیان دەست پێکردووە.

لای ئەوانەی سەرکردایەتی ئەو هەڵمەتە دەکەن، کردنەوەی ئاگری نەورۆز گوناهێكی گەورەیە، ناونانی کوردی لە منداڵەکانیان بەدژایەتی کردنی ئاین وێنا دەکەن، حزبە عەلمانییەکانیان سەد و هەشتا پلە پێچەوانەی پرەنسیپ و فیکری عەلمانی ڕەفتار دەکەن.

لەناوەندە حزبی و سیاسی و ئاینی و میدیاییەکان، کەس باسی خۆشەویستی نیشتمان و نەتەوە ناکات و ئەوەی گەرمە لەو ناوەندانەدا، یەکتری شکاندن و شێواندنی وێنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی حزبەکانە و لەگەڵ خۆیشیان ڕابردووش وێران دەکەن. 

بڕوا بکە منی بنگلادیشی سەرم لەوە سوڕما بوو چۆن دەکرێت نەتەوەیەک ئەو هەموو تراژیدیا و کارەساتەی بەسەرهاتووە ئاوا ڕقیان لەیەکتر بێتەوە، زۆرجاریش گومانم لەوە دەکرد کە کورد نەتەوەیەکیش بێت کە هەڵەبجە و ئەنفالی بەسەرهات بێت.

 

  • 1