ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(7)

(شیشیلە لە شان) گەنجێكی بەنگلادیشییە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا خەمی ژیان و ئازاری نەبوونی گەیاندییە كوردستان، بۆیە ئەو چەند ساڵەی لە هەرێمی كوردستان بوو وێڕای پەیداكردنی بڕێك پارە، بەشێكی زۆری بیرەوەرییەكانی ئەو چەند ساڵەی وڵاتەكەمانی وەكو ستونێكی رۆژنامەوانی لە رۆژنامەیەكی وڵاتەكەیدا بڵاوی دەكاتەوە.

كۆمەڵگای كوردستان تا ئاستێكی زۆر كۆمەڵگایەكی سادەیە، هەر بۆیەش بەشێوەیەكی سەرپێی و راگوزارانە بەلای رووداوە گەرم و گوڕەكاندا تێپەڕ دەبێت، من زۆر بە كەمی نەبێت كەم كەسم بینیووە لە كوردستان بچێتە ناوی هەناوی رووداو شتە گەورەكان و بگرە وەكو یاریزانی سەربەفر بەسەر پشتی واقیعدا خەریكی هەڵخلیسكانێیە، ئەوەی بەلامەوە زۆر سەیربوو ئەوە بوو خەڵكی گوندەكانیان زۆر لە خەڵكانی ئەكادیمی و نووسەرو بەناو رۆشنبیرەكانیان كراوەتربوون و واتا خەڵكی نەخوێندەوارو گوندنیشی و ئەوانەی خاوەن هیچ جۆرە بڕوانامەیەكی خوێندن نەبوون، لەپەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و بیركردنەوەو هەڵسوكەوت شارستانیانە، زۆر لەخاوەن بڕوانامە گەورەكان باشترو كراوەتر بوون، من وەكو بەنگلادیشیەك مۆركی جوانی و مرۆڤ دۆستی و هەستی بەرزی ئینسانی و غەریب دۆستیم زیاتر لە خەڵكی گوندو نەخوێندەوارەكان دەدیت، نەك خەڵكی شارەكان بۆیەش دەبینین شوێن و چەقی گەشەكردن و بەهێزی حزبە ئیسلامییەكان شارەكانن نەك گوندەكان، مۆرك و رەهەندی كورد بوون و شانازی كردن بە ماهییەت و كەلەپوورو رابردوو زیاتر لای گوندنشییەكان بەدی دەكراو شادو شارییەكانی كوردستان بەشی زۆریان خاوەنی ناسنامەیەكی روونی خۆیان نین و بگرە شارەكانیان لەناو كولتوری فەوزاو نارۆشنی بێ بەرنامەیی خەریكە دەخنكێن تاكە سیماو رەهەندێك كە بە شارەكانی كوردستانەوە وێنەی شاربوون بنوێنێت، قەڵەباڵخی خەڵك و زۆری ئۆتۆمبێلەكانە دەیان سەندیكاو گروپ و رێكخراوی مەدەنی بەناوی نوێنەرایەتی كردنی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا لە شارەكاندا هەن، بەڵام بەحیساب بەرگری لە ماف و ژیانی ئەو چین و توێژانە بكەن، بەردەوام خەریكی كۆبوونەوەو كۆنفراس و گەشت و گوزارن بۆ دەرەوەی وڵات.

رۆژێكیان گۆنگرەی ئەكادیمی و رۆشنبیران و ئەهلی قەلەم بوو، هۆڵی كۆنگرە جمەی دەهات لە دەوڵەمەندو بەرپرسی سیاسی و دەست رۆیشتووەكانی شار، بەڵام بۆ دەرمانیش تاكە نووسەرو رۆشنبیرێكم لەو هۆڵەدا نەبینی، تەنانەت مەجید چاو زەق كە من لە ماڵەكەی چایچی بووم ئیمزای خۆی نەدەزانی كەچی داوەتی سیمینارەكە كرابوو و لەریزی پێشەوەش كورسی تایبەتی بۆ دانرابوو، سیمینار دەستی پێكرد مەجید چاو زەق بانگی كردم و گوتی ها ئەوە پێنج سەد دۆلار بدە كابرای لاقیتە بەدەست و پێی بڵێ با هاوار بكات مەجید چاو زەق یەكە یەكە رۆڵەی شێرانە ماڵی خۆی نایەتە پێش چاوان منیش گووتم قوربان ئەمە سیمینارە نەك ئاهەنگ؟ گوتی بەنگلادیشی زۆری مەڵێ ئەتو بڕۆ بەس دۆلاری نیشان بدە سیمینارو مینیماری بەبیر نامێنێت.

 

  • 1