ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

حزبی شیوعی كوردستان بەشێكی یەكجار گرنگی بزوتنەوەی نیشتمانی و نەتەوایەتی و دیموكراسیخوازی گەلی كوردستانە، حزب لە پێناوی بەدەستهێنانی هەریەك لەو مافانە كاروانی خەباتێكی سەختی بەڕێ‌ خستووەو بەسەرپشی مەرگ و بەتونێلە تاریك و سەخت و دژوارەكاندا رووەو ئەم ئامانجانە قوربانییەكی گەورەی داوە، حزبی شیوعی كوردستان شان بەشانی تێكۆشان لەم مەیدانەدا، هەروەها حزبێكی چینایەتیش بووە، واتا حزب هەرگیز مەسەلەی نیشتمانی و چینایەتی و كۆمەڵایەتییەكانی لەیەكتری جیانەكردۆتەوە، خەبات بۆ بەرگری كردن لە مافی مرۆڤ و چەسپاندنی ئازادیە گشتی و تاكییەكان و یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی بەستۆتەوە بە ستراتیژی مەسەلە نیشتمانییەكان، ئێمەی شیوعیەكان پێمان وابووەو هەرواش دەبێت، نیشتمان كاتێك ماناو قورسایی مەعنەوی دەبێت، نیشتمان كاتێك لەسەر زەین و قەناعەتی یەك بەیەكی تاكەكانی كۆمەڵگا دەبێتە سایەو سێبەرو مالێكی كۆمەڵایەتی، كە دیموكراسیەت تیایدا بەرقەرار بێت، مافی مرۆڤ پارێزراوبێت، داهات و سامانی گشتی بۆ هەمووان وەك یەك بێت، دڵسۆزی و پسۆڕی و بەرپرسیارێتی پێوەربێت بۆ مرۆڤ نەك تەزكیەی حزبی و بەحزبكردنی هەموو دام و دەزگاو كایەكانی كۆمەڵگا، كەخوێكی ناشیرینی سیاسی حزبەدەست رۆیشتووەكانی كوردستان بوو لە بیست و حەوت ساڵی رابردوو.

ساڵی (1992)ش كە پڕۆسەی هەڵبژاردن و پەرلەمان وەكو دامەزراوەیەكی یاسایی و شەرعیەتی نیشتمانی و وەكو بەشێك لە دنیای مۆدێرنە لە كوردستان دەست پێدەكات، شیوعییەكانی كوردستان لە هەموو خولەكانی پەرلەمانداو هەر هاوڕێیەكمان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووبێت، بەو پەڕی وەفاداری و ئەمانەتی مێژوو و دڵسۆزانە نوێنەرایەتی گەلی كوردستانیان كردووەو پەرلەمانیان كردۆتە مینبەرو سەكۆی بەرگری كردن لە مافە دەستوری و كۆمەڵایەتی و چینایەتی و مەدەنیەكانی كۆمەڵانی خەڵك، بۆیە دەنگدان بە لیستی ئازادی و كاندیدانی حزبی شیوعی كوردستان لەم خولەدا دەنگدانە بەو مرۆڤانەی كە خۆیان و حزبەكەیان جوانترین و راستگۆترین تیپی مێژوون بەرامبەر گەل و نیشتیمان و رەنجدەرانی بیرو بازوو.

  • 1