ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بیرەوەری بەنگلادیشیەك كە چەند ساڵێك لە كوردستان بووەو ئێستا گەڕاوەتەوە وڵاتی خۆی

كاكە سور دراوسێی ئەو ماڵە بوو كە من تیایدا چایچی بووم، ئەو پیاوە تابڵێی ئێسك سووك و بەڕێزو كراوە بوو، تابڵێی سەحنی تەبع و خۆنەویست و دڵسۆز بوو بۆ هەموو كەس، وابزانم یەكێكیش بوو لە شۆڕشگێڕە دێرینەكان، منی بەنگلادیشی هەرگیز ئەو رێزو چاكەیە لە بیر ناكەم كە ئەو پیاوە بۆ منی هەبوو، پاڵپشتی و رێزی ئەو بۆ من بە ئەندازەیەك بوو، كەوای كردبوو من هەرگیز هەست بە پەناهەندەیی و غەریبی نەكەم لە كوردستان، كاكە سور تابڵێی قسەخۆش و نوكتەچی بوو، هەركەسێك بیناسیبا دەبووە سایەو سێبەر بەسەریەوە، كەچی هەستم دەكرد بەدەگمەن نەبێت خەڵكی كوردستان خۆشیان ناوێت!! لەوەش سەیرتر دواتر برادەرە نزیكەكانیشی پشتیان تێكرد، رۆژێكیان كاكە سورم لەبەر دەرگای ماڵەكەی بینی روخساری كە هەمیشە سوری دەنواند لە خەمباریدا هەلێزركابوو، گوتم كاكە سور خەمباری؟ گوتی چۆن خەمبار نەبم، ئێستا من درەختێكم و سێبەری خۆم راوی ناوم، منیش گوتم بۆ؟ گوتی حەسرەتی ئەوەمە منیش نازانم بۆ؟ بەپڕ بەدەم هاوارو هوتاف كێشان خەڵكێكی زۆر بەرەو لای ئێمە هاتن هەموو هاواریان دەكرد:- كاكە سور كاكە سور ئەتۆ ئەتۆ لەم شارە زیادی بڕۆ بۆ ئەو دیو سنور.

كاكە سور تۆ نەزانی لێرەدا كوجا مەرحەبا عەدالەت و یەكسانی.

كاكە سور تاوانباری تێكدەری گوندو شاری بووی بەمایەی ئاژاوە هێندەت گوت وەفاداری، دواتر باش بوو ریش سپی گەڕەك فریای كەوتن و (كاكە سور) یان ئاودیو سنوركرد، دوای نەمانی ئەو پیاوە شار رێزو ئاوەدانی و رووناكی تیایدا نەما، بەداخەوە دواتر بیستم ئەو مرۆڤە جوان و بەخشندەیە لە هەندەران و لە باوەشی غوربەتیدا سەری ناوەتەوە، بیستیشم مەلا تەلقینیی نەدابوو.

چونكە گوتبووی مردوو تەلقین دەدرێت! خۆی كاكە سور هەرگیز نەژیاوە چۆن بڵێن مردووە؟

  • 1