ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یەکێک لە سەیروسەمەرەکانی کوردستان بەرپرسە سیاسییەکان بوون، بڕوام پێبکەن منی بەنگلادیشی ئەوەندە حیکایەت و شتی عەنتیکە لەبارەی بەرپرسەکانی ئەو وڵاتە دەزانم سەر بەقوڕ و پیرەژنی حەوت کوڕ کوژراو دێنێتە پێکەنین، ئەوانەی لە کوردستان دەکرێنە بەرپرس، پۆستەکانیان وەکو ماف بەرکاردەهێنن نەک وەکو ئەرک، واتا وەرگرتنی پۆست لای ئەوان مافە نەک ئەرک، بۆیەش هەرکە دەستیان لە پۆستەکەیان گیر دەبێت، لەماوەیەکی کەمدا بەر لەهەموو شتێک زگیان گەورە و شەویلاکیان لە زۆر خۆریدا ئەستوور دەبوو، دواتر لە گەڕەک باریان دەکرد و ژمارەی مۆبایل و تەنانەت بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە و خەڵک ڕوویان لێ نەنێت ڕەنگی پرچ و سمێڵیشیان دەگۆڕی، دواتر بەدزی ژنی دووەمیان دەهێنا و بۆ خزمەتکردنی خۆیان و ماڵ و منداڵیان ئێمەی بەنگلادیشیان وەکو کۆیلەی مل بەتۆق دەکردە خزمەتکار، زۆری بەرپرسەکانی کوردستان لە تەلەفزیۆنەکان ئەوە دەڵێن کە خەڵک پێی خۆشە، بەڵام خۆشیان ئەو شتە دەکەن کە خۆیان پێیان خۆشە، لە ترافیک لایت ناوەستن، نەک لەسەر کردەوە خراپەکانیان نادرێنە دادگا، بەڵکو بۆ ژن مارەکردنیش ناچنە دادگا، دەبنە وەزیر و ئەندام پەرلەمان کەچی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان لەخەڵکی هەژار و مافخوراو بەگلەیی ترن.

حەمە ژیکەڵە پیاوێکی قسەخۆشی گەڕەکەکەمان بوو، رۆژێک پێی گوتم شیشلە شان جاران ئێمەی هەژار و دەستکورت تەنیا رەخنە و گلەییمان لەسەر وەزعی خۆمان بەدەستەوە بوو، ئێستا بەرپرسەکان وەکو ئێمە گلەیی دەکەن و ئەویشیان لێ ستاندین، لە کوردستان زۆربەی بەرپرسەکان کە بەرپرسیارێتی گرنگیشیان هەیە لەبەرانبەر کێشە و داوای خەڵک بەرپرسیارێتی ناگرنە ئەستۆ، بەڵکو دەیخەنە سەرشانی خەڵکی تر و لەبەردەم ڕای گشتیدا خۆیان وەکو هاووڵاتییەکی ئاسایی نیشان دەدەن، کوڕی بەرپرسەکان لە شەقام و شوێنە گشتییەکان بە ئۆتۆمبێلی مۆدیل نوێ بەپێچەوانەی یاساکانی هاتوچۆ دەرۆیشتن، خەڵکی هەر باڵەخانەیەک و شتێکی جوانیان بدیتبا، یەکسەر دەیانگوت دەبێ هی چ بەرپرسێک بێت، بەداخەوە زۆر لە بەرپرسەکانی کوردستان گاڵتەیان بەسەربەخۆیی کوردستان دەکرد و پشتیان لە گەل و نیشتمان دەکرد و ڕووەو پەرستگای پارە نوێژیان دەکرد.

  • 1