ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەكوردستان ناوەندێك هەبوو بەناوی بەرگری كردن لە مافی باڵندە و ئاژەڵان، سەرەتا زۆر دڵم خۆش بوو بەو ناوەندە. هەڵبەت پارێزگاریكردن لە مافی ئاژەڵ و باڵندە یەكێكە لە هێما هەر دیارەكانی پێشكەوتن و شارستانییەتی هەر گەل و وڵاتێكە، هەر لە كوردستان بەشی ژینگە پارێزی هەبوو، ئەویش ژمارەیەكی زۆر پۆلیسی هەبوو كە لەسەر گرد و یاڵ و ناوچە شاخاوییەكان بارەگایان بۆ كردبوونەوە، ئەوەی سەیر بوو ئەو پۆلیسانە بەشی هەرەزۆریان چەكیان پێ نەبوو. لەكاتێكدا ئەوانەی دەچوونە ڕاوە ئاژەڵ و باڵندەی كێوی چەكداربوون و چەكی مۆڵەت پێدراویشیان پێ بوو، بۆیە زۆرجار كە پۆلیسەكانی ژینگەپارێزی دەیانویست رێگری لە ڕاوكردن بكەن ڕاوچییەكان بەچەك ڕووبەڕووی پۆلیسەكان دەبوونەوە، رۆژێكیان لەدەرەوەی شار ژمارەیەك پۆلیسی دارستان و ژینگەپارێزم بینی هەڵدەهاتن، منی بەنگلادیشی كە بۆخۆشی چووبوومە دەرەوە لەپۆلیسەكانم پرسی بۆچی ڕادەكەن؟ گوتیان ڕاوچییەكان بە تەقەی تفەنگ بەدوامان كەوتوون، واتە هەركاتێك ڕاوچییەكان چووبانە هەرناوچەیەك پۆلیسی ژینگەپارێزیش شانبەشانی ئاژەڵ و باڵندە لەترسی گیانی خۆیان ڕایان دەكرد.

یەكێك لە بەرپرسەكانی بەرگری كردن لە مافی باڵندە و ئاژەڵان ناوی سمە ڕاوچی بوو، ئەو پیاوە خۆی لە هەموو شوێنێك دەیگوت زیاتر لە هەزار ئاژەڵی جۆراوجۆرم كوشتووە، ڕاوی هەزاران باڵندەم كردووە، هەر سمەڕاوچی بەوە بەناوبانگ بوو كەلەكاتی سێرەگرتن لە زیندەوەرەكان گوللەی بەخەسار نەدەڕۆشت، رۆژێكیان ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی سمەڕاوچی بەرپرسی بوو بەبۆنەی رۆژی ئاژەڵ و باڵندەكان پێشەنگایەكیان كردەوە، منیش چووم، كە گەیشتمە ئەوێ هەر حەپەسام، چونكە سەراپای دیوارەكانی هۆڵەكە بە كەوڵ و پێستی سمۆرە و ڕێوی و دەڵەك و مامز و كەروێشك و قازو قومری و چۆلەكە و تاوس و كۆتر پڕكرابۆوە، كەچی لەسەر دیواری هۆڵەكە بەگەورەیی نوسرابوو بەرگری كردن لە مافی ئاژەڵ و باڵندە ئەركمانە.

  • 1