ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زۆر دەمێكە گوتوویانە سیستەمی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵات، زۆرجار لەجیاتی بێ‌ دەنگكردنی خەڵك بێ‌ نرخكردنی دەنگی خەڵكی كردۆتە ستراتیژی، واتە ئەو دەسەڵاتە كە بۆی نەگونجێت و زەمینەی ئەوەی بۆ نەڕەخسێت لە ڕێگای ئامرازەكانی كۆنترۆڵ كردن و سەپاندنی كایەكانی هێز جەماوەر بێ‌ دەنگ بكات، ئەوا هەوڵی لاوازكردن و بێ‌ ماناكردنی هەموو ئەو پرۆژە و میكانزم و جومگانە دەدات كە ڕۆڵی سەرەكی دەبینن لە هێنانەكایەی گۆڕانكاری بنەڕەتی و بە مەدەنیكردن و بە دیموكراسیكردنی كایە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئیدارییەكان، ئەوە بۆیەش دەیان ساڵە پرۆسەی هەڵبژاردن لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و چەندین وڵاتی تری جیهان بەڕێوە دەچێت و هەر چوار ساڵ جارێك چەندین حزب و سەركردەی سیاسی خۆیان دەخەنە بەردەم مەحەكی ڕای گشتی جەماوەرەكەیان و بەدەنگی ئەوان جڵەوی حوكمڕانی وڵاتەكەیان دەگرنە دەست، بەڵام هەر لەو وڵاتانەشدا پرۆسەی بەمەدەنیكردن و بە عەقڵانیكردنی ململانێی سیاسی نێوان حزب و پێكهاتە جیاجیاكان نەك هەر سستە، بەڵكو وەكو نەبووش وایە، بیرمان نەچێت هەڵبژاردن كاتێك سەنگ و مانا و كاریگەری دەبێت، كە كۆمەڵگا خاوەنی ئاستێكی بەرزی هۆشیاری بێت و هەر لە چوارچێوەی ئەو كۆمەڵگایەشدا پێویستە كە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و ئەوانەی پێیان دەگوترێت گرووپی فشار، لەسەر بنەمایەكی ئازاد و تۆكمە و خاوەن دیسپلین خۆیان ڕێكخستبێت و لە نێوان كۆمەڵگا و دەسەڵاتەدا سەربەخۆیی ڕێكخراوەیی خۆیان بپارێزن و ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا و لەوێشەوە بنەمای گوشار بەسەر حكوومەت بۆ جێبەجێكردنی كارنامە و خزمەتكردن بە كۆمەڵگە، چونكە ئەگەر كۆمەڵگا هۆشیاری و تێگەیشتنی لە ئاستێكی بەرزدا نەبوو، هەروەها ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی سەربەخۆ و چالاك نەبوون، ئەوا هەڵبژاردن جگە لە چاوبەستەكی و شێواندنی هۆشیاری كۆمەڵ و گاڵتەجاڕییەكی سیاسی هیچ مانای تر ناگەیەنێت و هیچ كاریگەرییەكی بچووك و سادەشی نابێت بەسەر ڕەوتی ژیان و هەنگاو پێ نانی چین و توێژەكانی كۆمەڵ ڕووەو پێشەوە، نەك هەر ئەمە بەڵكو ئەگەر ڕژێمە دكتاتۆرەكانی ئەو وڵاتانە لەڕێگای ڕاپەرینی جەماوەریش بڕوخێن هیچی باش لە شوێنیان شین نابێت، ئەی ئەوە نییە گەلانی تونس و میسر و یەمەن و سوریا و عێراقیش بەشە عەرەبییەكەی هەزار خۆزگە بەسەردەمی زین ئەلعابدین و موبارەك و عەلی عەبدوڵا ساڵح و ئەسەدۆو سەدام دەخوازن، ئاخر عەرەب لە بەهاری عەرەبی دەیان كۆشكی زۆرداریان ڕووخاند، بەڵام نەیانتوانی تاكە یەك ماڵیش ئاوەدان بكەنەوە.

  • 1