ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چەند ساڵێك بەر لە ئێستا (محەمەد ئەلبوعەزیزی) كاسبكار لە وڵاتی تونس لەدەست خەم و ئازاری نەبوونی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ئەو هەواڵە بەوێنەی ئاگر بەربووە پوش و پەڵاشی حكوومەت و دەسەڵاتدارێتی (زین ئەلعابدین)ی سەرۆكی توونس و سەرەنجام لە ژێر گوشاری ناڕەزایی و ڕاپەرینی گەلی ئەو وڵاتە سەرۆك ڕای كرد و حكوومەتەكەشی ڕووخا، هەر ئەو وەرچەخانە سیاسییەی كە لە تونس ڕوویدا بوو بە سەرەتایی دەست پێكردنی ڕاپەڕینی بەشێكی زۆر لە گەلانی وڵاتانی عەرەب و كە بەناهەق ناونرا بەهاری عەرەبی.

دواتر لەسەر داڕ و پەردووی داڕووخاوی دەسەڵاتی (زین ئەلعابدین) جاڕی هەڵبژاردن درا و ئیسلامییەكانی ئەو وڵاتە دەنگی یەكەمیان بەدەستهێنا و پەرلەمان و حكوومەتی زۆرینەیان دروستكرد، هەر ئەو حزب و سەركردە سیاسییانەی كە سەركردایەتی ڕاپەڕینی گەلی تونسیان كرد بەشداری حكوومەت و سیستەمی حوكمڕانی نوێیان كرد.

چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا گەنجێكی (تونس) لە وڵاتەكەی خۆی لە ژێر باری سەختی ژیان و ئازاری نەبوونی بەناوی (رزقی) ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و ئەویش خۆی سوتاند.

مایەی ڕامانێكی قووڵ و هەڵوەستەكردنێكی مەعریفی و فەلسەفییە كە چی ئەم فاكتەرانەی لە پشت دووبارەكردنەوەی یەك ڕووداوی هاوشێوەن لە دوو قۆناغی سیاسی و لە ژێر دوو سیستەمی حوكمڕانی جیاواز؟ یەكەمیان گوتیان دكتاتۆرە و گەلی تونس لەدژی ڕاپەڕی و دووەمیان گوتیان مادام بەهەڵبژاردن و ڕای گشتی حوكمڕانی وەرگرتووە دیموكراسییە!!

ئایا فاكتەرەكانی پشت ئەو دوو ڕووداوە چین؟ دووبارە كردنەوەی مێژووە كە ماركس سەد ساڵ بەر لە ئێستا باسی كردووە و گوتویەتی كە مێژوو خۆی دووبارە كردەوە یان كۆیلەی یان تراژیدی دەبێت؟

یان گەلانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانای دروستكردنی وەچەرخانی چۆنایەتی و گۆڕانكاری گەورەی نییە ڕووە و كرانەوەی نوێگەری و دیموكراسیەت؟

من لەگەڵ فاكتەری دووەمیان تەبام و كۆكم بۆ تێگەیشتن لەهەر دیاردە و ڕووداوێك پێویستە خۆمان لە عاتیفە دوور بخەینەوە و پەنجە بخەینە سەر برین، دەبێت دان بەوەدا بنێین كەلتووری فیكر و سیاسی و كۆمەڵایەتی وڵاتانی عەرەبی ئاین و سەلەفییەكی كۆمەڵایەتی تانوپۆی داڕشتووە و هەناسەی لێ بڕبوە، ئەمەش نەك بۆ خۆیان بۆ كورد و نەتەوەكانی تریش بۆتە مایەی بەڵا و كارەسات نووسەرێكی عەرەب دەڵێت سەلەفیەتی سیاسی و فیكری و عەرەبی بە فۆرمە ئایینی و مۆدێرنەكەی دەڵێت ناگۆڕێم و لەوەش مەترسیدارتر دەڵێت نابێت دنیاش بگۆڕێت.

  • 1