ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قوماندار بڕیاریدا بەرپرسێك بۆ بەڕێوەبردنی دەڤەرەكەمان دابنێت، مەرجی قومانداریش تایبەت بەو مەسەلەیە ئەوە بوو، كە بەرپرسەكە بەناوی سەرۆكی ئەنجوومەنی ڕاستگۆیانی دەڤەر بێت و لەڕێگای دەنگدانی دانیشتووانی سنورەكەش ئەو پرسە دابنرێت. هەسەتم كرد قوماندار بۆیە بڕیاریدا ئەوە بكات، چونكە چەندین ساڵ بوو درۆ خەریك بوو كونی چاوی مرۆڤی دەردەهێنا و وای لێهاتبوو خەڵكی ڕاستگۆی هێندە كەم ببووەوە، ڕاستگۆیی بوو بوو بە عەیبەیەكی گەورە، یان ئەگەر كەسێك درۆی نەكردبا و بۆ ڕایی كردنی ئیشی ڕۆژانە و دابینكردنی ژیانی خۆی پەنای بۆ درۆ نەبردبا، برسییەتی لەپەلوپۆی دەخست. فەتۆ و قشتۆ بڕیاریاندا خۆیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كاندید بكەن، فەتۆ تاكو درۆ هەبووایە ڕاستی نەدەگوت و خۆشی چەندین جار لەناو خەڵكی گوتبووی چێژ لە درۆ وەردەگرم و پێشم شك نایەت لە ژیانم ڕاستییم گوتبێ، بەڵام قشتۆ كوڕێكی ژیر و لەسەر خۆبوو، هێندە ڕاستگۆ بوو، خەڵكی دەڤەر دەیانگوت قشتۆ هی ئەوەیە نوێژ لەسەر دامێنی بكرێت، قشتۆ هێمای ڕەوشتی جوانی و ڕاستگۆیی و ئاوەدانی بوو، ئەگەر قشتۆ ڕۆژێك دیار نەبووایە، دەڤەرەكەمان وەكو ئاشی ئاو لێبڕاو وابوو، هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستی پێكرد، فەتۆ یەك بەخۆی هاواری دەكرد، نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لەخوانە، هاواری دەكرد ئەگەر ببمە بەرپرسی ڕاستگۆیان ئی خۆم بۆ خۆم و ئی خەڵكیش دەخۆم، هەڵبژاردن كرا و فەتۆ بەڕێژەیەكی یەكجار زۆر دەنگ بوو بە پێشەوایی ڕاستگۆیان، ڕۆژی دواتر فەتۆ تەواوی دانیشتووانی ناوچەكەی كۆكردەوە و ڕووی لە ئاپۆرای خەڵك كرد و گوتی: خەڵكینە من پاڵەوانی سەركەوتنیشم بەسەر كارەساتەكان، بۆ نموونە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست كە لە گەشتێكی ئەمریكا دەگەڕامەوە، فڕۆكەكەمان تێكچوو بە پەڕەشوت خۆم فڕێدا و لەناوەڕاستی دەریا كەوتمە خوار!!

شینە هاواری كرد فەتۆ تۆ مەلەوانی نازانی و لەمستێك ئاو دەخنكێی، چۆن نەخنكای؟ فەتۆ گوتی ئاخر ئەو ساڵە وشكە ساڵی بوو دەریای ناوەڕاست وشكی كردبوو.

لە هەمووی سەیر تر ئەوە بوو ئاپۆرای خەڵك كەوتنە چەپڵەلێدان و ئافەرین كردن بۆی، هاواریان دەكرد "هاوار دەكەین تاك و كۆ، تۆ گەورەی ئێمەی فەتۆ"، دواتر هەر ئەو خەڵكە چوونە بەردەم ماڵی فەتۆ و بەردبارانیان كرد و پاشان لە مەملەكەت دەریان كرد.

  • 1