ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زۆرن ئەوانەی زۆر بەخۆیانەوە ماندووبوونە، بۆ بیناکردنی کەسایەتی خۆیان هیلاکی و دەردەسەری و ئاوارەیی زۆریان بینیوە، لە پێناو جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانی و نەتەواتییەکان ڕێگای شاخ و خەباتی پێشمەرگایەتیان گرتۆتەبەر، چی وزە و توانا و سامانی مەعنەوی دوژمنانی گەل و نیشتمان خستوویانەتە گەڕ، لەڕووی بیناکردنی کەسایەتی و فیکری و ڕۆشنبیری خۆشیان، بەردەوام خەریکی خوێندنەوەی کتێب و بابەتە فەلسەفی و فیکری و میتۆدییەکان بوون و بۆ ئەوەی لەسەر بنەمایەکی زانستی و عەقڵانی لە دیاردە و ڕووداوەکان تێبگەن و سەرپێیانە و ڕووکەشانە هەنگاو نەنێن، سەریان بەسەر دەیان کتێب و ڕووداوی مێژووییدا کردووە، هەر ئەو جۆرە مرۆڤانە وڵاتی خۆیان خۆشویستووە و بەوپەڕی دڵسۆزی و وەفاداری و بەرپرسیارانە هەموو ئەرکە نیشتمانی و نەتەوایەتی و سیاسییەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە، واتا هەر ئەوانەشن کە بەوێنەی پۆلێک تیشک تونێل و ڕاڕەوە تاریکەکانی ژیانیان ڕووناک کردۆتەوە و بوونەتە جڵەوکێشی سەرقافڵەی جوانی.

بەداخەوە ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئەو مرۆڤە دڵسۆز و زانا و ڕۆشنبیرانە لەلایەن میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کراونەتە ئامانج، بەردەوام ئەو کەناڵانە لە هەوڵی لە کەدارکردن و ڕووشاندنی کەسایەتی مەعنەوی و کۆمەڵایەتی ئەو جۆرە مرۆڤە ڕۆشنبیر و دڵسۆزانەن، ڕۆژ نییە تیری ژەنگاوی و ژەهراوی فەیسبووک و میدیا مرۆڤێکی لەو شێوەیە بریندار نەکات، ئێستا وڵات پڕبووە لەو فەعۆ و سەعۆ و تەعۆیانەی کە چاویان بەجوانی هەڵنایەت و بیست و چوار سەعات خەریکی بەخشینەوەی تۆمەت و بوختان و درۆن بۆ ئەوانەی جوانییان بەوێنەی خۆری ئاسمان و مانگی چواردە لە ئاسمانی ژیاندا دەدرەوشێتەوە.

بەداخەوە خەریکە وردە وردە سەردەمی جوانییەکان بەسەر دەچێت، خەریکە زرپۆ و قیتۆ و شەحتۆکان وردە وردە میراتی نالی و گۆران و خانی... تەفروتونا دەکەن، حەیف سەردەمی جوانییەکان بەسەرچوو.