ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قەدۆ خەڵكی گوندەكەی ئێمە بوو، تابڵێی ناحەزو چەتوون و ئێسك قورس بوو، لەو گوندەی ئێمە كەسی خۆشی نەدەویست و دانی خێر پێدا نەدەنا، ئاخر قەدۆ سەرو بینی زمانی قسە گۆتن بوو بە ئەم و ئەو، هەوڵی لێكترازان و چاندنی تۆوی دوو بەرەكی خەڵكی گوندی دەدا، قسەی خەراپی لە نێوان خەڵكدا دەهێناو دەبردو بەزیادەوە قسەی خۆشی دەخستەسەرو رۆژ نەبوو دوو كەس بەگژیەكتریدا نەكات، قەدۆ دوای تێكچوونی گوند دەستی لەگەڵ دەزگا نهێنییەكانی بەعسدا تێكەڵكردوو بوو بەكرێگیراو چاوساغیان، دوای راپەڕین قەدۆ بە ئاشكراو بە بەرچاوی خەڵكەوە داخ و حەسرەتی بۆ سەردەمی رژێمی سەدام دەخواست و دەیگووت عەمرێ‌ من سەدام، بابێ‌ بابم سەدام حەیف بۆتۆ؟ هەر ئەمەش قەدۆی والێكردبوو لە هەموو كۆڕو كۆبوونەوەكان و لە چالاكی مەدەنی و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك بەشداری بكات و بەردەوامیش بەهاویشتنی بەردو جنێودان و هاوار هاوار هەوڵی بەلارێدابردن و گۆڕینی چالاكی مەدەنی خەڵك بە ئاڕاستەی توندوو و تیژی كاری دەكرد.

دواتر لەسەر شاشەی تیڤییەكان و لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بەبیانووی گەندەڵی و نادادپەروەری بەراست و چەپدا قسەی دەكردو ئاگر لەدەمی دەباری، قەدۆ چونكە خەڵكی وەكو من نەیاندەناسی، بۆیە هەر زوو بووە كەسێكی دیارو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس هەر باسی قەدۆ بوو، هەر ئەو قەدۆیە لەهەر قسەكردن و نووسینێكدا پەلاماری ئەو رەمزو كەسایەتیانەی دەدا گەندەڵی و سیاسەت راینەماڵین و وێرانی نەكردوون، جۆرەها ناوو ناتۆرەی بۆ دادەتاشین، دواتر قەدۆ بە قادری قودرەت و سەدو هەشتا پلە بایدایەوەو لە (حزبی هەر من) وازی هێناو بوو بە ئەندام لە (حزبی دەبێت هەموو شتێك بە كەیفی من بێت) لەوێش یەكسەر سەركەوت و شوێنێكی هەستیاری وەرگرت، لە داوەتێكی كۆمەڵایەتیدا كەمنیش داوەت كرابووم و قەدۆش لەوێ‌ بوو یەكسەر قەدۆ رووی لە من كردو گوتی ئێوەی نوسەران و ئەهلی قەلەم، لە هیچ رازی نین و ئەم وڵاتەتان تێكداوە، وەڵاهی بەقسەی من بێت دەتانخەینە گونیەیەك و فڕێتان دەدەینە ئەو دیوی سنوور، گووتم قەدۆ قسەم پێ مەكە و با قسە نەكەم! ئاخر تۆ نە وەفادار بووی بۆ (حزبی هەر من) و نەسوودی سەلكە تورێكیشت دەبێت بۆ (حزبی دەبێت هەموو شتێك بە كەیفی من بێت) بەرپرسێكی گەورەی ئەو حزبەی قەدۆ چوو بووە ناوی، گوتی زیرەك شەڕی قەدۆ بەتۆ ناكرێت و بۆ منی لێگەڕێ‌!! نەمزانی مەبەستی چییە!! دواتر لەسەرو بەندی كۆتایی داوەتەكە بەرپرسەكە گوتی قەدۆ قەدۆ ئادەی میوانەكان خەریكی رۆیشتنن پێڵاوەكانیان بۆ دابنێ‌، قەدۆ بەناچاری پێڵاوی بۆ منیش دانا، هەڵبەت من دژی نەریتی پێڵاو دانانم، بەڵام نایشارمەوە كەیف خۆشبووم بەوەی قەدۆ پێڵاوی بۆ دانام.

  • 1