ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕەز و باغ و بێستان و هەنار و هەرمێ و تووتن و ترێی گوندەکەمان لەسەرانسەری وڵات دەنگی دابووەوە، تەنانەت بەشی زۆری سەرەبەندەکانی گۆرانی فۆلکلۆری وڵات پێدا هەڵگوتن بوو بە جوانی و تام و چێژی ئەو بەرهەمانەی دەڤەرەکەمان، بەس دوو کەس گوندەکەی ئێمەیان تێکدا، بابزانین چۆن!! وەیسە و حەمە دوو کەسی دیاری گوندەکەمان بوون و دەسەڵاتیشیان بەسەر سەرجەم دانیشتوواندا دەشکا، بەڵام بەدرێژایی مێژوو هەرگیز لەگەڵ یەکتری نەدەسازان و لەدیوەخان لەناو مزگەوت لەسەر شینایی و تەنانەت ڕۆژانی هەینی و جەژنیش ئەو وەیسە و حەمەیە بەردەوام خەریکی شەڕ و جێنودان بوون بە یەکتری، بەو پێیەی دەستڕۆیشتوو بوون، سەرەنجام تەواوی کانی و ئاو و گرد و تەپۆلکە و دەشت و دەری گوندی ئێمەیان لەنێوان خۆیان دابەشکرد، نەک هەر ئەمە بەڵکو لە ڕقی یەکتری دەستکاری ناوی میوە و شوێنە جوگرافییەکانی دەڤەرەکەیان کردبوو، بۆ نموونە حەمە لە ڕقی ئەوی وەیسە دەیگوت پرتەقاڵ ئەو دەیگوت فرتەقاڵ، وەیسە دەیگوت قوتابخانە حەمە دەیگوت خوێندنگە، حەمە دەیگوت ژن وەیسە دەیگوت ئافرەت، وەیسە دەیگوت ئەرزاق حەمە دەیگوت ئەزراق.

وەیسە و حەمە تاڵ وردە وردە بەساڵدا چوون خەریک بوو وزە و توانای شەڕیان نامێنێت، بەڵام دوای خۆیان دوو بەرەبابیان دروستکرد هاروهاجتر لەوان، ڕۆژانە بەردەبوونە گیانی یەکتری، ڕق و شەڕانگێزی ئەو دوو بەرەبابە بەرانبەر یەکتری بە ئەندازەیەک ترسناک بوو، وای کرد وەیسە و حەمە تاڵ لە بەرانبەر ئەو دوو خێڵە کە خۆیان پەروەردەیان کردبوو یەکبگرن، ڕۆژانە لە کۆبوونەوەدابوون چۆن خۆیان لەدەست ئەو هەموو چەقۆ بەدەست و شمشێروەشێنە ڕزگار بکەن، سەرەنجام ئەو دوو خێڵە سەیتەرەیان بەسەر گوندا کرد، ئەوەی وەیسە و حەمە تاڵ بەخەڵکی ئاوایان نەکردبوو ئەوان کردیان، بۆ نموونە خێڵی وەیسە نەریتێکی ڕاهێنا هەر کەسێک وەکو ئەوان بیری نەکردبایەوە دەیانگوت سیخوڕە، خائینە خۆفرۆشە، هەر کەسێکیش تەنانەت لە ئەندامانی خێڵەکەشیان وەکو ئەوان بیری نەکردبایەوە لەشوێنی دەست بەئاو گەیاندن و ژووری نووستن کامێرای چاودێریان بۆ دادەنا و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەیان لێ دەکرد.

سەرەنجام لەژێر ڕەمبازی و تەپ و تۆزی نەوەکانی وەیسە و حەمە شیرازەی گوندەکەمان لەهەموو ڕوویەکەوە تێکچوو، هەڵکوتانە سەر یەکتری و تەق و تۆقی شەوانە وای لەدانیشتووان کرد خۆزگە بە سەردەمی دکتاتۆریەک بخوازن، ئەو دۆخە دەرفەتی ڕەخساند بۆ دوژمنانی گوندەکەمان و ئەوەبوو لە نیوەشەوێکی تاریکدا هێرشیانکردە سەر گوندەکەمان و داگیریان کرد، خەڵکی داماوی گوندەکەشمان ئەوەی گیرا گیرا ئەوەی کوژرا کوژرا ئەوەی تر ڕای کرد، لەهەمووی سەیرتر بۆ ڕۆژی دواتر وەیسە و حەمە و ئەو خەڵکەی خۆیان دروستیان کردبوو، بوونە چەکدار و پیاوی ئەوانەی گوندەکەمانیان داگیرکرد.

  • 1